10 كەس لە ئەندامانی دوو خێزان لە روداوێكی هاتوچۆدا لە رێگای نێوان هەردوو پارێزگای كەركوك - سەڵاحەدین گیانیانلەدەستدا.
روداوەكە دواینوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 4ی كانونی یەكەم، لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت (لاندکرۆزەر و توێتا بیکاشو) رویدا، بەهۆیەوە 10 كەس لە سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەكە گیانیانلەدەستدا كە ئەندامی دوو خێزانن، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی هاتوچۆی تكریت بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "پیاو، ژن و منداڵ لەنێو قوربانییەكاندان... جگە لە دوو كەسیان كە لە نەخۆشخانە گیانیانلەدەستداوە، ئەوانی تر هەر لە شوێنی روداوەكە مردون".
روداوەكە بەپێی سەرچاوەكە، بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە، هۆكارێكی تریش "ئەوەیە كە لەو شوێنەی روداوەكەی لێ بووە، رێگاكە یەك سایدە".
پێنجشەممەی رابردوش 2ی كانونی یەكەم، لە دوو روداوی ھاتوچۆدا لە هەردوو قەزای داقوق و دوزخورماتوو، دوو کەس گیانیانلەدەستدا و شەشی تر برینداربون.
ئەوەش دوای تەنیا چوار رۆژ هات لە روداوێكی تری هاتوچۆ لە نێوان كەركوك و هەولێر كە بەهۆیەوە سێ كەس گیانیانلەدەستداو دوو كەسی تر برینداربون، بەپێی راگەیاندنی هاتوچۆی كەركوك.
بەگشتی رێگای نێوان كەركوك – دوزخورماتوو، كە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان بە بەغدا دەبەستێتەوە، یەكێكە لەو رێگایانەی بەردەوام بۆتە جێی ناڕەزایی شۆفێران و مانگانە چەندین روداوی هاتوچۆی لێ رودەدات، بەشێوەیەك شۆفێران بە "رێگای مەرگ" ناوی دەبەن.
حەسەن زەینلعابدین، قایمقامی قەزای دوزخورماتوو – سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین-، مانگی شوباتی ئەمساڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو رێگایانە خراپن كە دەكەوێتە سنوری قەزاكەی ئێمەوە، نە ئیدارەی كەركوك و نە سەڵاحەدین بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین رێگاكان نۆژەنبكەنەوە".