ئاسایشی سلێمانی دوای سێ رۆژ وێنەی دوو هاوڵاتی وەكو تۆمەتباری سەرەكی بكوژی نەقیب محەمەد و برینداركردنی سێ پۆلیسی تر بڵاودەكاتەوە و داوای هاوكاری دەكات بۆ دۆزینەوەیان، ئەو درەنگكەوتنە و پێنەدانی هیچ رونكردنەوەیەك لەسەر روداوەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە كەسوكارەكەی، گومانی دروستكردووە و ترس هەیە تەقەكەرەكان لە یاسا دەربازبكرێن.
نەقیب محەمەد لەتیف، لە 4ی كانونی یەكەمی 2021دا لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك وه‌ك ئەفسەرێک له‌سه‌ر به‌رگریكردن له ژنێك گیانیسپارد. ئەو خێزانە بریندارە خوازیارن بكوژان سزای ئەو زوڵمە وەربگرن.
زوو زوو به دەسڕەکەی ده‌ستی فرمێسكەكانی ده‌سڕێت، ناو به‌ناو گریان قسەكانی پێده‌بڕێت، "حەمەی برام زۆر مرۆڤدۆست بوو، شایەنی ئەمە نەبوو، ئەو فیشەكانەی بە ناحەق پێوەنراوە". شیراز لەتیف، یەكەم كەس بوو لەلایەن دایكیەوە راسپێردراوە سۆراغی هەواڵی "نەخۆشكەوتن"ی نەقیب محەمەد لەتیف-ی برای بكات.
دوای چوار رۆژ شیراز و ئەندامانی دیكەی خێزانەكە، شۆكی لە دەستدانی كوڕە "خۆشەویستەكەی" نێو خێزانەكە بەرینەداون. نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری مافپەروەر، دەرچوی كۆلێژی یاسا بوو، كچێكی هەیە و هاوسەرەكەشی دووگیانە، لە بنكەی خۆرهەڵاتی بەڕێوەبەرێتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی دەوامی كردووە.
كاتژمێر نزیكەی 7:30 خولەكی ئێوارەی یەكشەممە 4ی كانونی یەكەم، نەقیب محەمەد لەتیف سه‌رپه‌رشتی تیمێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ده‌كات بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بەناوی یوسف پشتیوان كە لەلایەن دادوەرەوە ماوەی 10 رۆژ بوو بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو بوو، به تۆمه‌تی ئازار گه‌یاندن به هاوسه‌ره‌كه‌ی، هه‌ر كه ده‌گه‌نه تانجه‌رۆ نزیك ماڵی تۆمه‌تباره‌كه ده‌درێنه به‌ر ده‌ستدڕێژی گولـله.
سەرەتای روداوەكە؟
ره‌وشی ناو خێزانه‌كه هه‌روه‌ك رۆژانی دیكه ئاسایی بووه، له پڕ ته‌له‌فۆنێك ئارامییهكه تێكده‌دات، "دایكم تەلەفۆنی كرد وتی كوڕێك هاتووە بە ماڵە دراوسێكەمانی وتووە ئەمەیە ماڵی نەقیب محەمەد، ئەویش وتویەتی نا ئه‌وه‌ی ته‌نیشتمانه، كوڕەكە وتویەتی بڕۆ پێیان بڵێ نەقیب محەمەدی كوڕیان نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیە" دایكی نه‌قیب محه‌مه‌د به ته‌له‌فۆن ئه‌مه به شیرازی كچی ده‌ڵێت.
"دایكم سەری سوڕمابوو كە وتویانە حەمە نەخۆشە، چونكە سەعاتێك پێش ئەوە قسەی لەگەڵ كردبوو، وتبووی یەك دوو كێشەیەك هەبووە حەلمان كردوە و ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی دانیشتووم"، شیراز وتی "منیش تەلەفۆنم بۆ مۆبایلەكەی حەمە و بەڕێوەبەرایەتییەكەی كرد، هیچیان وەڵامیان نەبوو، ئیتر كە وەڵامیان نەبوو، من نەمدەزانی بۆ كام نەخۆشخانە بڕۆم، شار، یان جامیعەكە یان شۆڕش، سەرم لێشێوابوو.
پەیوەندیم بە هاوسەرەكەمەوە كرد و ئەو چوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی، وتم چی بووە وتی جارێ هیچ دیارنییە". لەوكاتەدا هاوسەرەكەی نه‌قیب محه‌مه‌د پەیوەندی به شیرازه‌وه ده‌كات و "وتی شیراز خان، هاوڕێكانی حەمە تەلەفۆنیان كرد و وتیان حەمە بریندارە".
دوای ته‌له‌فۆنه‌كه، شیراز له‌گه‌ڵ هاوسەرەكەی روو له نەخۆشخانەی شۆڕش ده‌كه‌ن، "من چوم نەیانكردمە ژورەوە، بەرپرسەكانی خۆی لەوێ بون، زۆر پاڕامەوە نەیانكردمە ژوورە، وتیان گولـلە بەر قاچی كەوتووە، بڕۆ ژورەوە كە چومە ژورەوە وتم خوشكی نەقیب محەمەدم لەوێ وتیان بەداخەوە خوای عەفوی بكات، وتم بۆ چی بووە، وتیان بڕۆن بۆ پزیشكی داد". شیرازی هه‌نسكی ده‌دا، "ئیتر بەوشێوەیە زانیم غەدرێكی دیكەمان لێكراوە، ئەمە دووەمجارە، ئیتر پێش ئەوەی بگەمە پزیشكی داد هێنایانەوە بۆ مزگەوتەكەی لای ماڵی خۆمان، لەسەر نەقالەكە بوو".
كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز
كێشه‌ی نێوان ژن و پیاو، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه، نه‌قیب محه‌مه‌د دوای په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی هاوسه‌ری یوسف پشتیوان، به ده‌م ژنه‌كه‌وه ده‌چن.
یوسف پشتیوان، ماڵی له تانجه‌رۆ بووه، چه‌ند جارێك ئازاری به ژنه‌كه‌ی گه‌یاندووه و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه بۆ ده‌رچووە و خۆی رادهستنهكردووه، ئێواره‌ی روداوه‌كه جارێكی دیكه ده‌مه‌قاڵێیان بووە.
هاوسەرەكەی یوسف په‌یوه‌ندی به پۆلیسه‌وه ده‌كات و ناونیشانه‌كه‌یان پێده‌دات، یوسف و پشتیوانی باوكی به پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەزانن، خۆیان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌فره‌زه‌كه ئاماده ده‌كه‌ن.
سه‌ركه‌وت عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەم پیاوە ماوەی 10 رۆژ بوو فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە". وتیش، ی"مه‌فره‌زه‌كه‌ی ئێمه، بەرلەوەی لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزن، تەقەیان لێكراوە، مەفرەزەكەمان پێنج كەس بون".
خێزانه‌كه گومانیان هه‌یه
خێزانی نه‌قیب محه‌مه‌د، گله‌یی له پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی ته‌نیا شه‌وی روداوه‌كه قسه‌یان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌قیب محه‌مه‌د كردوه و هیچی تر و دەڵێت كه‌سی دیكه‌ی نه‌چووه بۆ لایان.
دەشنێ عوسمان، پارێزه‌ره و پورزای نەقیب محەمەد، وه‌ك خۆشی ده‌ڵێت "برای شیریشمه" وتی "چوار رۆژە لێرەین هیچ كەس نەهاتووە بۆ لامان. زۆر نیشانەی پرسیار لای ئێمە هەیە، ئەم كێشەیە هی ئەوە نەبووە مەفرەزەیەكی بچوك بڕۆن بۆی، چونكە پیاوەكە پێشینەی تاوانی هەبووە و مەسەلەی شەرەفیش بووە، چۆن مەفرەزەیەكی بچوك بەو كاتە درەنگە دەنێردرێت بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێك".
ده‌شنێ عوسمان، جه‌ختیكرده‌وه نیشانەیەكی تری پرسیار، بۆ ئەوان ئەوەیە، بۆچی پۆلیس هیچ رونكردنەوەیەكی تر نادەن، "روداوەكە چۆن بووە، چۆن هێزێكی گەورەیان نه‌ناردووه؟".
له‌باره‌ی گومانه‌كانه‌وه، سه‌ركه‌وت عومه‌ر قسه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه، ئه‌و وتی "كەیسەكانی لای ئێمە كێشەی توندوتیژی خێزانییە، كەیسی گرتنی بكوژێك یان بازرگانێكی مادەهۆشبەرەكان نییە، تاوەكو پێویست بكات هێزی گەورە بنێرین بۆ دەستگیركردنی، چەندین ساڵە هەر بەو شێوەیە ئیش دەكەین".
"ئەوانەی بەپێی ماددەی ژمارە حەوتی یاسای خێزانی، فەرمانی گرتنیان هەیە هەمیشە بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانیاندا دەكەین، بۆ ئەوەی حەساسیەت دروست نەبێت و نەبینەهۆی گەورەكردنی كێشەكان"، سه‌ركه‌وت عومه‌ر وای وت. ماددەی حەوت لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عیراق، لێدان و سوكایەتیی و هەڕەشەو شەڕی ناو خێزانەكان دەگرێتەوە.
تۆمه‌تباران هه‌ڵاتون
ئاسایشی سلێمانی، سێشه‌ممه 7ی كانونی یەكەم، وێنه‌ی كوڕ و باوكێكی بڵاوكردەوە، ئەوانیش یوسف پشتیوان و پشتیوان عه‌لی، وه‌ك تۆمه‌تبار سه‌ره‌كی كوشتنی نه‌قیب محه‌مه‌د و برینداركردنی سێ پۆلیسی ناوی هێنان و بە هەڵاتوو ناوی بردن.
ئاسایش داوای زانیاری كردبوو له هاوڵاتیان، هه‌رچه‌نده زانیاری هه‌یه كه تۆمه‌تباره‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی سه‌ربازی له ناوچه‌ی عه‌ربه‌ت داڵده‌درابن و دواتر برابێتنه ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام (كه‌ركوك ناو) ئه‌م زانیارییه‌ی بۆ پشتڕاستنهكرایهوه.
پۆلیس جگه له راگه‌یه‌ندراوێك كه تێیدا هه‌واڵی كوژرانه‌كه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه، تائیستا هیچ لێدوانێكی نه‌داوه، به‌ڵام سه‌ركه‌وت عومه‌ر وتی "ئێستا پۆلیس سەرقاڵی کاری پێویستە بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانە".
له‌باره‌ی ده‌نگۆی چونه‌وه ده‌ره‌وه‌ی بكوژەكان، سه‌ركه‌وت عومه‌ر وتی "ئەمانە کە لە شوێنی خۆیان دەستگیرنەکراون، واتە هەڵهاتون و رایانکردووە، کە رایانکردووە بۆ دەرەوە، یان کێیان لە پشتەوەیە؟ یاخود کێ تەداخولی کردووە؟ هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیە لەبەردەستی مندا نییە".
كوژرانی نه‌قیب محه‌مه‌د، یه‌كه‌م حاڵه‌تی كوژرانی كارمه‌ندێكی حكومه‌ته له‌سه‌روبه‌ندی به‌رگریكردن له ژنێكدا.
به‌هار مونزیر، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان، به كه‌ركوك ناوی وت "به‌ڵێ وایه... كاكه حه‌مه ده‌بێته یه‌كه‌م پیاو كه له پێناو به‌رگریكردن و رزگاركردنی ژیانی ژنێكدا، گیانی سپاردبێت".
سەركەوت عومەر، پشتیوانی له قسه‌كانی به‌هار مونزیر كرد وتی "ده‌كرێت كاكە حەمە وەكو یەكەم شەهیدی داكۆكی لە مافی ژن و ئاسایشی خێزان دەكرێت باسی بكەین".
رۆژی دوای روداوەكە، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە راگەیەنراوێكدا، داوایانكرد بەزوترین کات تۆمەتبارانی ئەو دۆسێیە و دۆسێکانی هاوشیوە سزابدرێن و رێگە نەدرێن لە یاسا دەربازیان ببێت، بەڵام دوای دوو رۆژ لەو داواكارییە ئاسایش وێنەی تۆمەتبارانی بڵاوكردەوە.
هەمان رۆژ کوردۆ عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، جەختیكردەوە "ئێمە داواکارین ئەو تۆمەتبارە بە سزای خۆی بگات، بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتیش بەڵینیداوە بە بەزوترین کات رێوشوێنی پێویست بۆ دەستگیرکردنی بگیرێتەبەر".
شیراز، خوشكی نه‌قیب محه‌مه‌د، جه‌ختی له ئینساندۆستی، عاقڵی و دڵسۆزی براكه‌ی كرده‌وه بۆ كارەكەی، "با ئەو تاوانبارانە دەستگیر بكەن، با سزای ئەو غەدرە وەربگرن كە لە حەمە كراوە".
ده‌نگی تێكه‌ڵاوی گریان بوو، وتی "با ئەو خوێنە بەفیڕۆ نەڕوات".