بێسەروشوێنانى نەینەوا؛ دۆسیەیەك بەرگەی دواخستن ناگرێت

نەینەوا/ ئەیلولی 2018/ دەروازەیەكی چونە ناو شاری موسڵ فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد فەیاز

سوفيان نعێمی (34 ساڵ) روبەڕوی چارەنوسی خۆی دەبێتەوە، كاتێك لە ماڵی خاڵی شەوی بەسەردا دێت، لەو شەوەدا گوێی لە ژاوەژاوی ئۆتۆمبێل و دەنگی خەڵك دەبێت لە نزیك گرتوخانەیەك كە سەدان چەكداری حوكمدراوی داعشی تێدایە، لە نیوەشەویشدا دەردەكەوێت موسڵ كەوتۆتە دەستی داعش، گرتوخانەكە شكێنراوە و پاسەوانەكان هەڵاتون.

سوفیان هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام ناتوانێت، چونكە چەكدارەكان رێگاكانیان داخستووە، بازگەی پشكنینیان داناوە و بە هەموو لایەكدا تەقە دەكەن.

هەرچەندە خاڵی رێگری دەكات؛ بەڵام سوفیان سورە لەسەر رۆیشتن و گەڕانەوە بۆ لای خێزانەكەی، كاتێك رێگەی ماڵەوە دەگرێتەبەر دەكەوێتە دەستی داعش، دەیخەنە ناو سنوقی دواوەی ئۆتۆمبێل و بەرەو شوێنیكی نادیاری دەبەن، لەوكاتەشەوە چارەنوسی نادیارە.

تائێستا دۆسیەی بێسەروشوێنانی نەینەوا، كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین ئاماژەن بۆ خراپی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، كە بەپێی ئامارەكان هەشت بۆ 10 هەزار سكاڵا دەربارەی رفێنراوان و بێسەروشوێنان لەلایەن كەسوكاریانەوە تۆماركراون.

سەرباری هەوڵی هەندێك لایەن و پەرلەمانتار و چالاكوان ئەو سەركردانەی نوێنەرایەتی ئەو توێژە دەكەن بۆ گەیشتن بە وەڵامێك لە بارەی چارەنوسی بێسەروشوێنانەوە، بەڵام هیچ بەرهەمێكی نەبووە، چونكە لایەنە ئەمنیی و حكومیی و چەكدارییەكانیش هاوكار نەبون.

خێزانی خاڵی سوفیان دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە 2017ـدا هەوڵیاندا لە تۆماری بێسەروشوێنان و گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا كە هەڵدراونەتەوە لەنێویاندا چاڵی خەسفە بەدوایدا بگەڕێن كە داعش تەرمی قوربانیانی تێدەكرد، لەوەشدا هەر هیچ ئومێدێكیان دەستنەكەوت.

هەشت بۆ نۆ هەزار بێسەروشوێن لە نەینەوا هەن

تۆماری بێسەروشوێنان ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە بەهەر هۆكارێك بووە دیارنەماون و یان بەشێكیان تۆمەتی تا تیرۆر و داواكراویان خراوەتەپاڵ، وەك كەسوكاریان دەڵێن.

خێزانەكەی سوفیان لە دوای شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی نەینەوا، رویانكردە دەزگای شەهیدان و پێشتریش بۆ رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە نەینەوا، لەوێ پێیانوتراوە ناوی بێسەروشوێنانیان لایە و دەتوانن قەرەبوو وەربگرن هەركات بودجە بۆ ئەو دۆسیەیە تەرخانكرا.

سامی فەیسەڵ، سەرۆكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەبارەت بە نەینەوا، لە ساڵانی 2014 تا 2017 خەڵكێكی زۆر دەستگیركراون، بەپێی ئامارەكانی ئێمە هەشت بۆ نۆ هەزار كەس دەبن لە هەموو پێكهاتەكان، لەوانەش ئێزیدییەكان كە ژمارەیان سێ هەزار و 422 كەسە لە نێویاندا ژنان و منداڵان".

"بێسەروشوێن هەیە هیچ لەبارەی چارەنوسیانەوە نازانین، دوای هەڵاتن لە داعش، لایەنی نەناسراو دەستگیریانكردون كاتێك ویستویانە نەینەوا بەهۆی داعشەوە بەجێبهێڵن، ئەوانە ناو و دۆسیەكانیان تۆماركراون" بەوتەی سامی.

داعش لە حوزەیرانی 2014دا دەستیگرت بەسەر نەینەوادا و لە ئابی 2017ـدا تەواوی پارێزگاكە كۆنتڕۆڵكرایەوە.

mosilll-1
نەینەوا/ 2019/ موسڵی كۆن لەسەر روباری دیجلە فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەحمەد، یەكێكە لە قوربانیانی دەستی داعش، دەڵێت لەكاتی شەڕی موسڵدا فیشەك بەر قاچی كەوتووە، بە دیاریكراوی لە ئاداری 2017ـدا، "ئەوەش لەكاتی هەڵاتنمدا بوو بۆ لای خێزانەكەم لە بەری هێزە ئەمنییەكانی عیراق، بەڵام چەكدارێكی قەناسی داعش دوامانكەوت و تەقەی كرد" بەوتەی ناوبراو بۆ (كەركوك ناو).

هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە 4ـی تەمموزی 2017دا، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكە، هێزە ئەمنییەكانی عیراق داوایانكردووە "خێزانەكەم و محەمەدی برام و كوڕەكەی لە فەرعەكانی ئەو ناوچەیە هەوڵی دەرچون بدەن، ئاگایان لەوە نەبووە داعش ناوچەكەی بۆمبڕێژ كردووە، بۆیە پێیاندا تەقییەوە و بەهۆیەوە خاڵۆژنم و كوڕەكەی، هاوسەری خاڵۆزاكەم، براكەم و كوڕەكەیشی بونە قوربانی، برازاكەیشم قاچی بڕدرایەوە".

ئەحمەد وتی هێشتا برایەكی لەناو بێسەروشوێناندایە، پێیانوتون تەرمی براكەی سێ رۆژ لە شەقامەكاندا ماوەتەوە و بینراوە، بەڵام ئەو باوەڕ ناكات، چونكە تەرمەكەی نەدۆزیوەتەوە كاتێك هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو ناوچەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی.

لیستی بێسەروشوێنان سەدان توركمانی تێدایە، بەپێی قسەی رفێنراوێكی رزگاربوی توركمانی بۆ (كەركوك ناو)، ژمارەی بێسەروشوێنانی قەزای تەلەعفەر دەوروبەری هەزار و 300 كەسن، ئەوەش ئامارێكە پشتی بە زانیاری كەسوكاریان بەستووە كاتێك بۆ قەزاكە گەڕاونەتەوە.

عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق سەبارەت بە ئاماری بێسەروشوێنانی عەرەبی سونە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ژمارەیان لە نێوان شەش بۆ هەشت هەزار بێسەروشوێندایە"، سەدان كەسیش لە گرتوخانەكاندا دۆزراونەتەوە كە تۆمەتی جیاوازیان روبەڕوكراوەتەوە لە نێویاندا تۆمەتی تیرۆر.

دەبێت چارەسەری یاسایی بۆ كێشەی بێسەروشوێنان بدۆزرێتەوە

"سەرباری ئەوەی عیراق رێككەوتننامەیەكی واژۆ كردووە بۆ رێگری لە بێسەروشوێنكردنی بە زۆر و ناچاركراو، بەڵام هیچ یاسایەكمان نییە لایەنی پەیوەندیدار پابەند بكات بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە" بەوتەی بەیاتی.

هەروەها جەختیكردەوە پێویستە لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو سكاڵایانە بكرێت كە دەربارەی بێسەروشوێنكردنی ناچاری هەن و فەرمانبەرانی دەسەڵات بە تۆمەتی بێسەروشوێنكردنی هاوڵاتیان روبەڕوی لێپرسینەوە بكرێنەوە، هەر كەسێك لەو دۆسیەیەدا تۆمەتبارە حەسانەی لەسەر هەڵبگیرێت، كەسوكاری بێسەروشوێنان و قوربانیان قەرەبوو بكرێنەوە و دەوڵەت بە رەسمی لەو تاوانەی بەرانبەر كەسەكانیان كراوە ئاگاداریان بكاتەوە".

لێپرسراوەكەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت ئەركی پەرلەمانی داهاتووە یاسایەك لەوبارەیەوە دەربكات، سیاسەتێكی نیشتمانی بۆ جێبەجێكردنی یاسا و گەڕانەوەی ماف و یەكسانی بۆ قوربانیان دابڕێژێت.

بەیاتی وتی "كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ سەربەخۆیانە و وەك بەشێك لە دەستەیەكی نیشتمانی پێكهێنراو بە فەرمانی دیوانی 46 كاری لە دۆسیەی بێسەروشوێناندا كردووە لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكاندا".

قەرەبوكردنەوەی كەسوكاری بێسەروشوێنان لە دۆسیە سەرەكییەكانە و (كەركوك ناو) هەوڵیدا زیاتر بەدوای ئەو دۆسیەیەدا بڕوات، لە محەمەد عەكلە، بەڕێوەبەری قەرەبوكردنەوەی نەینەوای پرسی، بەڵام ئەو وتی "ئەو بابەتە ئاڵۆزە و وردەكاری زۆری تێدایە كە پێویستی بە رونكردنەوە هەیە".

mosil-1
نەینەوا/ 2018/ ناوچەی گەشتیاری غابات لەسەر روباری دیجلە لەبەری چەپی موسڵ فۆتۆ: كەركوك ناو

حەیدەر زاڵمی، پسپۆڕی یاسایی بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەبێت چارەسەری یاسایی بۆ كێشەی بێسەروشوێنان بدۆزرێتەوە، لەڕێی پێكهێنانی لیژنەیەكی حكومی لە وەزارەتی داد، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی كۆچبەران كە وردبینی بۆ ناوی بێسەروشوێنان بكەن و بە ئامانجی قەرەبوكردنەوەی دادپەروەرانە و دەركردنی بەڵگەنامەی مردن تۆماربكرێن".

"دەستور دەوڵەتی پابەند كردووە بە پاراستنی ژیانی تاك و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی ئارام، لەكاتێكیشدا كە بەهۆی هەڵەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و شەڕەوە توشی هەر زیانێك ببنەوە بەرپرسیارێتی دەوڵەتە لێكۆڵینەوە بكات".

زاڵمی دەڵێت دۆسیەی بێسەروشوێنان لەگەڵ دۆسیەی كوژراوانی داعش و چەكدارانی بیانی و عیراقی تێكەڵ بووە، بەبێ چارەسەری یاسایی راستەقینە ماونەتەوە، لەكاتێكدا بنەمایەكی یاسایی دەستوری بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەیە.

دۆزینەوەی سوفیان وەك خەونێكی خێزانەكەی ماوەتەوە، بە تایبەت دایكی، كە بە ماوەیەك دواتر و بەهۆی دابڕانی لە كوڕەكەیەوە گیانیلەدەستدا.

چارەنوسی بێسەروشوێنان پەیوەستە بە ئیرادەی ئەوانەی كار بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان دەكەن، رەنگە قەیرانی زۆری لێبكەوێتەوە و كێشە نەك لە نەینەوا بەڵكو لە هەموو پارێزگاكانیشدا دروستبكات، ئەگەر حكومەت و دەسەڵاتی یاسادانان هەوڵەكانیان بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنان و قەرەبوی خێزانەكانیان چڕنەكەنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT