دەیان دەرچوی زانكۆ و پەیمانگە لە دوزخورماتوو، لە گردبونەوەیەكدا داوای دامەزراندنیان بە هەمیشەیی یان وەكو وانەبێژ لە خوێندنگەكاندا دەكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە بەوتەی بەڕێوەبەری پەروەردە پێویستیان بە توانای ئەو گەنجانە هەیە بەڵام رەزامەندی حكومەتیان نییە تا وەریانبگرن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 12ـی كانونی یەكەمی 2021، دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە بەردەم پەروەردەی دوزخورماتوو هەڕەشەی مانگرتن و ناڕەزایی بەردەوامیان كرد، ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێنەكرێت.
"سێ ساڵە زانكۆم تەواو كردووە و دانەمەزراوم، لەوكاتەوە بێكار لە ماڵەوەم، بۆیە داواكارین حكومەت بە وانەبێژ دامانبمەزرێنێت" عەبدولرەحمان محەمەد وای وت.
ناوبراو كە زمانی عەرەبی تەواو كردووە و دەڵێت لەنێو دەرچواندا هەیە زیاتر لە پێنج ساڵە خوێندنی تەواو كردووە و چاوەڕێی دامەزراندن دەكات، عەبدولرەحمان محەمەد بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەرچوانی هەموو پێكهاتەكانی دوزخورماتوو ئەمڕۆ لە گردبونەوەكەدا بەشداربون".
گردبونەوەی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان دوای چەند كاتژمێرێك كۆتاییهات، بەهۆی بەڵێنی دامەزراندنیانەوە وەك وانەبێژ.
ڤیدیۆ: 12ـی كانونی یەكەمی 2021/ گردبونەوەی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەبەردەم پەروەردەی دوزخورماتوو بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی یان وەك وانەبێژ
ماهر جومعە، یەكێك لە بەشداربوانی گردبونەوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "لێپرسراوانی پەروەردە وتیان نوسراو ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵی كردووە بۆ دامەزراندن وانەبێژ و پێویستە چاوەڕێی وەڵامی ئەوان بكەین"، ماهر چوار ساڵە زانكۆی تەواو كردووە، برایەكیشی بە هەمانشێوە چاوەڕێی دامەزراندن و پێكەوە لە گردبونەوەكەدا بەشداربون.
لە قەزای دوزخورماتوو زیاتر لە 300 خوێندنگە هەن و زۆرینەشیان كێشەی كەمی مامۆستایان هەیە.
حاتەم كەریم حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە هەر خوێندنگەیەكی دوزخورماتوو پێویستمان بە پێنج دەرچوی زانكۆ و پەیمانگە هەیە وەك وانەبێژ، بە تایبەتی دەرچوانی بەشەكانی ئینگلیزی و بیركاری".
هەروەها وتی بەڵێنیان بە نوێنەری دەرچوان داوە بەدواداچون بۆ دۆسیەكەیان بكەن، بەوپێیەی بە نوسراو ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كراوە و چاوەڕێی وەڵام دەكەن، "ئەگەر وەڵامنەدرێینەوە ئەوا ئێمە هیچ دەسەڵاتێكمان نییە تا ئەوان دابمەزرێنین".
حاتەم كەریم دەڵێت پێشتریش نوسراویان ئاراستەی پەروەردەی سەڵاحەدین كردووە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی یان گرێبەستیی وانەبێژ بۆ خوێندنگەكان، "ئێستا چاوەڕێی ساڵی نوێ دەكەین، بەڵێندراوە لەو ساڵەدا دەرچوان وەك وانەبێژ دابمەزرێنرێن".
حكومەتی فیدراڵی ساڵانە بەپێی یاسای بودجە دەرگای دامەزراندنی هەمیشەیی یاخود گرێبەست و كاتی بەروی دەرچواندا دەكاتەوە كە ئێستاش بەهۆی پەسەندنەكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەوە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە هێشتا وادەی دەستپێكردنی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی نوێ نادیارە كە پێویستە گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بكەن و دەنگی لەسەر بدەن.