دوكاندارانی قەیسەریی كەركوك نیگەرانن
كۆمپانیایەكی ئەمنی لە بەرامبەر پاراستنی بازاڕێك مانگانە پارەیان لێوەردەگرێت

كه‌ركوك، 2020، یه‌كێك له‌ حه‌وت ده‌رگا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ریی دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گۆران بابان - كەركوك

كۆمپانیایەكی ئەمنی مانگانە لە نێوان 10 بۆ 30 هەزار دینار لە هەر دوكاندارێكی بازاڕی قەیسەریی كەركوك وەردەگرێت، ئەوەش لە بەرامبەر پاراستنی دوكانەكانیان لە سوتان و دزیكردن هەر روداوێكی تر. بەڵام دوكاندارەكان ناڕازین.

ئەو كۆمپانیایە، مۆڵەتی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك وەرگرتووە و ئیدارەی پارێزگای كەركوكیش پەسەندی كردووە.

رەنجبەر رەحمان، لەو بازاڕە دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگی هەیە، وتی پێشتر مانگانە بڕی 25 هەزار دیناری دەدا، بەڵام لە ئێستادا، مانگانە 10 هەزار دینار بە كۆمپانیاكە دەدەن.

"وەكو كۆمپانیای ئەمنی خۆیان دەناسێنن، چەندینجار روبەڕو پێمانوتون پارەتان نادەینێ و دەمەقاڵی دروستبووە، سەرەتا 25 هەزار دینارم پێدەدان، ئێستا بۆتە 10 هەزار... ئەوەی ئێمەی نیگەرانكردووە و گومانمان لێی هەیە ئەوەیە كاتێك پارەكەمان لێوەردەگرن هیچ جۆرە وەسڵێكمان پێنادەن"، رەنجبەر سەرەڕای ئەو تێبینییانە وتی "بەڵام بە كردار بازاڕەكەیان پاراستووە".

قەیسەریی كەركوك لە ناوەندی شار، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیكه‌م 220 دوكان بە ته‌واوی سوتان، هەر ئەوكات  "لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکی ره‌جەب تەیب ئەردۆگان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئەركی نۆژەنكردنەوەی گرتەئەستۆ، ئەوەش دوای سەردانێكی فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیا هات بۆ كه‌ركوك.

لە دوای نۆژەنكردنەوە و رادەستكردنی دوكانەكان بە خاوەنەكانیان، ئەو كۆمپانیا ئەمنییە ئەركی پاراستنی بازاڕەكەی لە ئەستۆ گرتووە.

دوكاندارەكانی بازاڕەكە، تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان. چەند جارێك گردبونەوەی ناڕەزاییان بەرامبەر بەو كۆمپانیایە دەربڕیوە و دژی ئەوەن مانگانە پارەیان پێبدەن.

bazar-1
كه‌ركوك، ئاداری 2020، بازاڕی قه‌یسه‌ریی كه‌ركوك دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەرکان عوسمان، لەو بازاڕە پێداویستی جوانكاریی دەفرۆشێت، وتی "پێدانی پارەكە بەو كۆمپانیایە بەپێی روبەڕوی زەوییەكەیەتی... من مانگانە 30 هەزار دینار دەدەم... من پارەیان پێدەدەم چونكە بەڕاستی ترسم هەیە جارێكی تر دوكانەكەم بسوتێت... بەڵام لە راستیدا دەبوو ئەوە ئەركی حكومەت بوایە".

مێژوی قەیسەریی كه‌ركوك بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دەگەڕێتەوە و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌  بنیاتنراوه‌، ساڵی 1983 بۆیەكەمجار نۆژە‌نكراوه‌ته‌وە.

قەیسەرییەكە له‌ 232 دوكان پێكدێت و  حه‌وت ده‌رگای هەیە.

عەلی حومادی، یاریدەدەری پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە کۆمپانیایەكی ئەمنییە، هەموو رێکارە فەرمییەکانیان بۆ ئەنجامدراوە و مۆڵەتی یاسایی كاركردنیان هەیە و لەلایەن ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوکەوە رێپێدراون".

وتیشی "ئەركی سەرەكی ئەو كۆمپانیایە پاراستنی بازاڕەكەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT