رێكخراوەكانی بواری ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك هەوڵێكی هاوبەشیان دەستپێكردووە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە نێو باخچەی خوێندنگەكان بۆ ئەو مەبەستەش نەمام بەسەر خوێندنگەكاندا دابەشدەكەن.
ئەو هەوڵە كە لە ساڵی رابردوەوە دەستیپێكردووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو داخستنی خوێندنگەكان نەتوانرا بە باشی جێبەجێبكرێت، لە ئێستادا دەستیانكردووە بە رواندنی نەمام.
کەمال شەریف، بەڕێوەبەرى خوێندنگەى گەلاوێژ لە گەڕەکى شۆراو، دەڵێت رێژەی سەوزایی لە باخچەی خوێندنگەكەیان زۆر كەمبووە، بۆیە ئەو هەوڵەی بە گرنگ زانی.
لە خوێندنگەی گەلاوێژ دوو باخچەی هەیە، بەڵام تەنیا چەند نەمامێكی كەمی تیابوو، بەرلەوەی هەڵمەتەكە بگاتە خوێندنگەكەیان.
"ئەمە یەکەمجارە چالاکوانانى ژینگە گرنگى بە سەوزایی خوێندنگەكەمان بدەن و 35 نەمامیان رواند، كە لە حەوت جۆر نەمامی جیاواز پێكهاتووە"، كەمال شەریف وایوت.
لاڤە سۆران، خوێندكار لەو خوێندنگەیە، وتی "کاتێک باخچەکانم بینى نەمام و گوڵی جۆراوجۆریان لێ رواندووە، زۆر دڵخۆش بوم، ئێستا خوێندنگەكەم بە تەواوی گۆڕاوە".
وتیشی "كە وەرزی هاوین نزیكدەبۆوە، خوێندنگەكە وشك و گەرم بوو، دیمەنێكی زۆر ناشرینی هەبوو، هیوادارم هەمومان خزمەتی ئەم نەمامانە بكەین و بیانپارێزین و ژینگەی خوێندنگەكە جوان رابگیرن".
كە وەرزی هاوین نزیكدەبۆوە، خوێندنگەكە وشك و گەرم بوو، دیمەنێكی زۆر ناشرینی هەبوو
هەڵمەتەكە لەكاتێكدایە بەگشتی رێژەی سەوزایی لە خوێندنگەكانی كەركوك بەراورد بە خوێندنگەكانی تری عیراق باشترە. بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و هەندێك خوێندنگە هیچ نەمامێكی تیا نییە.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەى گشتى کەرکوک، لیژنەیەكی دروستكردووە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە خوێندنگەكان. ئەوەش دوای ئەوە هات بەشدارییانكرد لە پێشبڕكێی زۆری رێژەی سەوزایی لەسەر ئاستی هەموو پەروەردەكانی عیراق، بەپێی پێشبڕكێیەكە دۆخی خوێندنگەكانی سەر بە پەروەردەی كەركوك "زۆر باشتر" بووە، ئەوەش بەپێێ وتەی شكۆفە كە ئاگاداری پێشبڕكێیەكە بووە.
شکۆفە محەمەد، چالاکوانى ژینگەیی لە كەركوك، یەكێكە لەو چالاكوانانەی كە كاردەكات بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە خوێندنگەكاندا، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم ماوەیەدا باخچەی پێنج خوێندنگەمان بە رواندنی نەمامی جۆراوجۆر سەوزكردووە... ئەوەی زۆر دڵخۆشمان دەكات ئەوەیە مامۆستایان و خوێندكاران بەدەم چالاكییە ژینگەییەكانمانەوە هاتون".
"بەردەوام دەبین لەم هەڵمەتە و هەر خوێندنگەیەك 30 نەمان یان زیاتریان پێدەدەین... ئامانجمان لە هەڵبژاردنى قوتابخانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە باخچەی خوێندنگەكان رێژەی سەوزایی زۆر كەمە و لە هەندێك خوێندنگە سفرە، هەروەها کەشوهەواى نێو خوێندنگەکان لەبار نییە، تا ئارامى بە خوێندنگەکان ببەخشێت"، شكۆفە زیاتر وتی "ئەو نەمانە هەڵدەبژێرین كە پانتاییەكی زۆر داگیرناكەن و رەگەكانیان ناچنە ژێر دیواری بیناكانەوە، لەگەڵئەوەشدا زیاتر بایەخ بەو نەمامانە دەدەین كە گەڵاكانیان ناوەرێن".
پەروەردەی كەركوك، هیچ ئامارێكی لا نییە، لە ئێستادا چەند خوێندنگەی رێژەی سەوزایی تیایدا سفرە.
ئەو هەوڵە هاوكاتە لەگەڵ كەمبونەوەی رێژەی سەوزایی لە پارێزگای كەركوك، كە بەپێی دواین ئامار، رێژەی سەوزایی لە شارەكە، لە 2% تێپەڕناكات، هەرچەندە لە ساڵی 2017 رێژەكە نزیك بوو لە 4%.