لە سێ مانگدا
43 راوچی لە خانەقین دراونەتە دادگا

پۆلیسێكی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستانى گەرمیان لەكاتی ئازادكردنی ئاسكێك كە لەلایەن ژمارەیەك راوچییەوە دەستبەسەركرابوو. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی دارستانى گەرمیان

لەیلا ئەحمەد – خانەقین

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین، ئاشكرای دەكات كە لە سێ مانگی رابردودا 43 راوچییان روبەڕوی دادگا كردۆتەوە و داواش لە گوندنشینان دەكات هاوكارییان بكەن تا ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان نەبنە قوربانی راوچییەكان.

هاوڕێ جەلیل قادر، بەڕێوەبەرى بەشى پۆلیسی دارستان و ژینگەى خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێم و لە سنوری خانەقین دەستبەكارن- لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 17ی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا 14ی كانونی یەكەم، 43 راوچیمان دەستگیركردووە و دۆسییەكانیان روبەڕوی دادگا كراونەتەوە، بەشێك لەوانە دادگا سزای داون".

وتیشی "شەو و رۆژ راوچییەكان بەردەوام راوى ئاژەڵ و باڵندەکان دەکەن، ئێمەش شەو و رۆژ هەوڵدەدەین رێگرییان لێبكەین، زۆربەى جار راوچییەكان بۆ دەربازبون لە پۆلیس روبەڕومان دەبنەوە و تائێستا چەندین پۆلیسمان برینداربون و ساڵی رابردو شەهیدێكمان هەبوو".

هەفتەى رابردو پۆلیسێكی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە روبەڕوبونەوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەك راوچی تەقەی لێكراو بە سەختی برینداربوو.

هاوڕێ جەلیل وتی "گولـلە بەر سنگى کەوتوە و ئێستا لەسەر جێگایە و لەماڵەوەیە".

سەرەتای ئەم هەفتەیە پۆلیسی دارستان راوچییەكیان دەستگیركرد و كەیسەكەیان رەوانەی دادگا كرد، كە بەپێی وتەی هاوڕێ جەلال یەكێك بووە لەو راوچییانەی بەردەوام ئاژەڵ و باڵندەكانی كردۆتە ئامانج.

ئەوانەی لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە دەستگیردەكرێن لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان و بەپێی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان سزادەدرێن.

chak.raw
دەستبەسەراگرتنی ژمارەیەك چەك و ئامێری راوكردن، لەلایەن ڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستانى گەرمیان. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی دارستانى گەرمیان

بەپێی یاساكە، سه‌رپێچیكەر‌ان به‌ به‌ندكردن سزا ده‌درێن بۆ ماوه‌ى له‌ مانگێك كه‌متر نه‌بێت یان به‌ غه‌رامه‌یه‌ك له‌(150.000) سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ (200.000.000) دووسه‌د ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. یان به‌ هه‌ردوو سزاكان سزا ده‌درێن.

لە سێ مانگی رابردودا، 43 راوچی لە خانەقین دراونەتە دادگا و بەشێكیان سزادراون و بەشێكی تریان كەیسەكانیان یەكلایینەبۆتەوە.

بەوتەی هاوڕێ جەلیل، سزای كوشتنی باڵندەیەك 250 هەزار دینارە، سزای كوشتنی ئاژەڵیش بەپێی جۆری ئاژەڵەكە دەگۆڕێت. بۆ نمونە كوشتنی ئاسك پێنج ملیۆن دینارە.

ئەو وتی "ئەوانەی راو دەكەن لە هەموو جۆرە خەڵكێكیان تیایە... هەندێك كات گوندنشینان هاوكاریی راوچییەكان دەكەن، بەڵام هەندێك گوندنشین هاوكاریی ئێمە دەكەن، ئەوەش كاری راوكردنی راوچییەكانی بۆ ئێمە ئاسان كردووە".

ئەو داوایكرد حكومەتی هەرێم پێداویستی زیاتریان بۆ دابین بكات، لە كارمەند و ئۆتۆمبێل.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT