سەرچاوەیەكی كەركوك:
ئەو سێ گەنجەی كچەكەیان هەڵخەڵەتاند ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە

كەركوك/ 2021/ بازگەیەكی كاتی هێزەكانی پۆلیس لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پۆلیسی كەركوك ئاشكرای دەكات ئەو سێ گەنجەی لە گەڕەكی رەحیماوا كچێكی 14 ساڵیان هەڵخەڵەتاند "گوایا دەیبەن بۆ ئەوروپا"، ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە و دەستگیركراون. دوانیشیان پێشینەیان هەیە.

بەرەبەیانی پێنجشەممە 16ی كانونی یەكەم، باوكێك، پۆلیسی رەحیماوا ئاگاداردەكاتەوە، لە دیارنەمانی كچەكەی كە خوێندكارە و تەمەنی 14 ساڵە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بنكەی پۆلیسی رەحیماوا دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد و لە چوارچێوەی بەدواداچونەكان، هەمان رۆژ توانیان گەنجێك لە هەمان گەڕەك دەستگیربكەن كە دەستی لە هەڵخەڵەتاندنی ئەو كچەدا هەبووە... دواتر توانرا كچەكەش لە نزیك پردی خاسە رزگار بكەن".

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "دوای ئەوە دوو گەنجی تر دەستگیركران كە دەستیان لە هەمان روداودا هەبووە".

كچەكە 14 ساڵە و خوێندكارە، لەلایەن سێ گەنجەكەوە پێیوتراوە، دەتبەین بۆ دەرەوەی وڵات. "بەڵام دواتر پلانەكەیان گۆڕیوە و ویستویانە كاری نەشیاوی پێبكەن"، بەبێ ئەوەی سەرچاوەكە رونیبكاتەوە چ جۆرە كارێك.

بەڵام جەختیكردەوە "ئەو سێ گەنجە ماددەی هۆشبەریان بەكارهێناوە و لەژێر كاریگەری بەكارهێنانی ئەو ماددەیەدا ئەو كارەیان كردووە"، زیاتر جەختیكردەوە "دوو لەو سێ گەنجە پێشینەی كاری خراپیان هەبووە و بەبێ هۆشی دەچنە بەردەم خوێندنگەكانی كچان و خوێندكاران هەراسان دەكەن".

گەنجەكان بۆ ئەو كارە دۆسییەكانیان رەوانەی دادگای كەركوك كراوە.

سەرچاوەكەی پۆلیسی كەركوك، داوای لە دایكان و باوكان كرد، ئاگاداری منداڵەكانیان بن، "چونكە حاڵەتەكانی هەڕەشەی ئەلكترۆنی زۆر بووە و لەپێناو پارەشدا كچان دەكەنە ئامانج".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT