كەسانی نەناسراو، قادرمەی كارەبایی، كورسی دانیشتنی باخچە و شوێنە گشتییەكان لە كەركوك دەشكێنن و پارێزگاری لە چەند خزمەتگوزارییەكی تری هاوشێوە ناكەن، ئەوەش گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروستكردووە.
ئەو رەفتارە بەشێكی زۆری پارك و شوێنی یاری منداڵانی گرتۆتەوە، لەكاتێكدایە شارەوانی دەڵێت بودجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە چاكیان بكەنەوە.
ئامینە حسێن (64ساڵ)، یەكێكە لەو خانمانەی، شكاندنی قادرمەیەكی كارەبایی كێشەی بۆ دروستكردووە، كاتێك هەفتانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی پزیشكەكەی دەكات لە نەخۆشخانەی ئازادی فێركاری.
لە بەردەم نەخۆشخانەكە، قادرمەیەكی كارەبایی لێیە، بەڵام شكێنراوە و ئامینە و دەیانی تر ناتوانن هاتوچۆی پێیدا بكەن، لەكاتێكدا رێگاكە دووساید و قەرەباڵغە و بۆ پەڕینەوەی هاوڵاتیان پارێزراو نییە.
"فەقەراتی پشتم هەیە و دەبێت هەفتانە سەردانی پزیشكەكەم بكەم، هەر جارێك دەچمە نەخۆشخانە دەبێت بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەردەم نەخۆشخانەكە بوەستم، تا مەجالێك دەدۆزمەوە و دەپەڕمەوە... شەقامەكە زۆر قەرەباڵغە و قادرمە كارەباییەكەش كارناكات"، ئامینە حسێن وایوت.
شەقامەكە زۆر قەرەباڵغە و قادرمە كارەباییەكەش كارناكات
بۆ ئەو كەسانەی بە تەمەنن، هەندێك كات پۆلیسی هاتوچۆ یان شۆفێرانی تەكسی هاوكاری پەڕینەوەیان دەكەن لەو شەقامە قەرەباڵغە.
شكاندنی ئەو قادرمە كارەباییە، كە دروستكردنی بۆ سەردەمی پارێزگاری پێشوی كەركوك، نەجمەدین كەریم دەگەڕێتەوە، نمونەیەكە لە دەیان نمونەی تری شكاندنی خزمەتگوزارییەكانی تری شاری كەركوك، كە بەهۆیەوە هاوڵاتیان تیایدا زەرەرمەندی یەكەمن.
بۆ نمونە شكاندنی كورسی دانیشتنی پارك و باخچەكان، سەتڵی خۆڵ و خاشاك، شوێنی یاریی منداڵان.
دلێر عەزیز (33ساڵ)، لەسەر زەوی نێو باخچەی نزیك قەڵای كەركوك دانیشتبوو، وتی "دەمەوێت لێرە پشوویەك بدەم، بەڵام ئەوەتا دەیبینن كورسییەكان شكێنراون و ناچار لەسەر زەوی پشوو دەدەم".
"ھەندێک لە کەموکوڕییەکانی سەر شەقام و شۆستەکان و شوێنە گشتییەکان ھاوڵاتیان لێی بەرپرسیارن، نەک حکومەت، چونکە ئەوەی کە دانراوە حکومەت ئەنجامی داوە و ئەرکی ھاوڵاتییانە پارێزگاریی لێ بکەن، بەداخەوە ئاستی رۆشنبیری بەشێک لە ھاوڵاتیان لاوازە"، دلێر عەزیز وایوت.
بەگشتی خزمەتگوزاریی ناو پارك و شوێنە گشتییەكانی شار و شەقامەكان، وەك ئەوەی پەیامنێری (كەركوك ناو) بینیویەتی لە كەركوك باش نییە، بەڵام ئەوانەشی هەن شێوێنراون و چاكنەكراونەتەوە.
سەرچاوەیەك لە بەشی راگەیاندنی شارەوانی كەركوك، وتی "لە ماوەی رابردودا دەرخستەمان بۆ کەموکوڕییەکان کردووە، لە جۆری خزمەتگوزارییەکانی باخچە و شۆستە و شەقامەكان، بەپێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستی بەشی پڕۆژەكان و باخچەكان هەیە، دەست بە چاككردنەوە كراوە، بەڵام بودجەكەمان كەمە و حكومەتی عیراقیش وەكو پێویست بودجە بۆ چاككردنەوە و كەموكوڕییەكان تەرخان ناكات".
وتیشی "تەنانەت لە هەندێك گەڕەك خەڵكی خۆبەخش كورسی و سەتڵی خۆڵ و خاشاكیان داناوە و ئێمەش دەستخۆشیمان هەیە بۆیان".