زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت، ئەوەش بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بۆ راییكردنی كاروباری حكومی.
نوسراوەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسیەكانی نەزاهە، لە 22ـی كانونی یەكەمی 2021 ئاراستەی لایەنە ئەمنییەكان كراوە و تیایدا داواكراوە زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی موسڵ دەستگیربكرێت و رەوانەی دادگا بكرێت.
ئەو فەرمانە لەسەر سكاڵایەكی دەستەی نەزاهەی عیراقە.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بە (كەركوك ناو)ـی وت "نوسراوەكەی دادگا ڕاستە كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ قایمقام دەركردووە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، ئەوەش لەسەر بنەمای دانپێدانانی زیندانییەك".
وەك سمۆ دەڵێت ئەو زیندانییە لەلایەن نەزاهەوە دراوەتە دادگا و قایمقامی بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتباركردووە لەبەرانبەر راییكردنی چەند كاروبارێكدا لە دامودەزگای حكومیدا.
"تائێستا قایمقام دەستگیرنەكراوە، ئەو لە ماڵی خۆیەتی لە موسڵ و امادەیی نیشانداوە بچێتە دادگا، ئێمەش وەك ئیدارەی نەینەوا دەستتێوەردان لە كاروباری دادگا ناكەین، هێشتا لێكۆڵینەوە و بەدواداچون بەردەوامە و رەنگە هەفتەی داهاتوو وردەكاری زیاتر رونبێتەوە" بەوتەی جێگری پارێزگاری نەینەوا.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) بەهۆی رێكارەكانی دادگاییكردنیەوە، نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا بەكاتی قایمقامی باشیكی لەجێی زوهێر ئەعرەجی داناوە، تا كاروبارەكانی قایمقامیەتی ناوەندی موسڵ بەڕێوەببات.
قایمقامی موسڵ بە پێی ماددەی 307ـی یاسای سزادانی عیراقی تۆمەتباركراوە، كە تایبەتە بەو فەرمانبەر و لێپرسراوانەی لەبەرانبەر راییكردنی كاروبارێكدا بەرتیل وەردەگرن و سزاكەیشی لە 10 ساڵ زیندانی زیاتر نییە یان بە غەرامەیەك هێندەی ئەو بڕە پارەیەی وەریگرتووە.
(كەركوك ناو) بە تەلەفۆن هەوڵیدا پەیوەندی بە قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵەوە بكات و نامەیشی بە مۆبایل بۆ نارد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
زوهێر ئەعرەجی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە و ئامادەیی بۆ چونە بەردەم دادگا نیشاندەدات، وەك خۆی دەڵێت تا بە بەڵگەوە راستییەكان بۆ رایگشتی ئاشكرابكات.
لەو رونكردنەوەیەدا ئەعرەجی باس لە "دەستكەوتەكانی" خۆی دەكات لەو پۆستەدا و دەشڵێت "24 جار هەوڵی تیرۆركردنم دراوە و ژمارەیەك شەهیدم داوە كە هەمویان كەسوكاری نزیكی منن" ئەوەش لە پێناو خزمەتی گشتیدا، بەوتەی ناوبراو.
"بەداخەوە ئێستا كۆمەڵێك مافیای داگیركردنی زەوی و گەندەڵی دەركەوتوون و تۆمەتبارم دەكەن بە بەرتیل و گەندەڵی لەكاتێكدا ئەوان باسی خۆیان ناكەن كە چیییان كردوە بەرامبەر خەڵكی نەینەوا"، قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵ هەڕەشەی ئەوەشدەكات دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادگا هەموو زانیارییەكان و بەڵگەكان لەسەر رێكارەكانیان و ئەو كەسانە بڵاودەكاتەوە كە هەوڵی تۆمەتباركردنی كەسانی دیكە دەدەن.