سێ كەس لە خێزانێكی شەش كەسی كەركوكی لەناو ئەو یەختەدا خنكان كە لە 23ی كانونی یەكەم لە دەریای ئیجە لانیكەم بە 100 سەرنیشنەوە خۆی كێشا بە شاخێكدا و نزیكەی 10 كەس خنكاون.
ئەو یەختە، كە بەپێی رەنج پشدەری، چالاكوانی بواری پەنابەران، لە توركیاوە بەرەو كەناراوەكانی ئیتاڵیا بەڕێكەوتووە، دوای دوو رۆژ مانەوە لە دەریای ئیجەدا، خۆی كێشاوە بە شاخێكی دوڕگەیەكدا لە سنوری یۆنان و بەهۆیەوە بەشێكی تێكشكاو تیایدا سێ كەس یەك خێزانی كەركوكی لەنێو خنكاوەكاندان.
نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، کاروان غەفور (37ساڵ)، لەگەڵ هاوسەرەكەی ئاشتی جبرائیل (34ساڵ)، بڕیاردەدەن بەشێوەی قاچاغ و لەڕێی توركیاوە و لەگەڵ سێ كچەكەیان بچنە ئەوروپا.
لەو سەروبەندەدا، عەزیمە عوسمان (51ساڵ) كە دەكاتە دایكی ئاشتی و تەنیا ئەو كچەی هەیە و مێردەكەی لەژیانیدا نەماوە، دەڵێت بەبێ من ناتوانن بڕۆن، بۆیە ئەویش لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.
21ی كانونی یەكەم، قاچاغچییەكان ئەو خێزانە و دەیان خێزانی تر كە زۆرینەیان كوردن، ئاگاداردەكرێنەوە كە یەختەكە ئامادەیە و بەرەو ئیتاڵیا بەڕێدەكەون، بەپێی گێڕانەوەی كەسوكاری ئەو خێزانە بۆ (كەركوك ناو).
یاسین عوسمان خەیات – خاڵی ئاشتی - بە (كەركوك ناو)ی وت "كاروان و ئاشتی و سێ كچەكەیان لەگەڵ دایكی ئاشتی بڕیاری كۆتاییاندا بۆ ئەوەی بچنە ئەوروپا، ئامانجی سەرەكییان لەوەی بگەنە ئەوروپا ئەوە بوو یەكێك لە منداڵەكەیان داون بوو، لێرە زۆر بە دەستییەوە ماندو بون، قوتابخانەیەك، شوێنێك نەبوو لەخۆی بگرێت".
ئامانجی سەرەكییان لەوەی بگەنە ئەوروپا ئەوە بوو یەكێك لە منداڵەكەیان داون بوو، لێرە زۆر بە دەستییەوە ماندو بون، قوتابخانەیەك، شوێنێك نەبوو لەخۆی بگرێت
سێ كچەكەی ئەو خێزانە، سۆز (11ساڵ)، راز هەشت ساڵ و تابلۆش تەنیا چوار مانگە.
"كاتێك بڕیاری رۆیشتنیاندا خوشكەكەم (عەزیمە)، كە تەنیا یەك منداڵی هەیە ئەویش ئاشتی كچێتییە، وتی ناتوانن بەبێ من بڕۆن، بۆیە ئەویش لەگەڵیاندا رۆیشت... ئەوان مانگێك لەمەوبەر رۆیشتن"، یاسین وایوت وت.
جەختیشیكردەوە "دواجار كە قسەمان لەگەڵ كردن رۆژی سێشەممەی رابردوو 21ی كانونی یەكەم بوو، وتیان یەختەكە ئامادەیە و شەو لەڕێی دەریای ئیجەوە بەرەو یۆنان بەڕێدەكەوین، ئەوە بوو ئیتر لەو شەوەوە پەیوەندییان نەما".
بەپێی وتەی كاروان كە بە تەلەفون بە یاسین-ی وتووە "یەختەكە 12 مەتر بووە".
رۆژی پێنجشەممە 23ی كانونی یەكەم، كاروان غەفور پەیوەندی بە یاسین – خاڵی ئاشتییەوە- دەكات و دەڵێت "یەختەكەمان روی لە شاخێك كردووە و تێكشكاوە، ئاشتی و راز و عەزیمە لەئاودا خنكاون".
راز كچە هەشت ساڵانەكەیە و داونە.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا، یەكێك لە رزگاربووەكانی ئەو یەختە، بە تەلەفون قسە لەگەڵ رەنج پشدەری چالاكوانی بواری پەنابەران لە یۆنان دەكات و تیایدا دەڵێت "لە 100 سەرنشین، لەنێوان 10 بۆ 15 كەس خنكاون...".
رەنج پشدەری، چالاكوانی بواری پەنابەران، لەكاتی گفتوگۆكردنی لەگەڵ یەكێك لە رزگاربووانی نێو یەختەكە. سەرچاوە: پەیجی رەسمی رەنج پشدەری
رەنج پشدەری لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەنوسێت، دوو لە سەرنشینەكان كە رەگەزنامەی سورییان هەیە، لەگەڵ كاپتنی یەختەكە بۆتە شەڕیان و بەهۆیەوە، كەشتییەكە خۆی كێشاوە بە شاخی دوڕگەیەكدا و لەنگەری گرتووە، لەو روداوەشدا بەپێی رەنج پشدەری هەریەكە لە عەزیمە، ئاشتی و رازی كچی لەنێو خنكاوەكاندان.
یاسین عوسمان خەیات، دەڵێت كاروان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پێی وتووە "کەلوپەلی سەلامەتییان پێبووە، بەڵام تەنیا توانیویەتی سۆز 11 ساڵ و تابلۆ چوار ساڵ رزگار بكەن... نەیانتوانیوە راز و ئەوانی دیكە رزگار بكەن، چونكە ئەوان لەبەشی دواوەی یەختەكە بون".
پۆلیسی دەریاوانی یۆنان، دواتر دەچنە دوڕگەكە و لانیكەم 90 سەرنشینەكە رزگاردەكەن و تەرمی خنكاوەكانیش دەردەهێنن.
كاروان ئێستا لە كەمپێكی یۆنانە و تەرمەكانیش لە پزیشكی دادوەرین هەر لە وڵاتی یۆنان.
کاروان غەفور، لەڕێی تەلەفونەوە لە كەمپێكی یۆنانەوە، قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد و وتی "تەنیا توانیم سۆز و تابلۆ رزگار بکەم، کاتێک گەڕامەوە ویستم خێزانەکەم و ئەوانەى دیکەش رزگار بکەم، بەڵام نەمتوانی و دواتر منیان رزگاركرد".
تەنیا توانیم سۆز و تابلۆ رزگار بکەم
یاسین عوسمان، جەختیكردەوە "چەندین جار ئامۆژگاریم كردن، وتم ئێوە كەسانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەن و پێویست ناكات خۆتان بدەن بەدەم ئاوەوە، بەڵام ئەوان هەرچەندە سەیری كچەكەیان دەكرد، زۆر بێ ئومێد دەبون و خەفەتیان دەخوارد لەوەی ناتوانن لەم وڵاتە هیچیان بۆ بكەن".
كاروان غەفور فەرمانبەرە لە كشتوكاڵی كەركوكی و ئاشتی خێزانیشی مامۆستای وانەی بیركاریی بووە.
یەكێك لە پورەكانی ئاشتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "كە 21ی مانگ قسەمان لەگەڵ كردن، وتیان قاچاخچییەكان وتویانە یەختەكە زۆر باشە و ئەمشەو بەڕێدەكەوین... ئێمە هەموو شتێكمان لەدەستدا، هیوادارین حكومەت تەرمەكانیان بگەڕێنێتەوە... داواكاریشین خەڵك رۆڵەكانیان نەدەنە دەست قەدەر، ئەوە رێگای مەرگە".