دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو گەنجی ئێزیدی شنگال بە یاسای تیرۆر دەردەكات، لەكاتێكدا بەوتەی زیاد لە سەرچاوەیەك تەنیا هۆكارەكەی بەشداریكردنیانە "لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی توركیا و بڵاوكردنەوەی كتێبێكدا".
فەرمانەكەی دادگای لێكۆڵینەوە لە 15ـی كانونی یەكەمی 2021 ئاراستەی لایەنی پەوەندیدارەكان كراوە بۆ دەستگیركردنی ئەو كوڕ و كچە گەنجە لە قەزای شنگال بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەبارەی تۆمەتەكانیانەوە ئاشكرابكات.
ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "دوای خۆپیشاندانەكەی سنونێ بەداخەوە دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو دوو گەنجە دەركردووە لەكاتێكدا تەنیا تاوانیان ئەوەیە بەشداری گردبونەوەكەیان كردووە".
ئەو خۆپیشاندانەی ناحیەی سنونێی قەزای شنگال لە 12ـی كانونی یەكەم بوو، دژی بۆردومانی توركیا بۆ سنورەكە، كە دواتر بارگرژی تێكەوت و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی و سەربازی عیراقی برینداربون.
"ئەو دوو گەنجە دەستگیركراون، بەڵام نازانین ئێستا لە كوێن، لە هەوڵداین كێشەكە چارەسەر بكەین و بە زوترین كات ئازادبكرێن، چونكە جگە لەو گردبونەوە هیچ تاوانێكی دیكەیان نییە" بەوتەی ئازاد حسێن.
خۆپیشاندانەكە دوای ئەوە هات كە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال، دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكانی لە قەزاكەدا راگرت، بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا و "بێدەنگی سوپا و حكومەتی عیراق لە بەردەوامی ئەو بۆردومانانە"، ئەوەش ناڕەزایی حكومەتی عیراقی لێكەوتەوە.
خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەو دوو گەنجە یەکێکیان کچێكی خەڵکی گوندی دوگرێ-ـیە و ئەویتریش كوڕێكی خەڵكی خانەسۆرە لە شنگال، بەڵام نازانین كێ سكاڵای كردووە، تەنیا ئەوەی هەیە دەزگا ئەمنییەكان وێنە و زانیارییان لەسەر ئەو دوو گەنجە بە لایەنی پەیوەندیدار داوە".
بەشێك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی سنونێ بە لایەنگرانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال ناودەبرێن، كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژمار دەكرێن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو دوو گەنجەی شنگال لە 22ـی كانونی یەكەم لە ناوەندی ناحیەی سنونێ كتێبێكی عەبدوڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە)ـیان بڵاوكردۆتەوە، لەوكاتەدا لەلایەن هێ.ە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون و تائێستا ئازادنەكراون".
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد بارگرژی و ئاڵۆزییەكانی خۆپیشاندانەكەی 12ـی ئەم مانگەی سنونێ، لەدوای مەراسیمی بەخاكسپاردنی قوربانییەكی بۆردومانی توركیا سەریهەڵداوە و بەوهۆیەوە دەزگا ئەمنییەكان ناوی 70 كەسیان وەك تۆمەتبار رادەستی دادگا كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا هەمویان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵی دەستگیركردنیاندان.
لە 7ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، توركیا لە بۆردومانەكانیدا ئۆتۆمبێلی مەروان بەدەل حەجی، لێپرسراوی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)ـی كردە ئامانج، بەهۆیەوە ئەو لێپرسراوە كوژرا و دوو منداڵیش برینداربون، دوایین بۆردومانیش 11ـی ئەم مانگە بوو بۆ بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە خانەسۆری شنگال، كە پێشتر بارەگای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش بوو.
توركیا لە یەك ساڵی رابردودا چەندیجاری دیكە بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردووە بە پاساوی كردنە ئامانجی بارەگا و لێپرسراوانی نزیك لە پەكەكە.
قهزای شنگال، بهدوری 120كم دهكهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، بهڵام ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان.