654 هاوڵاتی لە كەركوك ئەمساڵ گیانیانلەدەستداوە، دوای توشبونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەش كەمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی كانونی یەكەم ئامارەكانی ساڵی 2021ـی ئاشكراكرد و تیایدا هاتووە لە ماوەی یەك ساڵدا؛ 43 هەزار و 550 كەس توشی كۆرۆنا بون و 654 كەسیش بە كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵی 2020 لە كەركوك زیاتر 31 هەزار و 234 كەس توشی كۆرۆنا بون و 786 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیانلەدەستدا.
لە سەرەتای دەركەوتنی كۆرۆناوە تائێستا زیاتر لە 76 هەزار كەس توشی كۆرۆنا بون لە كەركوك كە هەزار و 440 توشبویان گیانیانلەدەستداوە و ئەوانیتر چاكبونەتەوە.
نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئاشكرایكردنی ئامارەكاندا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "تائێستا گۆڕاوی جۆری ئۆمیكرۆن-ی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركوك و عیراقیش تۆمارنەكراوە".
بەپێی توێژینەوەكانی تەندروستی جیهانی ئەو جۆرە نوێیەی نەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خێراتر لە جۆرەكانی پێش خۆی بڵاودەبێتەوە.
ڤیدیۆ: تەندروستی كەركوك ئامارەكانی ساڵی 2021 ئاشكرادەكات
هەر بەپێی ئامارەكانی تەندروستی كەركوك لە ساڵی 2021ـدا ژمارەی لەدایكبونی منداڵ گەیتشتۆتە 33 هەزار و 690 منداڵ، لەكاتێكدا ساڵی 2020 زیاتر لە 38 هەزار منداڵ لەدایكبوو.
لە 11 مانگی رابردوی ئەمساڵیشدا بە گشتی دوو هەزار و 950 هاوڵاتی لە كەركوك مردون كە ساڵی رابردوو ژمارەی مردن لە كەركوك سێ هەزار و 476 كەس بوو.
سەباح نامیق، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لە كۆنگرەكەدا جەختیكردەوە لە وەرگرتنی ڤاكسین بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و وتی "هیچ كەسێك بۆی نییە سەردانی دامودەزگا حكومییەكان بكات بەبێ كارتی ڤاكسین یان پشكنینی نوێی كۆرۆنا، هەر فەرمانگەیەكیش بڕیارەكە جێبەجێنەكات ئەوا بەڕێوەبەرەكەی بەرپرسیار دەبێت.
ئیدارەی كەركوك پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران رێگە بە دەوامی فەرمانبەر و راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە فەرمانگە حكومییەكاندا نادات ئەگەر ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت یان پشكنین نەكەن.
343 هەزار و 604 كەس لە كەركوك ژەمی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنا-ـیان وەرگرتووە كە دەكاتە رێژەی لە سەدا 20ـی دانیشتوان و ئەوانەی ژەمی دوەمیشیان وەرگرتووە گەیشتۆتە 220 هەزار و 300 كەس و رێژەی لەسەدا 13 دەكات.
لە ئامارەكانی تەندروستی كەركوكدا هاتووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 35 هەزار و 341 نەشتەرگەری كراوە، یەك ملیۆن و 340 هەزار و 121 كەس سەردانی نەخۆشخانە و بنكە و ناوەندە تەندروستییەكانی حكومی و نۆرینگەكانی دەرەوەیان كردووە، زیاتر لە 108 هەزار كەس ئێستا لە نەخۆشخانەكاندان.