ئیدارەی كەركوك، لە هەوڵی تەواوكردنی دیزانی پرۆژەیەكی ستراتیژیدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی پارێزگاكە لە پەرلەمانی عیراق، تا لە ماوەی 15 ساڵدا نەخشەی بنەڕەتی بۆ شارەكە دابنێنن.
راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك و ژمارەیەك لە ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمانی عیراق، 28ـی ئەم مانگە تاوتوێی پرۆژەكەیان كردووە تا ببێتە ئەولەویەتی كارەكانیان لە داهاتودا، كە بڕیارە بە جێبەجێكردنی هەلیكاریش بڕەخسێنێت.
گەیلان قادر، ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت پرۆژەی ستراتیژيی و گەشەپێدان و ئامادەكردنی نەخشەی بنەڕەتی كەركوك، لە داهاتودا بە وردی چاودێری كارەكانی دەكەن بە ئامانجی خزمەتكردنی خەڵك، "لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆمان لەسەر فراوانكردنی سنوری شارەكە كرد بەبێ زیانگەیاندن بە شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیان".
بەهۆی كۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، پەرلەمانتارانی هەر پارێزگایەك ئەركی چاودێری كارەكانی ئیدارەدانی شارەكەی خۆیان لەئەستۆدایە.
گەیلان دەڵێت هەموو شارێك پێویستە ستراتیژ و نەخشەی بنەڕەتی هەبێت، تا چەندە شارەكەش گەورەتر بێت، ئەوا گرەنتی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو هاوڵاتیان بكرێت.
ئەو پرۆژەیە كە هێشتا دیزاینەكەی تەواو نەكراوە، بڕیارە تا ساڵی 2037 بە تەواوی جێبەجێبكرێت.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری بە (كەركوك ناو)ـی وت بڕی پێنج ملیار دینار بۆ پرۆژەی ستراتیژ و گەشەپێدانی كەركوك تەرخانكراوە، دیزاینی پڕۆژەكە لە كۆی پێنج قۆناغ، چوار قۆناغی كۆتایی هاتووە و تەنیا قۆناغێكی ماوە.
"دیزاینی ئەو پرۆژەیە لە باشوری ناحیەی تازەوە دەستپێدەكات تا چێشتخانەی میدیا لەسەر رێگای هەولێر، بەشێكیشی لە گەڕەكی عەمەلە شەعبییەوە دەستپێدەكات تا نزیك كۆلێژی قەڵەم لە چیمەن".
بەوتەی حەمادی ئەو پرۆژەیە جگە لە دانانی نەخشەی بنەڕەتی شار، دەبێتە رێگر لەبەردەم دروستبونی گەڕەكی زیادەڕۆ و هەڕەمەكی، هەروەها بەوهۆیەوە هەموو ناوچەیەكی كەركوك خزمەتگوزاری باشتری پێدەگات، بە جێبەجێكردنیشی روبەرێكی بەرفراوان زەوی دیاریدەكرێت بۆ نیشتەجێبون و دەتوانرێت ئەوكات دەست بە دابەشكردنەوەی زەوی بكرێت، جگە لە تەرخانكردنی زەوی گونجاو بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان.
بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك زیاتر لە 61 هەزار خانوو و شوێنی دیكەی زیادەڕۆ و هەڕەمەكی دروستكراون.
یاریدەدەری پارێزگار جەختیكردەوە لەوەی پرۆژەكە لە جێبەجێكردنیدا هەزاران هەلیكار بۆ خەڵكی شارەكە دەڕەخسێنێت، "لەو چوارچێوەیەدا 10 شوێن دیاریدەكرێت وەك سیمای شارەكە تا نۆژەنبكرێنەوە، كە گرنگترینیان خاسە-ـیە، ئەوەش لە بەنداوی خاسەوە دەستپێدەكات بۆ نزیكی ناحیەی تازە".
عەلی حەمادی دەڵێت پەرلەمانتارانی نوێی عیراق لە پشكی كەركوك دەبنە چاودێر بەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكەوە، بەوپێیەی ئەنجومەنی پارێزگا وەك لایەنی چاودێر لەكاردا نەماون، بۆ راییكردنی كارەكانی دیزاین و جێبەجێكردنی پرۆژەكەش ژورێكی هاوبەش لە ئامار و شارەوانی و ژینگە و پلاندانان پێكهێنراوە.
ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 2013ـەوە هەیە، بەهۆی نەبونی بودجەوە هەر لە سەرەتاوە كارەكانی راگیراوە تا لە ساڵی 2019ـدا جارێكیتر دەستیپێكردۆتەوە.