هێمن عەلى (39ساڵ)، یاریزانی یاری تایكواندۆ لە قەزای دوزخورماتوو، لە پاڵەوانێتی یاری تایكواندۆ لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ئەوەش دوای چوار ساڵ دابڕان لە راهێنان.
هێمن دەڵێت "پێویستە هاوكاریی یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت بكرێت... من بۆ بەشداریكردن لەو پاڵەوانێتییە ناچاربوم دەخیلەی كچەم شكاند بۆ كرێی هاتوچۆ".
ئەو پاڵەوانێتییە لە 21ی كانونی یەكەم لە بەغدا بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت و تیایدا هێمن وەكو نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین بووە براوەی دووەم.
هێمن خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەشداریكردنی لەو پاڵەوانێتییەدا دوای ئەوە دێت كە لەساڵی 2017ەوە وەك خۆی دەڵێت هیچ راهێنانێكی نەكردووە، چونكە راهێنەرەكانی لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 – شەڕی نێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم و فیدراڵ-، قەزای دوزرخوماتویان بەجێهێشتووە.
"لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار دەستم بە یاریی تایكواندۆ كرد، بەردەوام لە پاڵەوانێتییەكاندا پلەی یەكەم یان دووەمم بەدەستهێناوە... ئێستا خاوەنى پشتێنی سپی، زەرد، قاوەیی و شینم... تەنیا دوو پشتێنی کۆتایی پاڵەوانێتییەكەم ماوە بەدەستیبهێنم، ئەوانیش پشتێنی سور و رەشن".
هێمن لە ساڵی 2003 مینێكی چێنراوی پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە دەستێكی لەدەستداوە. دوای ئەوە بڕیاریدا یاری تایكواندۆ بكات و وتی "لەدەستدانی دەستێكم نەبۆتەهۆی ئەوەی خەونەكەم فەرامۆش بكەم".
هێمن عەلی، لەدواین پاڵەوانێتیدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق.
هێمن خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، داوا دەكات گرنگی بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت تا پەرە بە خەونەكەیان بدەن و هاوكاریی بكرێن.
ئەو وتی "من خۆم ناچاربوم دەخیلەی كچە بچوكەكەم بشكێنم، بۆ ئەوەی پارەی هاتوچۆم پێبدرێت، پێویستە یەكە وەرزشییەكان و حكومەت ئەو پرسانە لەبەرچاوبگرن و گرنگی بە خەون و ووزەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بدەن".