هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری، لە ساڵی رابردودا زیاتر لە 35 ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیار و 374 ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای به بازاڕكردنی نهوتی عیراقی (سۆمۆ)، ساڵی 2021 هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری بۆ بەندەری جیهان لە توركیا گەیشتۆتە 35 ملیۆن و 580 هەزار و 218 بەرمیل.
بەرزترین ئاستی هەناردەی نەوت لەو ساڵەدا كەوتۆتە مانگی شوبات؛ كە زیاتر لە سێ ملیۆن و 772 هەزار بەرمیل بووە و نزمترین ئاستی هەناردەش لە مانگی تشرینی دوەمدا بووە، بە دوو ملیۆن و 32 هەزار بەرمیل.
لە ساڵی 2021ـدا نرخی فرۆشتنی كۆی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك زیاتر لە دوو ملیار و 374 ملیۆن و 76 هەزار دۆلار بووە.
زۆرترین بڕی داهاتی فرۆشتنی نەوت لە مانگی تشرینی یەكەمدا بووە بە زیاتر لە 242 ملیۆن دۆلار و كەمترین داهاتیش كەوتۆتە مانگی تشرینی دوەم كە 155 ملیۆن دۆلار بووە.
هەر لە كەركوك هەندێك مانگ بە تانكەر نەوتی خاو رەوانەی ئەردەن كراوە.
هەناردە و داهاتی فرۆشتنی نەوتی كەركوك لە 2021ـدا زیادیكردووە؛ بەوپێیەی لە ساڵی 2020 كۆی هەناردەی نەوت 33 ملیۆن بەرمیل بووە بە داهاتی زیاتر لە ملیارێك و 196 ملیۆن دۆلار.
لە ساڵی 2019ـیشدا هەناردەی نەوتی كەركوك زیاتر لە 33 ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەكەی گەیشتۆتە سەروو دوو ملیار و 33 ملیۆن دۆلار.
لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگهی سهرهكی بهرههمهێنانی نهوتی خاو ههیه؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور و خەبازە كه لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نهوت باكور-ی سهر به حكومەتی عیراقیدان.