عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری، رایدەگەیەنێت كە لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە حكومەتی فیدراڵ بڕی 155 ملیار دیناری بۆ رەوانەكردون، ئەوەش لە بودجەی پترۆدۆلار و پەرەپێدانی هەرێمەكان.
حەمادی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە بودجەى پەرەپێدانى هەرێمەکان، حكومەتی فیدراڵ بڕى 120 ملیار دیناری بۆ پارێزگای كەركوك رەوانەكردووە، ئەو بڕە پارەیە بەشێكی بۆ قەرزی ساڵی 2019 خەرجكراوە، وەكو قەرزی بەڵێندەران، ئەوەی تری بۆ پڕۆژە بەردەوامەكانی ساڵی 2020 و 2021 خەرجكراوە، لەوانە نۆژەنكردنەوەی چەند شەقامێكی سەرەكی، پرد و ئەندەرپاس و چەند پڕۆژەیەكی تر".
بەپێی وتەی حەمادی، ئیدارەی كەركوك لە بودجەی پترۆدۆلار، بڕی "35 ملیار دیناری وەرگرتووە".
لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو 35 ملیار دینارە، حەمادی رونیكردەوە "لەسەدا 50ی ئەو بڕە پارەیە بۆ پڕۆژە بەردەوامەكان خەرجكراوە، ئەوەی تر بۆ پاككردنەوەی شار لە خۆڵ و خاشاك".
جەختیشیكردەوە كە بڕیارە حكومەتی عیراق لەم رۆژانەدا بڕی 40 ملیار دیناری تریان بۆ رەوانە بكات، ئەوەش هەر لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان بۆ ساڵی 2021.
"بۆ ئەو 40 ملیار دینارە، وەزارەتى پلاندانان، نوسراوی بۆ وەزارەتى دارایی ناردووە و ئێمەش چاوەڕێین پێمان بگات"، بەڵام رونینەكردەوە پارەكە چۆن خەرجدەكرێت.