شارەوانی دەڵێت پارە نییە
شەقامەكانی دوزخورماتوو بە خۆبەخشی نۆژەندەكرێنەوە

سەڵاحەدین/ كانونی دوەمی 2022/ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی گەڕەكی كۆماری دوزخورماتوو بە تێكەڵەی چەو و لم فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد – سەڵاحەدین

بەشێك لە هاوڵاتیانی قەزای دوزخورماتوو؛ هەڵمەتێكی خۆبەخشی بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكانی ناوشار دەستپێدەكەن، ئەوەش بەهۆی وەستانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە كە شارەوانی هۆكارەكەی بۆ نەبونی بودجە دەگەڕێنێتەوە.

لە دەستپێكی ساڵی نوێی 2022ـدا ژمارەیەك گەنجی كورد؛ بە چەو و لم، چاڵ و تاسەكانی شەقامی سەرەكی ناو گەڕەكی كۆمارییان لە ناوەندی دووزخورماتوو چاككردەوە.

"ئەو هەڵمەتە لەسەرەتادایە، شەقامی ناوبازاڕی حەسەن قەوان-ـمان نۆژەنكردەوە لە گەڕەكی كۆماری و بڕیارمانداوە تەواوی شەقام و كۆڵانەكانی دیكەی گەڕەكەكە چاكبكەینەوە" هێمن نەجم، دانیشتوی دوزخورماتوو بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

هەروەها رونیكردەوە ئەوان وەك گروپێكی خۆبەخشی حەوت كەسی سەرقاڵی ئەو هەڵمەتەن، لەسەر گیرفانی خۆیان و كەسانی دیكەی خێرخواز و دەوڵەمەند، كە بەشێكیان بە دابینكردنی ئۆتۆمبێل و كەرەستەی كاركردن، هەندێكیشیان بە دابینكردنی چەو و لم هاوكاربون.

xurmatw (1)-2
سەڵاحەدین/ كانونی دوەمی 2022/ شەقامەكانی دوزخورماتوو پڕن لە چاڵ و تاسە فۆتۆ: كەركوك ناو

شەقامە و كۆڵانەكانی دوزخورماتوو كۆنن، پڕن لە تاسە و چاڵی گەورە، لە زستاندا دەبنە شوێنی كۆبونەوەی ئاوی باران و لە هاوینانیشدا تەپ و تۆزی زۆر خەڵك بێزار دەكات.

هێمن نەجم وتی پرۆژەكەی ئەوان بەردەوام دەبێت تا هەموو شەقامەكان چاكدەكەنەوە، بۆ ئەوەش تەنیا پشت بە تواناكانی خۆیان دەبەستن، بەوپێیەی شارەوانی هاوكارییان ناكات.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لە زۆربەی گەڕەكەكانی تری دوزخورماتوو، هاوڵاتیانی نەتەوەكانی دیكەش بە خۆبەخشی شەقامەكان نۆژەندەكەنەوە و پرۆژەكانی خزمەتگوزاری جێبەجێدەكەن.

"ئێمە لە تواناماندا نییە چیمەنتۆ یان قیر بەكاربهێنن بۆ چاككردنەوەی شەقامەكان، تەنیا چەو و لم هەیە، ئەوەش چارەسەرێكی كاتییە و زۆر نامێنێتەوە، بەڵام لە هیچ باشترە و دەبێت هەر خۆمان خەمی خۆمان بخۆین" بەوتەی موهەنەد حاجی ناسر، یەكێك لە خۆبەخشانی دوزخورماتوو.

ئێمە لە تواناماندا نییە چیمەنتۆ یان قیر بەكاربهێنن بۆ چاككردنەوەی شەقامەكان

موهەنەد بە (كەركوك ناو)ـی وت "شەقەمەكان هی سەردەمی رژێمی پێشوی بەعسن و چاكنەكراونەتەوە، هەبونی چاڵ و تاسەش زیانی بە خەڵك گەیاندووە، شۆفێر و هاوڵاتیان رۆژانە بەدەست خراپی شەقامەكانەوە دەناڵێنن" وتیشی ئەو پرۆژەیەی دەستیانپێكردووە تەواوی گەڕەكی كۆماری دەگرێتەوە.

كۆماری یەكێكە لە گەڕەكە گەورەكانی دوزخورماتوو كە دانیشتوانەكەی كوردن.

"دەزانین ئەنجامی پڕۆژەكەی ئێمە كاتییە و جارێكیتر شەقامەكان خراپ دەبەنەوە، بەڵام حكومەت بێدەربەستە و پڕۆژەكانیان وەستاندووە" بەوتەی موهەنەد.

لە كۆتایی ساڵی 2020ـدا نوێنەرانی كورد، عەرەب و توركمانی دوزخورماتوو لە بەغدا سەردانی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراقیان كرد بۆ داواكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری وەك رێگەوبان، كارەبا، ئاو، خوێندنگە و كەرتی تەندروستی، هەرچەندە بەڵێنی گەیاندنی داواكارییەكانیان بە حكومەت و جێبەجێكردنی درا، بەڵام ئەنجامی نەبوو.

dwz-1-2
سەڵاحەدین/ 2020/ پاركێكی دوزخورماتوو، یارییەكانی كۆن بوون و شكاون فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

هیوا غالب مەجید، ئەندازیار لە بەشی پلاندانانی شارەوانی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "هاوڵاتیان حەقی خۆیانە داوای خزمەتگوزاری بكەن و ئەگەر شارەوانی پرۆژەی نەبێت خۆیان بەم كارە هەستن، بەڵام ئەم پڕۆژە خۆبەخشییە ماوەیەكی كەم دەخایەنێت و چارەسەر نییە،.. شەقامەكانیش زۆر كۆنن و بەتێكەڵە چارەسەر نابن".

ئەو دەڵێت نۆژەنكردنەوە و چاككردنی شەقامەكان لە چوارچێوەی پرۆژەكانی شارەوانیدایە، لە ساڵی 2017ـدا دەست بەجێبەجێكردنی كراوە و هەرزوو راگیراوە، هەمان ساڵ جارێكیتر دوو مانگ كاری تێداكراوەتەوە و دیسان راگیراوە، تا لە ساڵی 2019ـدا جارێكیتر بۆ ماوەیەكی كاتی پرۆژەكان دەستیانپێكردۆتەوە.

لێپرسراوەكەی شارەوانی ئەوەشی رونكردەوە لە ساڵی 2021ـدا پرۆژەكانیان دەستپێكردۆتەوە، سەرەتا شەقامەكانی گەڕەكی عەسكەری دوزخورماتویان نۆژەنكردۆتەوە، تا مانگێك لەمەوبەر ئەوەش وەستا، چونكە پارە بۆ بەڵێندەران خەرجنەكرا.

"هۆكاری وەستانی ئەم پڕۆژانە ئەوەیە؛ ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەدین بودجەی بۆ خەرجناكات و مقاولەكانیش دەڵێن پرۆژەكە تەواو ناكەین، نەك ئەو پرۆژەیە بەڵكو زۆر لەپرۆژەكانمان وەستاون، هەرچەندە ئێمەش دەتوانین چەو و لم دابینبكەین بەڵام ئەوە چارەسەر نییە" هیوان غالب وادەڵێت.

قەزای دوزخورماتوو؛ تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق ‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT