نزیكەی سەدا 40ـی دانیشتوانی ئەلقوش ڤاكسین وەردەگرن

عیراق/ 2020/ كچە خوێندكارێكی مێرمنداڵێك ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەردەگرێت فۆتۆ: وەزارەتی تەندروستی

عەمار عەزیز – نەینەوا

وەرگرانی ڤاكسین لە ئەلقوش، لە سەدا 40ـی كۆی دانیشتوانی ناحیەكە نزیكدەبێتەوە و بۆتە رێگر لەبەردەم هەڵكشانی زیاتری ژمارەی توشبوان بە كۆرۆنا.

بەپێی ئەو ئامارانەی (كەركوك ناو) لە تەندروستی ناحیەی ئەلقوش-ـی دەشتی نەینەواوە دەستی كەوتون، لە كۆی 40 هەزار دانیشتوی ناوچەكە نزیكەی 16 هەزار كەس ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە.

دكتۆر بادر عەما نوئێل، بەرێوەبەری بنكەی تەندروستی ناحیەی ئەلقوش بە (كەركوك ناو )ـی وت "رۆژانە خەڵكێكی زۆر ڤاكسین وەردەگرن و رێژەكە گەیشتۆتە نزیكەی سەدا 40 لە كۆی ژمارەی دانیشتوان، ئەمەش باشە بۆ ئەلقوش و لە هەوڵداین بە هاندان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری رێژەی وەرگرانی ڤاكسین زیاتر بكەین".

لە ئەلقوش یەك بنكەی كوتانی ڤاكسینی كۆرۆنا هەیە؛ لەو بنكەیە سێ جۆر ڤاكسینی فایزەر، ئەسترازێنیكا و سینۆفارم دەستدەكەون، بەوتەی دكتۆر بادر.

بەپێی ئامارەكانی تەندروستی ئەلقوش؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە تائێستا، ژمارەی توشبوانی ئەو ڤایرۆسە لە ناحیەكە نزیكەی 400 هاوڵاتییە و لەو ژمارەیەش تائێستا نزیكەی 15 كەس گیانیانلەدەستداوە.

بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی دەڵێت رەنگە ژمارەی توشبوان زیاتر بن، بەوپێیەی لە ئەلقوش شوێنی تایبەت بە چارەسەری توشبوان نییە و بەشێك لە هاوڵاتیان لە موسڵ و دهۆك تۆماركرابن.

alqosh-1
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ بنكەی تەندروستی ناوەندی ناحیەی ئەلقوش فۆتۆ: عەمار عەزیز

وەرگرانی ڤاكسین لە ئەلقوش، 12 ساڵ بەرەو سەرەوەن، لە فەرمانبەر، هاوڵاتی كاسب و هێزە ئەمنییەكانیشی تێدایە.

عابد شەكوانا (81 ساڵ)، دانیشتووی ناحیەی ئەلقوشە و دوو مانگ لەمەوبەر ڤاكسینی وەرگرتووە، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرەتا زۆر باوەڕۆمان بە ڤاكسین نەبوو، دودڵ بوین لە وەرگرتنی، بەڵام لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆر خەڵك ڤاكسینیان وەرگرت من و خێزانیشم پێی قایل بوین".

"لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە داوا لە هەموو خەڵكی ناحیەكە دەكەم بچن ڤاكسین وەربگرن، چونكە تاكە چارەسەرە كە خۆمان و كەسوكارمان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ببپارێزین".

ناحیه‌ی ئه‌لقوش، ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای تلكێف به‌ دوری 40كم له‌ باكوری موسڵ، له 83 گوند و سێ كۆمه‌ڵگه‌ پێكهاتووه‌ و هێشتا بەشێك لە دانیشتوانەكەی ئاوارەن.

بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی ئەلقوش وتی "هیچ هاوڵاتییەك دوای وەرگرتنی ڤاكسین لە سنورەكەی ئێمەدا گیانیلەدەستنەداوە یان بەوهۆیەوە نەخۆش نەكەوتون، هەموو كەسێكیش ئازادە كام جۆری ڤاكسین وەردەگرێت، چونكە بەردەوام هەر سێ جۆرەكەی ڤاكسینی بەردەست لە عیراق، لای ئێمە هەیە".

دكتۆر بادر عەما نوئێل دەڵێت پێشتریش لە ئەلقوش هەمان كێشەی بڵاوبونەوەی زانیاری ناڕاست و گومانی خەڵك لە ڤاكسین هەبووە، دواتر لەڕێی هۆشیارییەوە بیروڕای خەڵك گۆڕاوە.

ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا گەیشتۆتە نزیكەی 663 هەزار كەس و لە تەواوی عیراقیش تائێستا زیاتر لە هەشت ملیۆن و 576 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT