پرۆفایل: ســـوپــای عـیراق

رێوڕەسمێكی هێزەكانی سوپای عیراق لە بەغدا فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری

كەركوك ناو

هێزە چەكدارەكانی عيراق كە سوپای كۆماری عیراقی فیدراڵە، لەچەند هێزێك پێكدێت و بریتین لە هێزە وشكانییەكان، هێزە دەریاییەكان، هێزە ئاسمانییەكان لەگەڵ هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان (پێشمەرگە).

مێژوی دامەزراندنی سوپای عیراق دەگەڕێتەوە بۆ 6ی كانونی دووەمی ساڵی 1921، یەكەمین یەكەی سوپای عیراق لەسەردەمی ئینتیدابی به‌ریتانی بەناوی موسا كازم لە بەغداد پێكهێنرا، دواتر لەساڵی 1931 هێزی ئاسمانیی عیراق پێكهێنرا لەساڵی 1937دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.

لە كۆتاییەكانی جەنگی نێوان عیراق‌ و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە لوتكە ‌و بوو به‌ یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی 2003 دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكا‌ و هاوپەیمانان بۆ سەر عیراق، پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عیراق بە بڕیارێك سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوە‌ و سەرلەنوێ دەستكرا بە پێكهێنانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایە.

 

چۆنیەتی دامەزراندنی سوپا

دوای شۆڕشی ساڵی 1920، یەكەمین حكومەت لە عیراق پێكهێنرا، ئەو حكومەتە بە دروستكردنی فەوجێك بەناوی فەوجی (موسا كازم) لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 1921 دەستیكرد بە بنیادنانی بنەماكانی سوپای عیراق، فەوجی موسا كازم لەو ئەفسەرانە پێكدەهات كە پێشتر لەگەڵ سوپای عوسمانیەكاندا لەناوچەی كازمیە لە بەغداد كاریان كردبوو.

دواتر وەزارەتی بەرگری عیراق بە سەرۆكایەتی فەریق جەعفەر عەسكەری پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە ‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.

ساڵی 1931، عیراق سەربەخۆیی لە به‌ریتانیا وەرگرتەوە‌ و هەر لەو ساڵەدا هێزی ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێزە دەریاییەكان بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.

ساڵی 1936 سوپای عیراق بەشداری لە یەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بە سەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق بەكر سدقی، حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عیراق چووە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای به‌ریتانیا، بەر لەو جەنگی به‌ریتانیا سوپای عیراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لە خۆدەگرت، فیرقەی یەكەم ‌و سێیەم لە بەغداد جێگیربون، فیرقەی دوو لە شاری كەركوك‌ و فیرقەی چواریش لە دیوانیە بوو.

لە ساڵی 1958دا، سوپای عیراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات؛ فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە، فیرقەی دوو لە كەركوك‌، فیرقەی سێ لە دیالە ‌و فرقەی چوار لە موسڵ بون.

لەهەمان ساڵدا، سوپای عیراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم (شۆڕشی 14ی یۆلیۆی 1958)، ساڵی 1961 دوای سەربەخۆیی كوەیت عه‌بدولكەریم قاسم هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتەسەر عیراق، بەو هۆیەوە سوپای عیراق لە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.

ساڵی 1963 سوپای عیراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازی كرد‌ و ئەمجارەشیان كۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم هێنا، ساڵی 1968 سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد ‌و بەعسییەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لە عیراقدا.

دواتر سەدام حسێن كە بوو بە سەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌ و بەهێز، لە ماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عیراق‌ و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق زۆر زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق لەو ساڵانەدا ‌و بە دیاریكراویش ساڵی 1981 گەیشتە 200 هەزار سەرباز كە دابەشبووبون بەسەر 12 فیرقە‌ و سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لەساڵی 1985 دا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە 500 هەزار سەرباز‌و 23 فیرقە‌ و نۆ لیوا.

لەكاتی جەنگی دوەمی كەنداودا لەساڵی 1991، سوپای عیراق گەورەبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی ‌و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپا گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز، كە دابەشكرابون بەسەر 42 فیرقە ‌و 20 لیوای تایبەت، سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماریی.

دوای روخانی رژێمی پێشوی عیراق بەسەرۆكایەتی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا ‌و هاوپەیمانانەوە، لە ساڵی 2003دا حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عیراق، پۆڵ بریمەر، بە بڕیارێك پاشماوەكانی سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوە ‌و بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سوپایەكی نوێ لە 17 فیرقە، هەر فیرقەیەكیش لە چوار لیوا پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی هێزە وشكانی، ئاسمانی، دەریاییەكان ‌و هێزی گاردی نیشتیمانی.

 

پلە سەربازییەكان لەناو سوپای عیراقدا

  • سەرباز: هیچ نیشانەك هەڵناگرێت
  • سەربازی پلەیەك: خەتێك لە قۆڵی دەبەستێت
  • نائیب عەریف: دوو خەت لەقۆڵی دەبەستێت
  • عەریف: سێ خەت دەبەستێت
  • رەیس عورەفا: چوار خەت دەبەستێت
  • نائیب زابت: داڵێك لە بەرۆكی دەدات

 

پلەی ئەفسەران

  • ملازم: ئەستێرەیەك لەسەر شانیەتی
  • ملازمی پلەیەك: دوو ئەستێرە دادەنێت
  • نەقیب: سێ ئەستێرە هەڵدەگرێت
  • رائید: داڵێك لەسەر شانی دادەنێت
  • موقەدەم: داڵێك‌و ئەستێرەیەك هەڵدەگرێت
  • عەقید: داڵێك‌و دوو ئەستێرە
  • عەمید: داڵێك‌و سێ ئەستێرە
  • لیوا: داڵێك‌و دوو شمشێری یەكتربڕ لەسەر شانیەتی
  • فەریق: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و ئەستێرەیەك
  • فەریق ئەوەل: داڵێك‌و دوو شمشێر‌و دوو ئەستێرە
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT