بەڕێوەبەری لقی كەركوكی كۆمپانیای دابەشكردنی غاز، رەتیدەكاتەوە هیچ قەیرانێكی غاز لە كەركوك بونی هەبێت و جەختدەكاتەوە لەوەی "كەسانی نەفس نزم" پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە.
رەتكردنەوەی كۆمپانیای دابەشكردنی غاز لە كەركوك بۆ بونی قەیرانی غاز، دوای ئەوە دێت كە چەند پەیج و ئەكاونتێك و تەنانەت هاوڵاتیانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باسیان لە كەمی غاز و دەستنەكەوتنی دەكرد لە پارێزگاكەدا.
ئەندازیار مزەفەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری لقی كەركوكی كۆمپانیای دابەشكردنی غاز، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژانە 30 هەزار بوتڵی غاز لەڕێی كارگە حكومیی و ئەهلییەكانەوە پڕدەكەینەوە... بەرهەمهێنان و پڕكردنەوەی غاز بەردەوامە و بەهیچ شێوەیەك رانەوەستاوە".
بەپێی وتەی ئەو، رۆژانە لە حەوتی بەیانییەوە تاوەكو سێی ئێوارە، بوتڵی غاز لە كارگەكاندا پڕدەكرێتەوە.
"لە هەموو كۆگاكانی سەر بە كۆمپانیاكەمان غاز هەیە و توشی هیچ كەمییەكی غاز نەبوین. لەئێستدا لە هەموو كۆگاكان بڕی پێویست غاز هەیە و بەرهەمهێنان كەمی نەكردووە"، ئەندازیار مزەفەر ئیبراهیم وایوت.
جەختیشیكردەوە "قەیرانێكی دروستكراو هەیە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی نەفس نزم و هەندێك لەوانەی غاز دەفرۆشن. ئەوان دەزانن لە وەرزی زستاندا خواست كەمێك لەسەر غاز زیادی كردووە، ئەو هەلەیان قۆستۆتەوە بۆ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی ئەوەی گوایا كارگەكان وەستاون لەبەر نەبونی غاز، بەڵام تەواوی ئەو پڕوپاگەندانە بەدرۆدەخەینەوە و لە هەموو كۆگاكان غازی پێویست هەیە".
قەیرانێكی دروستكراو هەیە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی نەفس نزم و هەندێك لەوانەی غاز دەفرۆشن
جەختیشیكردەوە "رۆژانە غازی پێویست بە هەموو بریكارەكان دەدەین، ئەوەش لەژێر چاودێردا دەبێت، تا غاز بە هەموو هاوڵاتیان بگات لە هەموو گەڕەكەكاندا".
بەپێی بەدواداچونەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)، پڕكردنەوەی بوتڵی غاز لە كەركوك بە حەوت هەزار دینارە، بەڵام لەچەند شوێنێك زیاتر لەو نرخە وەرگیراوە، لەوانە نۆ تا 10 هەزار دینار.
بەڵام لقی كەركوی كۆمپانیای دابەشكردنی غاز، لە چەند رۆژی رابردودا خۆی هەڵمەتێكی دەستپێكرد بۆ پڕكردنەوە و دابەشكردنی غاز بە پێنج هەزار دینار.
ئەندازیار مزەفەر ئیبراهیم، لەبارەی ئەو هەڵمەتەوە وتی "ئەوە هەنگاوێكی نوێمانە و نرخی حكومی غازی كۆمپانیاكەمانە بە هاوڵاتیان و خۆمان راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكەین".
لەبارەی ئەوەی هەندێك كەس دەڵێن، بوتڵی غازەكانمان بۆ پڕناكەنەوە، مزەفەر ئیبراهیم وتی "لەم ماوەیەدا جۆرە بوتڵێكی غاز هاتۆتە عیراقەوە كە لەگەڵ ستاندارد و مەرجەكانی حكومەتی عیراقیدا یەكناگرێتەوە، بوتڵەكە بەپێی ئەو ستانداردە نییە كە ئێمە كاری پێدەكەین، چونكە بەرگەی فشار ناگرن و جێی مەترسی زۆرن بۆ هاوڵاتیان، هەروەها لە مەرجەكانی حكومەتی عیراق دەرنەچون، بۆیە ئێمە كارەگەكانمان راسپاردووە، بەهیچ جۆرێك ئەو بوتڵانە پڕنەكەنەوە و هەركات ئەو بوتڵانەش كەوتە بەردەستیان دەستی بەسەردابگرن".
جەختیشیكردەوە "پڕنەكردنەوە و دەستاودەستپێنەكردنی ئەو بوتڵانەش لە پێناو پارێزگاریكرنە لە ژیانی هاوڵاتیان".
كۆمپانیای دابەشكردنی غاز، شوێنی تایبەتی هەیە بۆ فرۆشتنی ئەو بوتڵانەی كە بەپێی ئەو مەرج و ستانداردانە دروستكراون كە حكومەتی عیراق رەزامەندی لەسەر داوە. هەر ئەوانیش تاكە نوێنەر و رێگەپێدراوی سەرەكی فرۆشتن و دابەشكردنی بوتڵی غازن.
مزەفەر ئیبراهیم، وتی "داوا لە هاوڵاتیان دەكەم كە لە بازاڕەكاندا بوتڵی غاز مەكڕن"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە دواتر بۆیان پڕناكرێنەوە.