ئیدارەی پارێزگای كەركوك لە هەوڵدایە، بۆ جێبەجێنەكردنی بڕیارێكی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق، كە تایبەتە بەتێكدانی بیرەكانی ئاو، بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە سەدان جوتیاری سنوری قەزای داقوق حەوزە ماسییەكانیان لەدەستدەدەن.
جوتیارانی سنوری قەزای داقوق، 11ی كانونی دووەم چونە بەردەم بینای قایمقامیەتی قەزاكە و داوایانكرد ئەو بڕیارەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق هەڵبوەشێتەوە.
بەپێی بڕیارەكە، كە لە چەند رۆژی رابردودا، قایمقامیەتی داقوق ئاگاداركراوەتەوە لە جێبەجێكردنی، تەواوی بیرەكانی قەزاكە تێكدەدرێن، لەكاتێكدا زیاتر لە دوو هەزار حەوزی ماسی لەڕێی ئەو بیرانەوە ئاویان پێدەگات.
رەمەزان مەجید، خاوەنی حەوزی ماسی لە داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێمانوایە ئەم بڕیارە بۆ لەناوبردنی حەوزەكانی ماسییە لە قەزای داقوق، دەبێت حكومەت ئەو راستییە بزانێت كە هیچ پارێزگایەكی عیراق نەماوە ماسی داقوقی پێنەگات... عیراق بە ماسی ئێمە دەژیت، جگە لەوەش هەر جوتیارێك لەڕێی حەوزە ماسییەكانییەوە دەرفەتی كاری بۆ دەیان كەسی تر لە پاسەوان، كرێكار و شۆفێر رەخساندووە، هەروەها بازاڕەكانمان بە ماسی داقوق دەوڵەمەند كردووە".
خۆپیشاندانی جوتیارانی سنوری داقوق، دژی بڕیاری تێكدانی بیرەكانیان. كەركوك ناو
رەمەزان یەكێك بوو لەو دەیان جوتیارەی لە گردبونەوەكەی بەردەم، بینای قایمقامیەت بەشداربوو.
ئەو وتی "پێویستە رێگەمان پێبدەن كار و كەسابەتی خۆمان بكەین، ماسی بۆ خەڵكی داقوق وەك نەوت بە نرخە، داواكارین دەستكاریی ئەم حەوزانە نەكرێت لەڕێی تێكدانی بیرەكانەوە، چونكە بیرەكان تاكە سەرچاوەی پەیداكردنی ئاون بۆ حەوزەكان".
لە قەزای داقوق 2 هەزار و 226 حەوزی ماسی هەیە و پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، ئەوەش لەڕێی هەڵكەندنی بیرەوە.
ئاوی بیرەكانی قەزاكە سوێرە، ئەوەش وەك جوتیاران دەڵێن، كاریگەری هەیە لەسەر تام و چێژی ماسییەكان و خواستی زیاتری لەسەر هەیە، بەراورد بە ماسی ناوچەكانی تر.
ڤیدیۆ: بازاڕێكی فرۆشتن و برژاندنی ماسی لە موسڵ، كە تیایدا باس لە گرنگی ماسی قەزای داقوق دەكات
بەپێی سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی ئاوی ژێرزەوی كەركوك، بڕیارەكە دوای ئەوە هاتووە كە ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەكە بە "ڕێژەیەكی زۆر كەمیكردووە".
ئەو وتی "خەریكە داقوق دەبێتە دەریاچە ئەوەندە حەوزی ماسی لێیە، بەڵێ دەزانین بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە ئەو حەوزە ماسییانە لەناودەچن".
ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە حكومەت هیچ پلانێكی نییە بۆ بەردەوامبونی جوتیاران لەسەر بەخێوكردنی سامانی ماسی.
عیماد نیعمەت، جوتیارێكی تری سنوری قەزای داقوق و خاوەنی حەوزی ماسی، وتی "هاتون دەڵێن بیرەكانتان پڕدەكەینەوە، بە جێبەجێكردنی سەدان حەوزی ماسی وێران دەبن، بەڵام هیچ چارەسەری تریان پێ نییە، پڕۆژەی ئاوی داقوق هەیە، بەڵام جاری وا هەیە، سێ رۆژ ئاومان پێناگات".
پڕۆژەی ئاوی داقوق دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حزبی بەعس، ئامانج لێی گەیاندنی ئاوی زێی بچوكە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانی داقوق.
بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ كەمكردنەوەی ئاوی زێی بچوك، زۆرترین جوتیاریش رویان لە بەخێوكردنی سامانی ماسی كردووە، ئەوەش ئاوی زۆرتر و بەردەوامی پێویستە.
عیماد وتی "داواكارین بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە، بۆ ئەوەی سامانی ماسی لە داقوق لە ناونەچێت".
داواكارین بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە، بۆ ئەوەی سامانی ماسی لە داقوق لە ناونەچێت
عەباس سابیر، نوێنەری قایمقامیەتی قەزای داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "حەوزی ماسییەكان بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون، رێنماییمان بۆ هاتووە رێگە بەو بیرانە نەدرێت كە بۆ بەخێوكردنی ماسییەكان هەڵكەندراون، تەنانەت لە بازگەكاندا رێگە بە تێپەڕبونی ئەو ئامێرانەش نادرێت كە لە هەڵكەندنی بیری ئاودا بەكاردەهێنرێن، تەنیا دەبێت رەزامەندی پارێزگار و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانت پێبێت".
لە بارەی چارەسەری حكومەت بۆ ئەو جوتیارانە، عەباس وتی "لەكاتی خۆپیشادانەكەدا پەیوەندیمان بە پارێزگاری كەركوكەوە كردووە و وردەكاری كێشەكەمان تێگەیاندووە، ئەویش رایسپاردوین بۆ ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوەوە بكەین و كێشەی جوتیارانیان پێبگەیەنین، لەپێناو جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارە".