عیراق: روداوەكانی 2021

دیالە/ تشرینی یەكەمی 2021/ كارمەندێكی ئەمنی لە بنكەیەكی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

هیومان ڕایتس ۆوچ

لە ساڵی 2021، حکومەت شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو کەسانەی کە بەرپرسیاربون لە ڕەشبگیری و بێسەرشوێنکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و ئەوانەی بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە گروپە سیاسی و چەکدارەکان دەگرت.

هێشتا سیستەمی دادوەری عێراق گیرۆدەیە بە ئەشکەنجەدانی بەربڵاو و ناچارکردنی زیندانیان بە دانپێدانانی زۆرەملێ. سەرەڕای پێشێلکاری یاسایی گەورە لەکاتی دادگایکردنەکاندا، بەرپرسان لانی کەم 91 سزای لە سێدارەدانیان جێبەجێکردووە.

هیچ دەستگیرکراوێکی داعش بە تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک تاوانی جەنگ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید حکوم نەدراوە. لە مانگی مارس، پەرلەمانی عێراق هەستا بە تێپەڕاندنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی یەزیدی کە تاوانەکانی داعش لەدژی کەمایەتیەکانی ژنانی وەک یەزیدی و تورکمان و مەسیحی و شەبەک بە جینۆساید و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دەناسێنێت، بەڵام هەنگاوێکی پراکتیکی زۆر کەم نراوە لە جێبەجێکردنی یاساکە.

لە هێرشێکی چاونەترسانە و بێشەرمانەدا لە 7ی تشرینی دووەم، چەکدارانی نەناسراو لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانیاندا لە ماڵەکەیدا، بەڵام هەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.

لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاریەکانی دژی ڕەخنەگران

لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان و حەشدی شەعبی کە گوایە لەژێرکۆنترۆڵی سەرۆک وەزیراندایە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2019 تا کۆتایی کانوونی یەکەمی 2020، لانی کەم 056 خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنیەکان لە بە‌غدا و شارەکانی باشووری عێراق کوژران. لە مایسی 2020، کاتێک مستەفا کازمی بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمیتەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران دروستکرد. هەتا مانگی ئەیلولی 2021، ئەو کۆمیتەیە هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکانی ڕانەگەیاندووە.

لە تەمووزی 2020، حکومەت ڕایگەیاند کە قەرەبووی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکاتەوە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. هەتا مانگی ئەیلولی 2021، خێزانی شەش چالاکوانی کوژراو کە لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچەوە پەیوەندیان پێوەکرا هیچ قەرەبویەکیان وەرنەگرتبوو. لە شوباتی 2021، حکومەت دەستگیرکردنی ئەندامانی "گروپێکی تیرۆرکردنی" ڕاگەیاند کە گوایە بەرپرسیاربوون لە کوشتنی لانی کەم لە سێ چالاکوان لە شاری بەسرەی باشوری عێراق. لە مانگی تەمووز، بەرپرسانی بەغدا ڕایانگەیاند کە هەستاون بە دەستگیرکردنی سێ ئەفسەری پلەنزمی هێزە ئەمنیەکان کە تێوەگلابوون لە پێشێلکاریەکانی دژی خۆپیشاندەران، لەگەڵ پیاوێک کە گوایە بەرپرسیاربووە لە کوشتنی توێژەری سیاسی هیشام هاشمی لە ساڵی 2020.

لە ڕاپۆرتێکی یۆنامی کە لە مانگی مایسدا بڵاوکرایەووە هاتبوو هیچ یەکێک لەو چەندین دەستگیرکردنەی ئەنجامدرابوو پەیوەست بە هەڵمەتی کوشتنەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە زیاتر تێپەڕینەکردووە. تا کۆتایی مانگی ئەیلول، هیچ حوکم و سزایەک بۆ هیچ کام لە دەستگیرکراوەکان دەرنەچووبوو.

ئەشکەنجەدان و پێشێلکاریەکانی دادگای عادیلانە و سزای لە سێدارەدان

لە مانگی ئاب، یۆنامی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەووە لە سەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 200 دەستگیرکراو کە زیاد لە نیوەیان ووتبوویان کە ئەشکەنجە دراون. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە بەرپرسان ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە دەدەن لەپێناو ناچارکردنی زیندانیان بە دانپێدانان، ئەم دەرەئەنجامە هاوتایە لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس ۆوچ لەسەر ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی لە عێراق.

دادگایکردنی بەرگریکارانی تۆمەتبار بە یاسایی تیرۆری عێراقی بەزۆری بۆ ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لەناو داعش بەگشتی پەلەیان تێداکراوە و بەبێ بەشداربوونی قوربانیان بووە. بەشێوەیەکی سەرەکی حکومدان لەسەر بنەمای دانپێدانان بووە بەوانەشەوە کە بە زۆرەملێ کراوون. بەرپرسان بەشێوەیەکی سیستماتیکی پێشێلی مافە یاساییەکانی گومانلێکراوانیان کردووە؛ بۆ نموونە لە یاسای عێراقیدا هاتووە دەبێت دەستگیرکراو لە ماوەی 24 کاتژمێردا ببرێتە بەردەم دادوەر و پارێزەری هەبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەکان و ئاگادارکردنەوەی کاسوکاریان و ڕيگەدان بەسەردانکردنیان لەلایەن خێزانەکانیانەوە.

لە یاسایی سزادانی عێراقیدا هاتووە بەرپرسان دەتوانن منداڵی گومانلێکراوی تا تەمەن 9 ساڵ لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەغداو تا تەمەن 11 ساڵ لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی تیرۆر سزا بدەن. ئەمەش پێشێلکاری ستاندەردە نێودەوڵەتیەکانە کە دەڵێ ئەو منداڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە چەکدار دەکرێن و بەکاردەهێنرێن دەبێت وەک قوربانی هەژمار بکرێن و چارەسەربکرێن و بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگا و هەروەها داوا دەکەن کە ڕێوشوێنی سزای یاسای دژی خوار تەمەن 14 ساڵ نەگیرێتەبەر.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی داد لەمانگی ئەیلول، بەرپرسان نزیکەی 50 هەزار کەسیان بە تۆمەتی گومانی تیرۆر دەستگیرکردووە کە زیاد لە نیوەیان سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، لانی کەم لە 19 سزای لەسێدارەدان تا مانگی ئەیلول جێبەجێکراوە. لە نێو ئەوانەی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە زیندانی کراون 700 کەسی بێگانەو 900 منداڵ هەیە، بەڵام منداڵان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرناکرێ.

زۆرێک لە بەرگریکاران دەستگیرکراون لەبەرئەوەی ناویان لە لیستەکانی داواکراواندا هەبووە کە گومان لە ڕاستی و دروستیان دەکرێ یان لەبەرئەوەی ناوی ئەندامانی خێزانەکانیان لەناو لیستەکاندا هەبووە.

بەپێی لێدوانی ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2008وە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێردراوە تەنها لە هەندێک ''حاڵەتی کەمدا نەبێت کە زۆر بە پێویست دەزانرێت.''

تاوانەکانی داعش لەدژی هاووڵاتیانی یەزیدی

سەرەڕایی هەڵمەتێکی سیستماتیکی دەستدرێژی سێکسی و بە کۆیلەکردنی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێی ژنان و کچانی یەزیدی، داواکاران و دەسەڵاتداران هیچ گومانلێکراوێکی داعشیان بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارو دادگایی نەکردوە کە سزاکەی تا 15 ساڵ زیندانیە تەنانەت بۆ ئەو کەیسانەش کە دەستگیرکراوان دانیانناوە بەوەی کە یەزیدیەکانیان وەک کۆیلەی سێکسی بەکارهێناوە. لەبری ئەوە، دادوەرە عێراقیەکان بەشێوەیەکی ڕۆتینی هەستان بە دادگایکردنی گومانلێکراوان تەنها لەسەر بنەمای تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعش. هیچ دەستگیرکراوێکی داعش بە تۆمەتی تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک تاوانی جەنگ و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی یان جینۆساید سزا نەدراوە سەرەڕای ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لەدژی یەزیدیەکان لەلایەن داعش.

لە 1ی مارسی 2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژنانی ڕزگاربووی یەزیدی تێپەڕاند کە تاوانەکانی داعش وەک ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و سکپڕکردن و منداڵ لەباربردن لە دژی ژنان و کچانی یەزیدی و تورکمان و شەبەک و مەسیحی وەک جینۆساید و تاوان لەدژی مرۆڤایەتی دەناسێنێ. یاساکە باس لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و  هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنیان و گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا دەکات لەگەڵ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم جۆرە لە داهاتوودا. لە ئەیلولی 2021، پەرلەمان ڕێکاری پێویستی تێپەڕاند بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵام تا مانگی تشرینی دووەم بەرەوپێشچونێکی زۆر کەم لە جێبەجێکردنی یاساکە کرابوو.

سزادانی بە کۆمەڵ

لە مارسی 2020، حکومەت هەستا بە ئەنجامدانی پلانێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانی عێراق لەسەر بنەمای ڕێوشوێنێکی تێروتەسەل و گونجاو بۆ هاوکاریکردنی کێشەی درێژخایەنی ئاوارەبوون لە عێراقدا. بەڵام، لە نێوان تشرینی یەکەمی 2020 و کانوونی دووەمی 2021، حکومەت هەستا بە داخستنی 16 کامپی ئاوارە بەبێ دابینکردنی هیچ دڵنیاییەک بۆ لانی کەم لە 34،801 کەس لە دابینکردنی شوێنی مانەوەو گەڕانەوە بۆ شوێنەکانیان بەسەلامەتی و دابینکردنی خزمەتگوزاری. زۆرێک لە دانیشتوانی کامپەکان خێزانی بێ باوک بوون کە بەهۆی شەڕی داعش و سوپای عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 ئاوارە بوون و زۆرێک لەم خێزانانە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش هەژمار دەکرێن.

تەنها سێ کامپ لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی بە‌غدا بە کراوەیی ماوەتەوە کە دوانیان لە پارێزگای نەینەواو یەکێکیان لە پارێزگای ئەنبارە.

لە مانگی تەموز، سوپای عێراق بەشێوەیەکی نایاسایی هەستا بە دەرکردن و گواستنەوەی 91 خێزانی گوندێکی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ یەکێک لە کامپەکانی پارێزگای نەینەوا بەهۆی کێشەی خێزانی لەگەڵ وەزیرێکی حکومەت.

لە 2021، هێزە ئەمنیەکان بەردەوام بوون لە بێبەشکردنی هەزاران خێزانی عێراقی -- کە دەسەڵاتداران بەنزیک لە داعش ناویان دەبەن عادەتەن لەسەر بنەمای ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان پەیوەندی بە داعش کردوە -- لە پێدانی ئەستۆپاکی ئەمنی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەو بەڵگەنامە یاساییە گرنگەکانی تر. ئەمەش بووەتە هۆی بێبەشکردنیان لە ئازادی هاتوچۆو مافی خوێندن و کارو وەرگرتنی سودە کۆمەڵایەتیەکان و بڕوانامەی لەدایک بوون و مردن کە پێویستن بۆ وەرگرتنی میرات و شوکردنەوە.

دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە رێگریکردن لە هەزاران منداڵی بێناسنامە لە چوونە قوتابخانەکانی دەوڵەت بەوانەشەوە کە لەناو کامپەکاندا بون.

حکومەت ڕێگەی بە چەند خێزانێک دا لە بەدەست هێنانی ئەستۆپاکی ئەمنی بەمەرجێک ئەگەر داوایەکی یاساییان پێشکەشکردایە لە بەڵێندان لە بێبەریکردنی هەر ئەندامی خێزانێکیان یان کەس و کاریان کە گومانی لێدەکرێ پەیوەندی بە داعش کردبێ. لەپاش ئەمە، دادگا نوسراوێکیان دەداتێ بۆ هێزە ئەمنیەکان تا بتوانن ئەستۆپاکی ئەمنی وەرگرن.

لانی کەم لە 30 هەزار عێراقی کە لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 لە ووڵات هەڵهاتوون، بە هەندێک لەوانەشەوە کە لەگەڵ داعش ڕۆیشتبوون لەکاتی پاشەکشەیان لە عێراق، لە ناو و دەوروبەری کامپی هۆل لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستبەسەرن. لە مانگی مایس، حکومەتی عێراقی هەستا بە گەڕاندنەوەی 95 خێزانی عێراقی کامپی هۆل  و لانی کەم 20 خێزانی تر لە مانگی ئەیلول. دەسەڵاتداران هەستاون بە ڕێگریکردن لە هەندێکیان لە چوونەدەرەوە لە کامپەکان و وەرگرتنەوەی مۆبایلەکانیان و  گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی هەزاران عەرەب لە گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان لە ناحیەی ڕەبیعەو حەمدانیە کە هێزەکانی ئەم ناوچانەی کۆنترۆڵکرد لە پاش وەدەرنانی داعش لە ساڵی 2014، بەڵام ڕێگەیاندا بە گەڕانەوەی گوندنشینە کوردەکان بۆ هەندێک لەم ناوچانە.

هەڵبژاردن

 لە 10ی تشرینی یەکەم، عێراقیەکان دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ کە ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان  ٪36 بوو. رەوتەکەی ڕێبەری ناوداری شیعە؛ موقتەدا سەدر  توانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بباتەوە لە هەڵبژاردنێکی ئاشتیانەدا.

کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت

عێراق شکستی هێنا لە دابینکردنی مافە سیاسیەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەت مافی دەنگدان. زۆرجار کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مافی دەنگدان بێبەشکراون بە هۆی دۆخی خراپی ناو بنکەکانی دەنگدان و توانای نەگەیشتن بە بنکەکانی دەنگدان یان ڕێگریکردن لە خۆهەڵبژاردن بەهۆی ئەو یاسایانەی کە جیاکاری لەدژی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن و "توانای جەستەی تەواو" دەکەنە مەرج یان بەربەستی یاسایی و سیاسی وەک مەرجی هەبوونی بڕوانامەی خوێندن کە بەدەستهێنانی ئەستەمە بۆ زۆرێک لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. لە ساڵی 2019، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ووتی عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی جیهان کە زۆرترین کەمئەندامی هەیە بەهۆی دەیان ساڵی جەنگ و تووندوتیژی بە شەڕی داعشیشەوە لە ساڵی 2014 بۆ 2017. 

دادگایکردنی ڕەخنەگران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە 2021، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر سێ ڕۆژنامەنووس و دوو چالاکوان لە پرۆسەیەکدا کە پێشێلکاری جدی دادگایکردنی عادیلانەی تێدابوو لەگەڵ دەست تێوەردانی سیاسی لە ئاستی باڵادا. دادگا هەستا بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بەرگریکاران لە ئەشکەنجەدانیان و مامەڵەی خراپ و ووتی بەڵگەی پێویستیان نیە. ڕۆژنامەنوسێکی تر سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایلەکەیی و ناوزڕاندن لە مانگی حوزەیران و ئەیلول. چوار چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی تر لە ساڵی 2020 دەستگیرکران و هەتا مانگی تشرینی یەکەمی 2021 چاوەڕوانی ئەوە بوون تۆمەتی دەستگیرکردنەکانیان ئاراستە بکرێت.

مافەکانی ژنان، شووناسی جێندەری، خۆاستی سێکسی و یاساکانی ڕەوشت

سەرەڕایی ئەوەی یاسای سزادانی عێراقی لێدانی جەستەیی بە تاوان لەقەڵەم دەدا، ماددەی 41 (1) ڕێگە بە مێرد دەدات کە "سزای" ژنەکەی بدات یان دایک و باوک دیسیپلنی منداڵەکانیان بکەن "بەشێوەیەکی سنوردار کە لە یاسا یان نەریتدا هاتووە." لە ئامارێکی یونیسێفدا هاتووە کە لە ٪80 ی منداڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. هەروەها یاسای سزادانی عێراقی سزای زیندانی کەم دەکاتەوە بۆ کارە توندوتیژیەکانی وەک کوشتن "بەهۆی شەرەف" و یان گرتنی ژن یان کچێکی ناسیاو لەکاتی سێکسکردن لەدەرەوەی هاوسەرگیری.

یاسای لەم جۆرە کە جیاکاری تێدایە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەکاتەوە. ڕاپۆرت لەبارەی چەندین کەیسی توندوتیژی خێزانی بە کوشتنی ژنان و کچانیشەوە لەلایەن مێردەکانیان و خێزانەکانیانەوە لەسەرتاسەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا.

لە ساڵی 2019وە هەوڵە پەرلەمانیەکان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەک لەدژی تووندوتیژی خێزانی لە پەرلەماندا چەقی بەستووە. کۆپی 2019ی یاساکە کە لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچەوە بینرا بڕگەی تێدابوو باسی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانی دەکرد لەگەڵ فەرمانی دادوەری بۆ ڕێگری کاتی لە کەسی دەستدرێژیکار لە نزیک بوونەوە یان پەیوەندیکردن بە قوربانیەکەوەو سزادانیان لەکاتی پێشێلکردنی یاساکەدا، هەروەها دامەزراندنی کۆمیتەیەک لە وەزارەتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی. لە پرۆژە یاساکەدا هەندێک بۆشایی و بڕگە هەیە کە لە کاریگەری جێبەجێکردنی یاساکە کەم دەکاتەوە وەک ئەولەویەتدان بە ئاشتکردنەوە لەبری پارێزگاری و دادپەروەری بۆ قوربانیەکە.

لە 2021، هێزە ئەمنیەکانی عێراق هەستان بە دەستگیرکردنی کوێرانەی هاوڕەگەزخوازان، دووڕەگەزخوازان و ڕەگەزگۆڕەکان  تەنها لەسەر بنەمای ڕەگەزو ڕوخساریان لەگەڵ ئەنجامدانی مامەڵەی خراپ لەگەڵیان وەک ئەشکەنجە و لێدان و پشکنینی بەزۆرەملێی کۆم و تووندوتیژی سێکسی لەکاتی بەندکردنیان. هەروەها هێزە ئەمنیەکان هەستان بە هەراسانکردنی جەستەیی و زارەکی ئەم کەسانە لە بازگەکاندا. هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی دۆکیومێنتاری کرد لەسەر کەیسی چاودێری دیجیتاڵی سۆشیال میدیاو ئاپی چاوپێکەوتنی ئەم کەسانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە. حکومەت شکستی هێنا لە لێپرسینەوە لە ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان کە هەستاون بە ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەم کەسانە لە عیراق.

ماددەی 394ی یاسای سزادانی عێراقی سێکسکردن لەدەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری بە نایاسایی لەقەڵەم دەدات کە ئەمەش پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی خەڵکە و بەزۆری زیان بەم کەسانەو ژنان دەگەیەنێ چونکە سکپڕبون وەک بەڵگە بۆ پێشێلکردنی یاساکە بەکاردەهێنرێ. بەپێی ئەم یاسایە، ئەو ژنانەی داوا لەدژی دەستدرێژی سێکسی بۆسەریان پێشکەش دەکەن خۆیان روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەکەنەوە. یاسای سزادانی عێراقی بەڕوونی ڕێگری ناکات لە پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی، بەڵام ماددەی 401ی یاسای سزادانی عێراقی دەڵێ دەبێت لێپرسینەوەی یاسایی لە هەرکەسێک بکرێت کە لە شوێنی گشتیدا"کاری بەدڕەوشتی" دەکات و سزاکەی تا شەش مانگ زیندانی بێت.

ئەکتەرە سەرەکیە نێودەوڵەتییەکان

لە 3ی کانوونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسدرانی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا . پاش دوو ڕۆژ، پەرلەمانتارانی عێراق هەستان بە تێپەڕاندنی بڕیارێک کە وابەستەی یاسایی نیە بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان بە پێشڕەوی ئەمریکا. لە ناوەڕاستی 2021، سەرۆک بایدن ووتی تا کۆتایی 31ی کانوونی یەکەمی 2021، هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کۆتایی بە ئەرکەکەیان لە عێراق دێنن ، بەڵام بەردەوام دەبن لە دابینکردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیەکان.

لە ساڵی 2021، هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە کردنە ئامانجی ئەندامانی پژاک و پەکەکە لە باکوری عێراق و لە هەندێک حاڵەتدا ئەم هێرشانە بوونە هۆی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی. هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگادار نیە لە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هێرشی نایاسایی لە باکوری عێراق یان قەرەبووکردنەوەی قوربانیان.

لە 2017، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان هەستا بە دروستکردنی تیمێکی لێکۆڵەر، یونیتاد، بۆ بە بەڵگەکردنی تاوانە گەورەکانی داعش لە عێراق. بەڕەچاوکردنی کێشەو هەڵەی قوڵ لە سیستمی دادگایکردنی گومانلێکراوانی داعش و بەردەوامی نیگەرانیەکان لەسەر سیستمی دادگایکردنی عادیلانە لە ووڵات، ڕوون نیە تا چەند ئەم تیمە توانیویەتی هاوکاری سیستمی دادوەری عێراق بکات لە بنیادنانی کەیسەکان کە هاوتابن لەگەڵ ستاندەردە نێودەوڵەتیەکان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT