ژنان لە پیشەیەكی مەترسیداردا

چیرۆكی نیگار.. ئەو خانمە كەركوكییەكەی ماڵەكانی سلێمانی روناك دەكاتەوە  

سلێمانی/ كانونی دوەمی 2022/ نیگار سەرقاڵی كردنەوەی محەویلەیەكی كارەبایە لەناو كارگەیەكی سەر بەوەزارەتی كارەبا لە خۆرهەڵاتی شارەكە فۆتۆ: عومەر هیلالی

عومەر هیلالی – كەركوك ناو

"ئامانجمان روناككردنەوەی هەموو ماڵێكە،.. چیتر لەمڕۆ بەدواوە تاریكی نییە" بەو رستەیە و بە رویەكی خۆش و جەستەیەكی شەكەتەوە نیگار سەبور قسەكانی دەستپێدەكات، ئەو خانمانەی هاوڕێیەكانی بە ئاسنین ناوی دەبەن، بەهۆی هەوڵەكانی لە پیشەیەكی قورس و پڕ مەترسیدا.

نیگار؛ بە چیرۆكی ئاوارەبونی لە كەركوكەوە بۆ سلێمانی، هەوڵدەدات ئەو پەیامە بە ژنان بگەیەنێت، ئەوان دەتوانن بەسەر نەهامەتییەكاندا زاڵ بن، سەرباری بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابوری، لە كارگەیەكی چاككردنەوەی محەویلەی كارەبا كاردەكات.

"هەلومەرجی سەختی ژیان وایلێكردم لەو بوارەدا كاربكەم" نیگار وای وت.

ئەو خانمە كە لە كۆتایی چلەكانی تەمەنیدایە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەم پیشەیەی من بۆ ژنان بە گشتی قورسە، بە تایبەت لەروی جەستەییەوە، جگە لە هەبونی چەندین مادەی كیمیایی و زەیتی نیمچە ژەهراوی و بۆنی مەترسیدار".

IMG_0043
سلێمانی/ كانونی دوەمی 2022/ نیگار و كارمەندێكی هاوڕێی لەكاتی كاركردندا فۆتۆ: عومەر هیلالی

"بەڵام بە راشكاوی چێژ لە پیشەكە دەبینین، كاتێك محەویلەیەك چاك دەكەینەوە لە پێناو روناككردنەوەی ماڵی هاوڵاتیان تا لە تاریكدا نەمێنننەوە" نیگار لەكاتی قسەكردنیدا سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی محەویلەیەكی گەورە بوو لە كارگەیەكی خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی.

 

ژنان لە پیشەیەكی قورس و مەترسیداردا داهێنان دەكەن

لە كارگەی چاككردنەوەی محەویلەی كارەبا سەر بە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، 33 ژن كاردەكەن، كە دوو لەسەر سێی كارمەندانی كارگەكە پێكدەهێنن، لەو بوارەدا كاری گەورە دەكەن بەپێی وەسفی پیاوانی ئەوێ، عامر محەمەد بەڕێوەبەری كارگەكە كاری ئەو ژنانە بە "نایاب" ناودەبات و دەڵێت، بە وردی و خێرایی كارەكانیان جێبەجێدەكەن.

"تەمەنی ژنانی كرێكار و كارمەند لەو كارگەیەدا لە نێوان 30 تا 60 ساڵیدایە، بەپێی پێوەری كاركردنی بە گروپیش لای ئێمە هەر چوار ژن و پیاوێكیان لەگەڵدایە" عامر محەمەد وادەڵێت، جەخت لەوەشدەكاتەوە "من شانازییان پێوەدەكەم، وەك چۆن خێزانەكانیشیان شانازییان پێوەدەكەن".

ئەو كارگەیە لە ساڵی 1994ـدا دامەزراوە، ئەوكاتەی عیراق لەژێر گەمارۆی ئابوریدا بوو، بە یەكێك لە یەكەم كارگەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و 54 كارمەندی هەیە كە زۆرینە ژنن.

IMG_0045-2
سلێمانی/ كانونی دوەمی 2022/ نیگار و هاوڕێیەیەكی محەویلەیەك ئامادەدەكەن تا بە بەرزكەرەوە بیگوازنەوە فۆتۆ: عومەر هیلالی

 

مافی كەم و ماندوبونی زۆر

ئەو تێڕوانینە باوەی دەڵێت كاری قورس تەنیا بۆ پیاوانە، ژنانی كارگەكە پێچەوانەكەی دەسەلمێنن، سەرباری مەترسیداری و سەختی پیشەكە، محەویلیەكان هەموو ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەوان بەردەوامن و بەجددی كاردەكەن، نیگار كە دایكی سێ كوڕە وادەڵێت، پێشیوایە هێشتا كۆمەڵگە دژایەتی كاركردنی ژن و تواناكانیان دەكات.

ژنانی عیراق بەگشتی توانا و لێهاتوی بەرزیان هەیە... چەندین پۆست بەڕێوەدەبەن و لە بوارە جیاوازەكاندا هەن، بەڵام هێشتا بەدەست پەراوێزخستن و جیاكاریی لە هەلیكار و دامەزراندندا دەناڵێنن، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی لایەنی پەیوەندیدار بە كاروباری ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە داوادەكەن گرنگی زیاتر بە ژنانی عیراق بدرێت.

دوای رۆژێكی سەخت و شەوێكی درێژ لە خزمەتكردنی خێزانەكەیدا، نیگار كاتژمێر 8ـی بەیانی دەچێتەوە كارگە و لەوێ بە "چەكوش، ئیسپانە، كۆسەرە و كردنەوەی بورغی گەورە" تا كاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆ كاردەكات، سەرباری ئەو هەموو هەوڵ و ماندوبونە، هێشتا زەردەخەنە دەكات و دەیەوێت رێكی جەستەی بپارێزێت كە شەكەتی كاركردنە، كاتێكیش شەوانی ماڵەكانی سلێمانی بە روناكی دەبینێت جارێكیتر زەردەخەنە و دڵخۆشی دەكەوێتەوە سەر روخساری.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT