توركمانی تەلەعفەر داوای پۆست لە حكومەتی داهاتودا دەكەن

نەینەوا/ تشرینی یەكەمی 2021/ كۆبونەوەی پاڵپشتی بۆ ژنە كاندیدێكی توركمانی تەلەعفەر فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

جەعفەر تەلەعفەری – نەینەوا

"لە هەموو خولێكدا پۆستەكان دابەشدەكەن و هیچ نوێنەرێك توركمانی تێدا نییە، دەترسم ئەمجارەش هەمان سیناریۆ دوبارە ببێتەوە" ئەمجەد حەمید، دانیشتوی قەزای تەلەعفەر وای وت، دەربارەی مەترسی بێبەشكردنی پێكهاتەكەی لە ئیدارەدانی عیراقدا.

بەو مەترسییانەوە هاوڵاتیانی تەلەعفەر؛ كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانن، داوا دەكەن لە پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵیدا داپەروەری هەبێت، بەوپێیەی لە هەموو كابینەیەكی رابردوودا تەنیا جارێك نوێنەریان هەبووە، لەكاتێكدا سێیەم نەتەوەن دوای عەرەب و كورد، دەوروبەری سەدا 9ـی دانیشتوانی عیراق پێكدەهێنن.

لە كابینەی دوەمی سەرۆكایەتی نوری مالكی، 2010 – 2014، عیزەدین دەولە (خەڵكی تەلەعفەر) توانی وەزارەتی كشتوكاڵ وەربگرێت، بەڵام كابینەكانی دواتر هیچ كەسایەتییەكی لەو قەزایەدا تیادا نەبوو.

ئەمجەد، گەنجێكە لە سییەكانی تەمەنیدا، بە (كەركوك ناو)ـی وت "توركمان بەدرێژایی مێژوو قوربانی زۆریان داوە، كۆتاجار لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئسلامی "داعش" بوو، هەروەها رۆڵیان لە بنیاتنانەوەی عیراقدا هەبووە، بۆیە پێویستە دادپەروەری هەبێت و مافەكانیان پێبدرێت و رۆڵیان پێبدرێت لە حكومەتی داهاتوودا".

IMG_0168
نەینەوا/ تشرینی یەكەمی 2021/ پەنجەی مۆركراوی هاوڵاتییەكی تەلەعفەر لە دەروازەی شارەكە دوای دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، 10ـی تشرینی یەكەمی 2021، سەدا 44ـی دەنگدەران بەشدارییان كرد و كەمترین رێژە بوو بەراورد بە هەموو هەڵبژاردنەكانی رابردوو لە 2005ـەوە.

لەو هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانی سائیرون زۆرترین كورسی بەدەستهێنا، بەهۆیەوە هەندێك لایەن بە ئەنجامەكان قایل نەبون بەڵام تانەكانیشیان بێ ئەنجام بوو، ئێستاش چەند بەرەیەك لە چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆكایەتی پەرلەماندان تا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دیاریبكات، كە بەپێی دەستور مافی پێكهێنانی حكومەتی هەیە.

لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق پێكهاتەی توركمانی تەنیا توانی 7 كورسی بەدەستبهێنێت.

"داواكردنی نوێنەرایەتی توركمان لە حكومەتی ئایندەدا رەگەزپەرستی و پشكپشكێنە نییە، بەڵكو تەئكیدكردنەوەی لەوەی پێكهاتەیەكی سەرەكین لە كۆمەڵگەی عیراقی و كەسایەتی شایستەیان تێدایە بتوانن رۆڵیان لە ئیدارەدانی وڵات و هەستانەوەیدا هەبێت". بەوتەی یاسین عەبدولكەریم، مامۆستای خانەنشین لە تەلەعفەر.

كەسایەتی بەتوانا و شایستەمان هەیە بۆ حوكمڕانی و داواكەمان بۆ پشكپشكێنە نییە

هەروەها بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناوچە توركمانییەكان روبەڕوی وێرانكاری گەورە بونەوە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان، زۆر پێویستیان بەوەیە یەكێك دەنگی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە حكومەت بگەیەنێت، بە ئامانجی ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق سەرگەردان بون".

داعش لە حوزەیرانی 2014 قەزای تەلەعفەری لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا (70كم خۆرئاوای موسڵ) كۆنترۆڵكرد كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن و روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە، تائێستاش چارەنوسی نزیكەی هەزار و 300 هاوڵاتی نادیارە، هەرچەندە لە ئابی 2017ـەوە قەزاكە كۆنتڕۆڵكراوەتەوە.

"ئەمە داوایەكی پێشوەختەیە بۆ سەركردە سیاسییەكان تا توركمان لە ناونانی وەزارەت و پۆستە ئیدارییە باڵاكاندا بێبەش نەكەن، هاوشێوەی پێكهاتەكانی دیكەی عیراق مافی هەموانە لەو بەرپرسیارێتییەدا بەشداربن، تا هیچ پێكهاتەیەك هەست بە غەدر و پەراوێزخستن نەكەن" یاسر عەدنان (37 ساڵ) وای وت.

IMG_0166
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ناوەندی قەزای تەلەعفەر فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

ئەو روی رەخنەی لە لێپرسراوانی توركمانیشە و بۆ (كەركوك ناو) دەڵێت "لۆمەی ئەوانیتر دەكەین لەسەر پەراوێزخستنی توركمان، بەڵام سیاسیەكانمان خۆیان بەشێكن لەو پرۆسەی پەراوێزخستن و سڕینەوەیە، چونكە ناكۆكی و ململانێ و پەرتەوازەبون بەسەر لیستە مەزهەبی و حزبیەكانی وایكرد زۆرێك لە مافەكانمان لەدەستبدەین، رەنگە كاتی ئەوەهاتبێت یەكگرتوو و یەكدەست بن بۆ داواكاركردنی مافی گەلی توركمانی".

لەسەر ئاستی كاری پەرلەمانی هەریەك لە محەمەد تەقی مەولا، محەمەد ئەمین عوسمان و ئیمان سەلمان لە تەلەعفەر بون بە ئەندامی ئەنجومەنی كاتی نیشتمانی، دواتر هەریەك لە مەولا، عیزەدین دەولە، نەبیل حەربۆ، نەهلە هەبابی، ساجیدە ئەفەندی، حەسەن وەهەب، خەلیل مەولا، لەیال محەمەد عەلی، موختار موسەوی و سابت عەباسی وەك نوێنەری تەلەعفەر لە خولەكانی رابردودا پەرلەمانتار بون و لەخولی نوێی پێنجەمیشدا تەنیا یەك ژنە پەرلەمانتار لە ناوەندی تەلەعفەرەوە سەركەوتووە ئەویش (زولێخا بەكار) بوو بەسیستەمی كۆتا، بەڵام لە ناحیەی سەر بە قەزاكە سێ كەسی دیكە كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.

خولی پێنجەمی پەرلەمان یەكەم دانیشتنی لە 9ـی كانونی دوەمی 2022ـدا ئەنجامدا، لەو دانیشتنەدا محەمەد حەلبوسی لە هاوپەیمانی تەقەدوم وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا و حاكم زاملی، لە هاوپەیمانی سائیرون بۆ جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵا، لە پشكی پارتی و پشكی كەركوك وەك جێگری دوەمی سەرۆك دیاریكران، بەڵام كۆبونەوەكە تانەی لێدراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن یەكلاییبكاتەوە.

قەزای تەلەعفەر كە دانیشتوانەكەی لە 450 هەزار كەسن، لە ناوەندی قەزاكە و سێ ناحیە پێكهاتون، لە ناوەندی شار هەموی توركمان و لە ناوچەكانی دیكەشی عەرەب و كورد لە بەشێكی گوندەكاندا نیشتەجێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT