ژیانی ژێر خێوەتی هەرێمی كوردستان بۆ جوان لوقمان بەهەشتە، بەراورد بە وێرانكارییەكانی سوریا، بەڵام ئەوەش بەس نییە و ئەو ئارامییە ناتوانێت سكی برسیی منداڵەكانی تێر بكات، ئەگەر كاری دەستنەكەوێت و حكومەتیش هاوكاری مانگانەی لێببڕێت.
ئەو هاوكارییەی جوان و زۆرێك لە پەنابەرانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا مانگانە چاوەڕێی دەكەن، لە حكومەتی عێراقییەوە پێیان بگات نزیكەی ساڵێكە بڕاوە، بۆیە هێندەی دیكە بارگرانی كەوتۆتە سەر ژیانیان لە كەمپەكاندا.
"كوردانی باشور زۆر ڕێزمان لێدەگرن، هەستناكەین پەنابەرین... لەڕوی تەندروستی و ئاو و كارەباوە كێشەمان نییە، لە هەمویشی گرنگتر ئەمنیەتە، بە ئارەزوی خۆمان هاتوچۆ دەكەین و كەس ناپرسێت چی دەكەین و بۆ كوێ دەچین، هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە بەراورد بە ڕۆژئاوا وەك بەهەشت وایە" جوان لوقمان، 33 ساڵ، بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو خەڵكی دیمەشقی سوریایە و زیاتر لە هەشت ساڵە ئاوارەی كەمپی دۆمیز بووە لە پارێزگای دهۆك.
جوان هەر لە كەمپ لە ساڵی 2014ـدا ژیانی هاوسەریی پێكهێناوە، ئێستا باوكی چوار منداڵە و بژێوی سەرەكی لەسەر كرێكارییە، "كێشەی سەرەكیمان نەبونی هەلیكارە، زیاتر لە مانگێكە هیچ ئیشێكم نەكردووە، ڕۆژێكیش نەچینە ئیش ئیتر پارەمان نییە، چونكە موچەخۆر نین، لە كاتێكدا ماوەیەكی زۆریشە ئەرزاق(خۆراكی وشكە)ـمان وەرنەگرتووە".
ئەو هاوڵاتییانەی لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵاتون، بەشێكیان لە 2011ـەوە، دوای دەستپێكردنی شەڕ و ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە ئاوارەن و كەمترینیشان گەڕاونەتەوە.
جوان لوقمان دەڵێت، بارودۆخی سوریا سەقامگیر نییە، بۆیە وابڕوات هەر لە هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، منداڵەكانیشیان لە هەرێم دەخوێنن و كێشەیان نییە، هەرچەندە بۆ كوردستان و بە تایبەت دهۆك بونەتە بارگرانی، "بەڵام قەدەری ئێمەبووە ئیتر وایلێهات و هەركات بارودۆخی زێدی خۆمان ئاسایی بووەوە ئەوكات دەڕۆین".
وەزارەت لەمكاتەدا ناتوانێت هاوكاری پێشكەش بە پەنابەران بكات
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 70 هەزار خێزانی پەنابەری سوریی هەن كە زیاتر لە 240 هەزار كەس دەبن، سەدا 40ـی ئەو پەنابەرانەش لە 10 كەمپی پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی دەژین.
ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "لە سەرەتای هاتنی پەنابەرانەوە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دوو مانگ جارێك یان هەندێكجار زیاتر لە دوو مانگ جارێك كارتۆنێك ئەرزاقی وشكە و كارتۆنێك پاككەرەوەی بە هەر خێزانێك دەدا، بەڵام بە بڕیارێكی هەمان وەزارەت ئەم هاوكارییە لە مانگی شوباتی 2021ـەوە ڕاگیراوە، لەوكاتەوە هیچ هاوكارییەكی هاوشێوە نەكراون".
لێپرسراوەكەی فەرمانگەی كۆچ نازانێت بۆچی هاوكارییەكان ڕاگیراون، بەڵام دەڵێت پشكی شێری هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارەی ناوخۆییە، دواتر بۆ پەنابەران، "دیارە وەزارەت لەمكاتەدا ناتوانێت هاوكاری پێشكەش بە پەنابەران بكات، تەنیا دابەشكردنی نەوت ڕانەگیراوە و ئەویش ئەمساڵ زۆر دواكەوتووە و هێشتا بە ئاوارە و پەنابەرانیش نەگەیشتووە" بەوتەی ئەسكەندەر.
هەر لە هەرێمی كوردستان جگە لە پەنابەرانی سوریی، توركیا و فەلەستین و ئێران، زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی ناوخۆییش هەن كە لایەنی یەكەمی بەرپرس لێیان حكومەتی عێراقییە.
"سەرەتای هاتنمان بۆ دهۆك هەموو شتێكیان پێدەداین، بەڵام لە ساڵانی 2020 و 2021ـەوە ڕێژەی هاوكارییەكان یەكجار كەمبۆوە، ساڵێكە ئەرزاقمان وەرنەگرتووە، ماوەیەك لەجێی ئەرزاق هەر نەفەرێك 33 دۆلاری پێدەدرا، بەڵام دواتر ئەوە كەمكرایەوە بۆ 30 دۆلار ئینجا بۆ 24 هەزار و پاشان ئەوەش نەما" حسێن سەعدون جەمبەلی وادەڵێت.
جەمبەلی خەڵكی دێركی ڕۆژئاوای كوردستانە و لە 2013ـەوە ئاوارەی كەمپی دۆمیز بووە، ئەو هەر لەناو كەمپەكەیدا دوكانی تەمبوری هەیە و نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ سوریا، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە ئیشكەرین، ئیش بە چەند بێت دەیكەین، بەڵام خەڵكی ناوچەكە خۆیان بە هەموو ئیشێك ڕازی نابن بیكەن و داوای پارەی زۆر دەكەن".
"لەڕوی هاوكارییەوە تەنیا پارەی نەوتمان وەرگرتووە، ئەویش بڕی 480 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێك، تا سوتەمەنی بكڕین" جەمبەلی وای وت.
لە ساڵانی 2020 و 2021ـەوە ڕێژەی هاوكارییەكان یەكجار كەمبۆوە
لە 10 كەمپەكەی پەنابەرانی هەرێمی كوردستان؛ پێنجیان لە دهۆكە، چواریان لە هەولێر و یەكێكیان لە سلێمانییە، زۆرینەی پەنابەرانی سوریش هەر لە دهۆكن، بەدوای ئەودا هەولێر و بەڕێژەیەكی كەمیشیان لە سلێمانی نیشتەجێن.
كاروان زەكی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كە سەرپەرشتی كاروباری كەمپەكانی ئاوارەیی و پەنابەران دەكەن، دەڵێت، تەنیا لە دهۆك 19 هەزار و 285 خێزانی پەنابەری ڕۆژئاوا هەن، كە 10 هەزار و 898 خێزانیان لەناو پێنج كەمپدا نیشتەجێن و ئەوانیتر لە دەرەوەی كەمپ دەژین.
هەروەها ئاشكرایكرد، تەنیا لەماوەی 9 ڕۆژی سەرەتای ئەمساڵدا 950 كەس لە سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بون.
زەكی بە پەرەگراف-ـی وت "ڕاستە هاوكارییەكان بۆ پەنابەران وەك جاران نییە، بۆ نموونە فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە 2021 تەنیا چوار مانگ هاوكارییان بەسەر پەنابەراندا دابەشكردووە، بۆ ئەمساڵیش هێشتا دیار نییە كە ئایا وەكو ساڵی ڕابردوو دەبێت یان نا".
لێپرسراوەكەی حكومەتی هەرێم دەڵێت، ڕێكخراوی (UNHCR) ساڵانە هەر خێزانێك بڕی 480 هەزار دیناری پێدەدات، بەڵام هێشتا حكومەتی عێراق دابەشكردنی نەوتی دەستپێنەكردووە و لەوبارەیەشەوە نوسراو ئاراستەی وەزارەتی كۆچ كراوە و چاوەڕێی وەڵام دەكەن.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكانی حكومەتی هەرێم خەرجیی ڕۆژانەی ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەرانی سوریی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە و ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار هەیە تا پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكەن.
"حەزدەكەین بگەڕێینەوە، بەڵام هێشتا شەڕ و ئاڵۆزی هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە بەهەشتە، ئێستا ئازادین چی دەكەین، ئەو ئارامییەش بەرانبەرە بە هەموو شتێك" هشیار مستەفا، خەڵكی عەفرین و پەنابەری كەمپی دۆمیز وای وت.
حەزدەكەین بگەڕێینەوە، بەڵام هێشتا شەڕ و ئاڵۆزی هەیە
هشیار ڕۆژانە لە كەمپەوە بۆ كاسیی دەچێتە ناو بازاڕی دهۆك، لەوێ قاوە دەفرۆشێت، ڕۆژانە 10 یان هەندێكجار 15 هەزار دیناری دەستدەكەوێت، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "لەو پارەیە چەند هەزارێكی دەدەم بە تاكسی و لە كۆتاییەكەیدا پێنج هەزارێكم بۆ دەمێنێتەوە، ناچارم ئەو ئیشە بكەم چونكە ئیشی تر نییە".
پەنابەران لە پاڵ چاوەڕوانی هاوكارییەكانی حكومەتدا، چاوێكیان لە دەستی ڕێكخراوە مرۆییەكانیشە، كە بەپێی ئامارەكانی هەرێم 220 هاوبەشی مرۆیی لە دۆسیەی پەنابەران و ئاوارەكاندا كار دەكەن، ئەوەش لە ڕێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە نێویاندا ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.
وەحید ئەمین، لێپرسراوی ئۆفیسی پارێزگای دهۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، كە كارگێڕی كەمپەكانی پەنابەران و ئاوارەیان لەو پارێزگایە وەرگرتووە، بۆ پەرەگراف دەڵێت "بارودۆخی پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە دهۆك باشە، كارەبای نیشتمانی و ئاو و كۆمەڵێك خزمەتگوزاری وەكو خوێندنگە و نەخۆشخانە و زۆر شتی دیكە بێ بەرامبەر دابینكراون، ڕێكخراوی (UNHCR)ـیش مانگانە ئەرزاقی وشكەیان پێدەگەیەنێت".
بەشێك لە پەنابەرانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ كەمپ؛ لەوێ لانیكەم هەندێك پێداویستی لەسەر شانی خۆیان نامێنێت وەك لە دەرەوەی كەمپدا بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەڵام وەحید ئەمین وتی "هەموو كەمپەكان پڕن و ناتوانین وەریانبگرین، جگە لە كەمپی بەردەڕەش كە ئەوەش لە بازاڕ و ناوەندی دهۆك دورە، بەڵام پەنابەرانی نوێ لەو كەمپەدا نیشتەجێ دەكرێن".
"بە دڵنیاییەوە پەنابەران بارێكی زۆر قورسە بۆ حكومەت و خەڵكی دهۆك، بەڵام هیچ پەنارێك حەز ناكات لە زێدی خۆیدا كۆچ بكات، بارودۆخ ئاوایە و ئێمەش ناچارین بیانحەوێنینەوە" لێپرسراوەكەی دەزگای خێرخوازی بارزانی وای وت.