رێگای "مەرگ"؛ ژیان لە هاوڵاتیانی تەلەعفەر تاڵ دەكات

نەینەوا/ كانونی دوەمی 2022/ رێگای سەرەكی نێوان قەزای تەلەعفەر بەرەو شاری موسڵ فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

جەعفەر تەلەعفەری – نەینەوا

"هەرچەند وریا بیت و پابەندی رێساكانی هاتوچۆ بیت، لە روداوەكانی ئەم رێگایە رزگارت نابێت، كە رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێل پێیدا تێدەپەڕن، لەكاتێكدا رێگایەكی باریكی یەك سایدە، پڕە لە تاسە و بەردەوام ئۆتۆمبێلی گەورەی بارهەڵگر لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن، ئەوەش هێندەی دیكە بۆتە مەینەتی بۆ ئۆتۆمبێلی بچوك" بەوتەی عەدنان محەمەد، دانیستوی تەلەعفەر.

محەمەد (35 ساڵ) لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد "ژیانی هاوڵاتیان بپارێزن بە نۆژەنكردنەوەی ئەو رێگایە و هەوڵبدەن لە كەسكەوە بۆ تەلەعفەر لانیكەم بكرێتە دوو ساید".

تائێستا ئامارە رەسمییەكانی ساڵی 2021ـی روداوەكانی هاتوچۆ لە عیراق بڵاونەكراونەتەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر دەڵێت لەمدواییانەدا دەیان كەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆ لە رێگای سەرەكی قەزاكەدا بونە قوربانی.

جەعفەر موحسین بە (كەركوك ناو)ـی وت "نەخۆشخانە بەردەوام پێشوازی لە تەرم و بریندارانی روداوەكانی هاتوچۆ دەكات، بە تایبەت قوربانیانی رێگای نێوان كەسك و تەلەعفەر بەوپێیەی یەك سایدە، لەم هەفتانەی دواییدا دەوروبەری 15 حاڵەتی مردن و دەیان برینداری ئەو روداوانە رەوانەی نەخۆشخانە كراون".

photo_2022-01-23_10-11-58
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2021/ روداوێكی هاتوچۆ لەسەر رێگای تەلەعفەر - موسڵ فۆتۆ/ جەعفەر تەلەعفەری

قەزای تەلەعفەر زیاتر لە 70 كیلۆمەتر لە ناوه‌ندی شاری موسڵەوە دورە و زیاتر لە 20 كیلۆمه‌تری رێگاكه‌ یه‌ك سایده.

"ئەم رێگایە گرنگی زۆری هەیە چونكە ناوەندی پارێزگای نەینەوا بە قەزاكانی شنگال، تەلەعفەر و بەعاجەوە دەبەستێتەوە، زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەش كاری كشتوكاڵی دەكەن و باشكردنی رێگاكە بارگرانی سەرشانی جوتیاران و ئەو هاوڵاتیانەش كەمدەكاتەوە كە بۆ راییكردنی مامەڵە و كلینیكە پزیشكییەكان بەردەوام بەو رێگایەدا دەچنە موسڵ" فەلاح حەسەن (42 ساڵ) وای وت.

فەلاح دانیشتوی تەلەعفەرە و بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو رێگایەی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس هاتوچۆی پێدا دەكەن، هێشتا ژیان لە خەڵك دەسەنێتەوە و بەهیواین لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەری بنەڕەتی و خێرای بۆ بدۆزنەوە".

هەرچەند وریا بیت و پابەندی رێساكانی هاتوچۆ بیت، لە روداوەكانی ئەم رێگایە رزگارت نابێت

لە ساڵی 2020ـدا زیاتر لە هەشت هەزار و 186 روداوی هاتوچۆی لە عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، تۆماركراون كە 232 روداویان لە پارێزگای نەینەوا بووە و بەهۆیەوە 112 كەس مردون و 178 كەسی دیكەش برینداربون، لەو ژمارەیەش 38 روداویان لە سنوری قەزای تەلەعفەردا رویداوە و بەهۆیەوە؛ 10 مردن و 35 حاڵەتی برینداربون هەبووە، ئەوەش بەپێی ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی عیراق.

بەڵام وەزارەتی تەندروستی لە ئامارەكانی ساڵی 2020ـدا دەڵێت 208 كەس لە پارێزگای نەینەوا بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیانلەدەستدا و لە سەر ئاستی عیراقیش روداوەكانی هاتوچۆ لە 10 هۆكاری یەكەمی مردنن.

قاسم محەمەد شەریف، قایمقامی قەزای تەلەعفەر بە (كەركوك ناو)ـی وت "پارێزگاری نەینەوا بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی راسپاردوە بۆ جێبەجێكردنی سایدی دوەمی رێگای تەلەعفەر – كەسك لە چوارچێوەی بودجەی گەشەپێدانی ساڵی 2021، دوای تۆماركردنی قوربانی ئەو رێگایە بەشێوەی نیمچەرۆژانە".

شەریف دەڵێت كاركردن بەردەوامە و چاودێری پرۆژەكە دەكەن كە بە تەواوبونی رۆڵی دەبێت لە كۆتاییهێنان بە نەهامەتی هاوڵاتیانی تەلەعفەر، شنگال و بەعاج "بە پێویستمان زانیووە لە زوترین كاتدا ئەو رێگایە تەواو بكرێت".

photo_2022-01-23_10-11-56
نەینەوا/ كانونی دوەمی 2022/ پرۆژەی دوسایدكردنی رێگای تەلەعفەر بۆ موسڵ فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

له‌شه‌ڕی سێ ساڵه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌رانبه‌ر داعش (2014 - 2017)، رێگه‌وبانه‌كانی سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 90 زیانیان به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ئیدارەی ئەو پارێزگایە.

نازم سابر، بەڕێوەبەری شارەوانی تەلەعفەر لەبارەی پرۆژەی دروستكردنی سایدی دوەم بۆ رێگای قەزاكە لەگەڵ موسڵ بە (كەركوك ناو)ـی وت "پرۆژەكە بە دوو قۆناغ جێبەجێدەكرێت، یەكەمیان بە درێژایی 12كم لە كەسك-ـەوە بۆ دەرگای قەڵا و دوەمیش بە درێژایی 8 كیلۆمەتر لە دەرگای قەڵاوە تا دەرگای تەلەعفەر، بە تێچوی خەمڵێنراوی 14 ملیار دینار كە بڕین و پڕكردنەوە و ڕێڕەوی سندوقی ئاو و بۆری و هەموو پێداویستییەكانی دیكە دەگرێتەوە".

"ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی روداوەكانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانیان، جگە لە جوانی رێگاكە كە رەنگدانەوەی مێژوی تەلەعفەر و پێگە و شارستانیەت و قوربانیدانی رۆڵەكانی دەبێت" بەوتەی نازم سابر.

قەزای تەلەعفەر كە دانیشتوانەكەی لە 450 هەزار كەسن، لە ناوەندی قەزاكە و سێ ناحیە پێكهاتون، لە ناوەندی شار هەموی توركمان و لە ناوچەكانی دیكەشی عەرەب و كورد لە بەشێكی گوندەكاندا نیشتەجێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT