لە تەلەعفەر، ژنێک لە بیستەکانی تەمەنیدا بەسکێک سێ منداڵی دەبێت

نەینەوا/ کانونی دووەمی 2022/ وێنەی ئەو سێ منداڵەی بەیەک سک لە نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر لە دایکبون. فۆتۆ: راگەیاندنی نەخۆشخانەکە

جەعفەر تەلەعفەری – نەینەوا

لە نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر، ژنێکی تەمەن 22 ساڵ بە سکێک سێ منداڵی بوو کە هەرسێکیان کوڕن.

ئەو تیمە پزیشکییەی سەرپەرشتی منداڵبونەکەیان کرد ئاماژەی بەوەدا کە هەرسێ منداڵەکە تەندروستیان باشە و نەخۆشخانەکەیان جێهێشتووە.

بەپێی بەیاننامەیەکی نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر، كە ئەم هەفتەیە دکتۆر ئینعام حەمدون، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون و سەرۆکی تیمە پزیشکییەکە، بڵاویكردۆتەوە، تیایدا هاتووە "بەشی ژنانی نەخۆشخانەکە پێشوازییان لە ئافرەتێکی تەمەن 22 ساڵ کردووە و دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان گواستراوەتەوە بۆ  بەشی منداڵبون بۆ ئەوەی بەشێوەی سروشتی منداڵی ببێت".

جەختیشیکردەوە کە ئەو بەشە چەندین حاڵەتی منداڵبون بەشێوەی سروشتی یان لەڕێی نەشتەرگەرییەوە بەخۆوە دەبینێت و ئەو نەخۆشانەی رودەکەنە ئەوێ خەڵکی ناوەندی قەزای تەلەعفەر و ناحیە  وگوندەکانی دەوروبەرین.

دکتۆر جەعفەر موحسین عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر بە (کەرکوک ناو)ی وت: "لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، (635) حاڵەتی منداڵبون  لە بەشی ژنان و منداڵبون تۆمارکراوە کە (554) منداڵ بە سروشتی لە دایکبون و (81) منداڵیش بەنەشتەرگەری".

هەر بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، (584) حاڵەتی منداڵبون لەمانگی تشرینی دووەمی 2021 تۆمارکراوە کە دابەشبووە بەسەر (504) منداڵبونی سروشتی (268 نێر) و (236 مێ) ، هاوکات (80) حاڵەتی منداڵبون لەڕێی نەشتەرگەرییەوە بووە، (46 نێر) لەگەڵ (34 مێ).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT