بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی رێكخراوی هاوكاریی ئەڵمانی لە كفری سوتێنرا، بەپێی وتەی پۆلیس و لێپرسراوانی رێكخراوەكە كەسێكی نەناسراو كارەكەی كردووە و نەوتی بۆ سوتاندنی نوسینگەكە بەكارهێناوە.
نوسینگەكە كە دەكەوێتە گەڕەكی شورتە لە قەزای كفری، كاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 28ی كانونی دووەم سوتێنراوە.
هونەر فەخرەدین ئەحمەد، لێپرسراوی پڕۆژەکانى رێکخراوى هاوکاریى ئەڵمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو بیناکە گڕی گرتووە و سوتاوە، جگە لەیەك ژور نەبێت، كەلوپەلەكانی ناو نوسینگەكە، كۆمپیوتەر و پرینتەر، كورسی و قەنەفە و تەواوی پێداویستییەكانی تری نوسینگەكە سوتاون". وتیشی "بیناكە نزیكە لە بەرگری شارستانی كفری، بەڵام تا كوژێنراوەتەوە هەموو ژورەكان گڕی گرتووە جگە لەیەك ژور نەبێت".
"هەندێك سەرەداومان دەستكەوتووە و رادەستی پۆلیس و هێزی ئەمنی ناوچەكەمان كردووە و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی ئەوانین". هونەر زیاتر وتی "داواکارین بە زوترین کات ئەوانەى لە پشت روداوەکەوەن بدرێنە دادگا و روبەڕوى یاسا بکرێنەوە".
هەندێك سەرەداومان دەستكەوتووە و رادەستی پۆلیس و هێزی ئەمنی ناوچەكەمان كردووە
رێكخراوی هاوكاریی ئەڵمانی، رێکخراوێکى نێودەوڵەتى ناحکومییە و لەلایەن حکومەتى ئەڵمانیاوە پاڵپشتی دارایی دەكرێت، ئەوەش بەپێی وتەی هونەر فەخرەدین.
رێكخراوەكە كارەكانی لە بواری ژینگە، گەنجان و ژنان و هاوكاری ئاوارەكاندایە، لەگەڵ هەندێك پڕۆژە پەیوەست بە شوێنەوار و هاوكاری دەزگا حكومییەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بە تایبەت قەزای كفری.
هونەر وتیشى "ئۆفیسەکەمان لەلایەن کەسێکى نەناسراوەوە سوتێنراوە، چەرخ و دەبەى نەوتەکەى بەجێماوە... ئەو كەسە لە یەکێک لە پەنجەرەكانی نوسینگەكەوە چۆتە ژورەوە و گڕی لە ژورەكان بەرداوە".
عەلى جەمال قەدورى، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی روداوەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "کەسێکى نەناسراو رۆیشتۆتە ناو نوسینگەكە و سوتاندویەتی و هەڵهاتووە... لە ئێستادا دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە".
وتیشی "هێشتا رون نییە بۆچی ئەو كارەی كردووە. بەڵام لە كامێرای چاودێری رێكخراوەكەوە كەسێك بە ماتۆڕ دەردەكەوێت و دواتر دەچێتە ناو رێكخراوەكەوە و دەیسوتێنێت".
كفری یەكێكە لەو قەزایانەی دەكەوێتە چوارچێوەی ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.