دانیشتووانی چوار گەڕەكی قەزای دوزخورماتوو هەفتەیەكە ئاوی خواردنەوەیان پێناگات و ناچارن خۆیان بە تانكەر ئاو دەكڕن، هەرچەندە دەڵێن ئاوی نێو تانكەرەكان شیاو نین بۆ خواردنەوە.
ئەو گرفتە دوای ئەوە دروستبووە، كە كۆمپانیای چاككردنەوەی رێگای سەرەكی دوو سایدی نێو قەزاكە، هەستاوە بە شكاندنی بۆرییەكانی گواستنەوەی ئاو بۆ ماڵان، بە پاساوی ئەوەی پێویستە بۆری ئاوەكان زیاتر داببەزێنرێنە ژێر زەوییەوە تا بتوانن رێگاكە نۆژەنبكەنەوە.
جەمیلە عەباس، دانیشتوى گەڕەکى كۆماری لە دوزخورماتووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەفتەیەكە بێ ئاوین، تەنانەت نەمانتوانیوە منداڵەكانمان بشۆین، تانكەری ئاو گرانە و بە 15 هەزار دینارە و جگەلەوەش ئاوی نێو تانكەرەكان بەكەڵكی خواردنەوە نایات".
تانكەرەكانی گواستنەوەی ئاو، لە پڕۆژەی ئاوی دوزخورماتوو ئاو پڕدەكەن، ئەوەش بەرلەوەی ئاوەكە بپاڵێورێت و بۆ هەر تەنكەرێكیش 15 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگرن و حكومەت هاوكارییان ناكات.
جەمیلە وتی "توانای كڕینی ئاوی بازاڕمان نییە كە لەناو دەبەدایە، ناچار بەدەبە لەو گەڕەكانە ئاوی خواردنەوە دەهێنین كە ئاوەكەیان نەبڕاوە".
ناچار بەدەبە لەو گەڕەكانە ئاوی خواردنەوە دەهێنین كە ئاوەكەیان نەبڕاوە
بەگشتی چوار گەڕەكی قەزاكە بۆری ئاوەكانیان شكێنراوە.
هێمن عەلى، دانیشتویەكی تر قەزاكە كە هەفتەیەكە ئاوی خواردنەوەیان نییە، وتی "هەر پێمان دەڵێن ئەمڕۆ یان سبەى بۆرییەكان چاكدەكرێنەوە و ئاوتان بۆ بەردەدەینەوە، بەڵام هەر چاكنەبۆتەوە".
هێمن و شەش خێزانی دراوسێی، بڕیاریانداوە بە سۆندە لە گەڕەكێكی ترەوە ئاو رابكێشن، بۆ ئەوەش پێویستیان بە 700 مەتر سۆندە هەیە.
"ئەوە خەرجییەكی زۆری دەوێت، تانكەری ئاویش گرانە و بە هەموو خێزانێك ناكڕدرێت، دەبوو حكومەت خەمی لەم كێشە بخواردایە"، هێمن زیاتر وتی "ئەو ئاوەی كە دەیكڕین، بۆ خواردنەوە ناشێت، چونكە ئاوی پڕۆژەكە ئاژەڵی تێدەچێت و بەشێك لە هاوڵاتیانیش دەچن لەناو پڕۆژەی ئاوەكە خۆیان دەشۆن".
عیسام نەقى محەمەد، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ئاوی دوزخورماتوو، وتی "راستە هەفتەیەكە بۆری ئاوی ئەو گەڕەكانە شكێنراوە و لە ژێر چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەدایە، چونكە ئەو كۆمپانیایەی رێگاكە چاكدەكاتەوە دەڵێت لەبەر رێگاكە دەبێت بۆرییەكان زیاتر داببەزێنرێنە ژێر زەویی".
وتیشی "رۆژانە کاردەكەین بۆ چاككردنەوەی بۆرییەكان، دەبوو ئەمڕۆ (هەینی 28ی كانونی دووەم قسەی بۆ كەركوك ناو كرد)، تەواوبوایە، بەڵام زیاتری پێدەچێت و كاری زۆری دەوێت".