لە قەزای شنگال سێ گەنج بە تۆمەتی "بڵاوكردنەوەی كتێب و وێنەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان"، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دەستگیركراون و زیاتر لە مانگێكە لە زیندانەكانی موسڵ و تەلەعفەردان، ئەوەش بەپێی وتەی كەسوكار و لێپرسراوانی ناوچەكە.
ئەو سێ گەنجە، كە لە رێكخراوی یەکێتى گەنجانى ئێزیدى كاردەكەن، لە 20ی كانونی یەكەمی رابردوو لەڕێی كتێبخانەیەكی گەڕۆكەوە چەند كتێبێكی عەبدوڵا ئۆجەلان و وێنەكانیان لە سنوری ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال بڵاوكردۆتەوە، سێ رۆژ دواتر و لە 23ی كانونی یەكەم دەستگیركراون.
داود سلێمان، (باوکى سەلیم داود، یەكێك لە دەستگیركراوەكان)، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم خوێندکاری قوناغى دووەمى ناوەندییە و لە راگەیاندنى ئەنجومەنى خوسەرى دیموکراتی كاردەكات... دەستگیركردنەكەی دوای ئەوە هاتووە كە دەمەقاڵێ لە نێوان ئەفسەرێكی سوپای عیراق و كوڕەكەم رویداوە، ئەفسەرەكە پێی وتووە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵنەواسێ و كتێبەكانی بڵاونەكاتەوە، بەڵام كوڕەكەم وتویەتی بڵاویاندەكەمەوە، لەوكاتەدا سوپا كوڕەكەم و دوو هاوڕێی كە لەگەڵیدابون دەستگیردەكات".
سەلیم داود 17 ساڵ، عەلى خەیرى ئلیاس 21 و شۆفێرەكەیان خودێدا حاجى خدر پێكەوە دەستگیركراون
داود وتی "سوپا كوڕەكەمیان رادەستی پۆلیسی ناحیەی سنونێ كردووە، 15 رۆژ لای پۆلیس زیندانی بووە، دواتر سەلیم-ی كوڕم گوازرایەوە بۆ موسڵ و دوو هاوڕێیەكەشی بۆ زیندانی تەلەعفەر".
ئەو سێ گەنجە بەپێی وتەی كەسوكاریان لەلایەن دادگاوە هیچ سزایەك نەدراون، داود وتی "لە دادگا و هێزە ئەمنییەكانیش پرسیارم كردووە، هەر دەڵێن لەم رۆژانە ئازاد دەكرێن".
لە دادگا و هێزە ئەمنییەكانیش پرسیارم كردووە، هەر دەڵێن لەم رۆژانە ئازاد دەكرێن
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەو سێ گەنجە، دوای 15 رۆژ مانەوە لای پۆلیس، رادەستی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق كراون.
"داوا لە هەموو لایەک دەکەم کوڕەکەم ئازادبکەن، چونکە هیچ تاوانێكی نەكردووە، تا ئێستا سێ ملیۆن دینارم لە مامەڵە و مامەڵەكاری خەرجكردووە و هەر بەڕێی موسڵەوەم"، داود سلێمان وایوت.
خودێدا ئەلیاس، سەرۆکى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەرى دیموکرات لە ناحیەى سنونێ، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەو سێ کەسە جگە لە بڵاوکردنەوەى کتێبەکانى عەبدوڵڵا ئوجەلان و وێنەكانی هیچ کارێکى تریان نەکردووە، بە دەستگیركردنیان توشی شۆك بوین".
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدیی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) ههژماردهكرێن، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەدەن.
خودێدا ئەلیاس، وتیشی "ئەوەندەی ئاگاداربم دوای دەستگیركردنیان تۆمەتی سوتاندنی هەمەرێكی سەربازی سوپای عیراق دراوەتە پاڵیان، بەڵام ئەو سێ گەنجە بەپێی كامێرای چاودێریش هیچ پەیوەندییەكیان بە سوتاندنی هەمەرە سەربازییەكەوە نەبووە".
لە 12ی كانونی یەكەم، خەڵكی سنونێ، لە دژی بۆردومانەكانی توركیا خۆپیشاندانیان كرد و بارگرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عیراق دروستبوو، بەهۆیەوە هەمەرێكی سەربازی سوتا.
دواتر دوو گەنجی ناحییەكە بە بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو، ئەوەش بە یاسای تیرۆر.
خودێدا چوکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ بە (کەرکوک ناو)ی وت "لەگەڵ ئاسایشی نیشتیمانی عیراق و دەزگا ئەمنییەكانی تر گفتوگۆمان كردووە و جەختمانكردۆتەوە لەوەی ئەوان هیچ شتێكی خراپیان نەكردووە و بەڵێنیانداوە لەم رۆژانەدا ئازادبكرێن، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری دادوەر هەیە".
ئەو وتی "دەزگا ئەمنییەكان دەڵێن لەكاتی خۆپیشاندانەكەی سنونێ ئەو سێ گەنجە وێنەی ئۆجەلانیان بەرزكردۆتەوە".