ئیدارەی كەركوك پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان جێبەجێدەكات و بڕیارە تەواوی گەڕەكە تاپۆ و زیادەڕۆكانیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەش دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان لەوەی "قازانج دەكەن، نەك زەرەر".
پڕۆژەكە بە دروشمی (تەواو بەکاری بهێنە) لە ئێستادا لە چەند گەڕەكێك دەستیپێكردووە و ئیدارەی كەركوك دەڵێت ئامانج لێی كەمكردنەوەی پارەیە لەسەر هاوڵاتیان و بە فیڕۆنەدانی ئاوە.
هیشام زەنگەنە، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆژەكە بەسەرپەرشتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عیراق بەڕێوەدەچێت، لەئێستادا لە سێ پارێزگای عیراق چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و یەکێک لەو پارێزگایانە کەرکوکە".
"پێوەری زیرەك بۆ خەڵكەكە رونكراوەتەوە، خۆشبەختانە رازین... پێشتر كرێی ئاو لەسەر روبەری خانوو بوو، لەمەودوا لەسەر بنەمای بڕی بەكارهێنانی ئاوەكەیە لەلایەن ئەو ماڵەوە"، هیشام زەنگەنە وایوت.
پێوەری زیرەك بۆ خەڵكەكە رونكراوەتەوە، خۆشبەختانە رازین
بەپێی پێوەرەكە، بۆ هەر مەتر سێجا ئاو، 100 دینار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.
فەرمانگەی ئاو، مانگی رابردوو، خانویەكی گەڕەكی دۆمیز-یان وەكو نمونە وەرگرتووە، دەركەوتووە لە دوای دانانی پێوەری ئاو، 17 هەزار دیناریان بۆ یەك مانگ بۆ هاتۆتەوە.
هیشام وتی "خانووەكە 400 مەترە، مانگەكانی پێشوتر بەر لە دانانی پێوەرەكە زیاتر لەو بڕە پارەیەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەپێی وتەی خاوەن ماڵەكە".
لە دوای هەردوو گەڕەكی دۆمیز و واحێد حوزەیران، ئێستا تیمەكانی فەرمانگەی ئاو لەڕێی 10 تیمەوە رۆژانە لە ئەركدان و لە گەڕەکەكانی ئیمام قاسم، ئیسکان و ئازادی كاردەكەن. پرۆسەكە هەموو گەڕەكەكان دەگرێتەوە، بە تاپۆ و زیادەڕۆكانەوە. هەر بەپێی وتەی هیشام زەنگەنە.
پڕۆژەكە تەنیا پەیوەست نییە بە پارێزگای كەركوك و هەموو عیراق دەگرێتەوە.
هیشام وتی "ئەگەر هەر ماڵێك پارە نەدەن، ئەوا وەكو قەرز لە سەریان كەڵەكە دەبێت".
وتیشی "ئامانج لێی زاڵبونە بەسەر میكانیزمەكانی رابردوو، كە لەڕوی هەژماركردنی بڕی ئاوی پێویست بۆ پارێزگاكە و بڕی بەكارهێنان، زانیاری ئەوتۆی بەردەست نەدەخست، هەروەها بۆ رێگریكردنە لە بەفیڕۆدانی ئاو و كەمكردنەوەی كرێی ئاوە لەسەر هاوڵاتیان".
سەعدییە رەزا، دانیشتوی گەڕەكی ئیمام قاسم، كە پێوەری ئاوی بۆ بەستراوە، وتی "جارێ نازانین قازانج دەكەین یان زیان، خوابکەم خێری پێوە بێت و حکومەت دەست نەخاتە بینەقاقای هاوڵاتیانەوە".
وتیشی "بەڵام لانیكەم ئەم پێوەرە جیاوازی كرێی ئاوی ماڵان لە نێوان خانووەكاندا ناهێڵێت و دادپەروەرتر دەبێت، دەكەوێتە سەر ئەوەی هەر ماڵە و چەند بڕی ئاو بەكاردەهێنن".
لانیكەم ئەم پێوەرە جیاوازی كرێی ئاوی ماڵان لە نێوان خانووەكاندا ناهێڵێت و دادپەروەرتر دەبێت
لەتیف جوامێر (65 ساڵ)، نیشتەجێی گەڕەکی ئیسکان، وتی "هیوادارین گرفتی ئاوی خواردنەوەمان لە هاویناندا بۆ چارەسەر بكات و خەڵك ئاو بە فیڕۆ نەدات".
فەرمانگەی ئاوی کەرکوک، لە ساڵی 2014دا ئامادەسازی کردبوو بۆ بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان، بەڵام پڕۆژەكە دەستپێنەكرا بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە حوزەیرانی هەمان ساڵ.
پڕۆژەكە لە كاتێكدایە لە ئێستادا زۆرینەی هاوڵاتیانی شارەكە، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، پارەی ئاو نادەن، گەڕەكە زیادەڕۆكان بەتایبەت.