پەروەردەی كەركوك، ناوی سێ بانك دەخاتە بەردەم وانەبێژان تا موچەی مانگانەیانی تیادا دابنێن و لەوێ وەریبگرن، ئەوەش دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایی بەهۆی دیاریكردنی تەنیا یەك بانكەوە.
بەپێی بڕیارەكە نوێیەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، كە ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی شوبات دەرچووە، وانەبێژانی گرێبەست پێویستە لە دەركردنی ماستەركارد پەلە بكەن و لەوەشدا بە ئارەزوی خۆیان دەتوانن یەكێك لە بانكەكانی ئاشور، رافیدین یان رەشید هەڵبژێرن تا موچەكانیان بۆ بگوازنەوە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوەهات پێشتر و لە 26ـی كانونی دوەمی ئەمساڵدا، پەروەردەی كەركوك تەنیا بانكی ئاشور-ـی دانابوو بۆ گواستنەوە و جێگیركردنی موچەی وانەبێژان و فەرمانبەرانی گرێبەست كە 17 هەزار كەس دەبن، ئەوەش ناڕەزایی لێكەوتەوە.
سەمیرە حەسەن، یەكێكە لە وانەبێژانی كەركوك بەر لە گۆڕینی بڕیارەكەی پەروەردە بە (كەركوك ناو)ـی وت "من موچەكەم لە بانكی رافیدەین دانا و جێگیركرد، بەڵام پەروەردە رەتیكردەوە و بەپێویستی زانی موچەكە بگوازینەوە بۆ بانكی ئاشور".
ئەو پرۆسەیە بریتییە لە گواستنەوە و گۆڕینی وەرگرتنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت و گشتی لە فەرمانگە و كۆمپانیاكانەوە بۆ بۆ بانك، تا لەڕێگەی كارتی ئەلیكترۆنی یاخود بانكەكانەوە بە دەستی وەریبگرن.
عەلی حسێن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەو رێكارەی ئەوان بۆ دیاریكردنی تەنیا یەك بانك، ناڕەزایی وانەبێژانی لێكەوتۆتەوە و بەشێكیان دەیانەوێت بانكی دیكە هەڵبژێرن.
دوابەدوای ئەو ناڕەزاییانە و وروژاندنی لە میدیادا، لەنێویاندا بەدواداچونی (كەركوك ناو)، پەروەردە بڕیارەكەی گۆڕی و ئێستا لە بری یەك بانك، سێ بانكی دیاریكردووە و وانەبێژان سەرپشكن كامیان بۆ گواستنەوە و دانانی موچەكانیان هەڵدەبژێرن.