دۆسكی ئازاد بۆچی كوژرا؟
لە ساڵی 2018ەوە ماڵی بەجێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە

دۆسكی ئازاد (23ساڵ)، ئەو كوڕەی 31ی كانونی دووەم تەرمەكەی لە گوندێكی دهۆك دۆزرایەوە و دەوترێت رەگەزی خۆی گۆڕیوە بۆ كچ.

عەمار عەزیز – دهۆك

دۆسكی ئازاد، ئەو گەنجەی تەرمەكەی لە گوندێكی دهۆك دۆزرایەوە، لە ساڵی 2018ەوە ماڵی باوكی بەجێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە، بەپێی وتەی زڕدایك و دراوسێكانی كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، هەر لە منداڵییەوە حەزی بە یاری كچانە و ستایلی كچان بووە، كە گەورەش بوو ستایلی خۆی بۆ كچ گۆڕیوە و دواتر ماڵی بەجێهیشتووە.

دۆسكی ئازاد (23ساڵ)، دووشەممە 31ی كانونی دووەم و دوای سێ رۆژ لە كوشتنی، تەرمەكەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی دهۆكەوە لە گوندی بابۆخکێ، سەر بە ناحیەی مانگێش لە پارێزگای دهۆک دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری كرا.

بەپێی وتەی كەسوكاری و دەزگا ئەمنییەكان، دۆسكی لەلایەن برایەكییەوە لە 28ی هەمان مانگ كوژراوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە گوایا "رەگەزی خۆی لە كوڕەوە بۆ كچ گۆڕیوە".

بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەكی پشتڕاستكراوە لەسەر ئەو بابەتە نییە، تەنیا ئەوەی هەیە دۆسكی ستایلی خۆی بە تەواوی بۆ كچ گۆڕیوە و ماكیاژی كردووە و جلوبەرگی كچانەی لەبەركردووە.

(كەركوك ناو)، سێشەممە یەكی شوبات، سەردانی ماڵی باوكی دۆسكی كرد لە گەڕەکی بەرۆشکێ لە ناوەندی دهۆك.

باوكی دۆسكی دوو ژنی هەیە و هەردوكیان پێكەوە دەژین. دایکیشی باری تەندروستی جێگیر نییە و نەیتوانی قسە بۆ (كەركوك ناو) بكات، بەڵام بەیان ساڵح، كە دەكاتە زڕدایكی دۆسكی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵایەکی ئەوەندە گەورە روی تێكردوین، ناتوانم وەسفی بکەم".

"دۆسکی هەر لە منداڵییەوە حەزی لە یاری کچان و شێوەی کچان دەکرد، وردەوردە ئەو حەزە لەگەڵیدا گەورە بوو، تا بەمدواییە بە تەواوی ستایلی خۆی لە كوڕەوە بۆ كچ گۆڕی". بەیان ساڵح وای بە (كەركوك ناو) وت.

دۆسکی هەر لە منداڵییەوە حەزی لە یاری کچان و شێوەی کچان دەکرد، وردەوردە ئەو حەزە لەگەڵیدا گەورە بوو

جەختیشیكردەوە كە ئەوە بەلای خێزانەكەیەوە نامۆ بووە و تا والێهاتووە دۆسكی ماڵ بەجێبهێڵێت.

ئەو وتی "لە ساڵی 2018ەوە رۆیشتۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە ماڵ، لەوكاتەوە قسەمان لەگەڵیدا نەكردووە و نەشمانزانیوە چووە بۆ كوێ".

دۆسكی، پێنج برا و خۆشکێكی هەیە – لە هەردوو دایكی-، هەمویان لە یەك خانودا دەژین.

بەڵام بەیان ساڵح، وتی "هەر ئەوەندەمان دەزانی كە دەیانوت ئیشی مەیكئەپ دەكات، لە وێنەدا دەمبینی كە سیمای خۆی گۆڕیوە بۆ كچ... بەڵام نەمانزانیوە رەگەزی خۆی بۆ كچ گۆڕیوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی وتەی بریندار دۆسکی، بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێش، بنەماڵەی دۆسكی ئازاد، دەزگا ئەمنییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە لەوەی "كوڕەكە"ی خۆیان كوشتووە، گوایا لەبەرئەوەی "رەگەزی خۆی گۆڕیوە".

بەڵام بەیان ساڵح – زڕدایكی دۆسكی ئازاد -، "ئێمە ئەوەندە دەزانین كە براكەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و بردویەتییە دەرەوەی دهۆك و كوشتویەتی".

ئێمە ئەوەندە دەزانین كە براكەی لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە و بردویەتییە دەرەوەی دهۆك و كوشتویەتی

(كەركوك ناو)، نەیتوانی زانیاریی ئەوە دەستبخات، كە چۆن براكەی، دۆسكی ئازادی بینیوە و كوشتویەتی.

دراوسێیەكی ماڵی دۆسکی، كە لەگەڵ ئەوەدا نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە و پێشتر هاوڕێی دۆسكی بووە، وتی "بیرم نایەت چەند ساڵە نەمبینیوە... لە منداڵییەوە لە كۆڵان و گەڕەک پێکەوە یاریمان دەكرد، ئەو زۆر حەزی لە شتی کچان و یاری کچانە بوو، خوێندکاریش بوو، بەڵام ماوەیەکی زۆرە وازی لە خوێندن هێناوە و ئیتر نەمبینیوەتەوە".

ئەو دەڵێت، بەڵام لە تۆڕی كۆمەڵایەتی سناپ هاوڕێی بووە، "دەمبینی وێنەی خۆی بڵاودەكردەوە و وەكو كچی لێهاتبوو، بیستومە لەڕێی نەشتەرگەرییەوە رەگەزی خۆی بۆ كچ گۆڕیوە".

وتیشی "دەمزانی لە ئارایشتگایەكدا لە هەولێر كاری دەكرد و دەیانوت مەیكئەپ ئارتیست-ێكی زۆر بەناوبانگە".

ئەو دراوسێیەیان جەختیكردەوە لەوەی زۆر هاوڕێی برایەكی دۆسكییە، "بەڵام هیچ كاتێك باسی دۆسكی كردووە و شەرمی كردووە".

بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێش، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا هیچ کەسێک لەسەر روداوەكە دەستگیرنەکراوە... ئەوەی ئێمە بیستومانە ئەوەیە کوژراوەکە ئیشی مەیکئەپی كردووە، تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بیستومانە كە رەگەزی خۆی گۆڕیوە.

تەرمی دۆسكی ئازاد، تا ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هەر لە پزیشكی دادوەری دهۆك بوو.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پولیسی پارێزگای دهۆک بە (کەرکوک ناو)ی وت كە هێشتا هیچ كەسێك دەستگیرنەكراوە، "بکوژەکە چۆتە دەرەوەی وڵات و لەوێ دەژیت، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئێمە بۆ كوشتنی براكەی گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان".

"جارێ هۆکاری کۆشتنەکەی دیار نییە، ئەو قسانەی دەکرێن ئێمەش بیستومانە، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو شتانە پشتڕاستبکەینەوە و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی تەواو دەكەین". هێمن وای وت.

هۆکاری کۆشتنەکەی دیار نییە، ئەو قسانەی دەکرێن ئێمەش بیستومانە، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو شتانە پشتڕاستبکەینەوە

لە هەرێمی كوردستان و عیراق هیچ یاسایەك نییە مافەكانی گروپی پەلكەزێڕینە بپارێزێت، هەرچەندە هەوڵی جۆراوجۆر هەبووە بۆ دەرچواندنی یاسایەك.

ئەوەش لەكاتێكدایە یەكەمجار نییە ئەندامانی ئەو گروپە، روبەڕوی كوشتن و ئەشكەنجەدان و دەستگیركردن دەبنەوە و كۆتایی ساڵی رابردوو چەند كەسێكیان لە گەڕەكی سەرچنار لە سلێمانی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

حەمدی عەبدولباقی، لێپرسراوی رێکخراوی مافەكانی مروڤ لە دهۆک - رێكخراوێكی ناحكومییە-، بە (كەركوك ناو)ی وت كە ماوەیەك لەمەوبەر هەندێك لە رێكخراوەكان هەوڵیانداوە یاسایەكی تایبەت بە مافەكانی ئەو گروپە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

"باشترە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكرێت، یان كارێك بكرێت كە نە شیرازەی كۆمەڵگە تێكبچێت، نە مافی ئەو گروپەش پێشێلبكرێت و مامەڵەیەكی تەندروستیان لەگەڵدا بكرێت".

حەمدی عەبدولباقی، لەبارەی كەیسی دۆسكی ئازاد، جەختیكردەوە لەوەی هێشتا رون نییە روداوەكە بە تەواوی چۆنە "رونیش نییە ئایا رەگەزی خۆی گۆڕیوە یان نا، بەڵام ئەمە یەکەم حاڵەتە لە دهۆک رویداوە... پێویست بوو براكەی ئەگەر تێبینی لەسەر دۆسكی ئازاد هەیە حكومەت و لایەنی پەیوەندیداری ئاگاداربكردایەتەوە، چونكە كوشتنی دۆسكی تاوانە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT