تەواوی بازگە كاتییەكانی ناو شاری كەركوك رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی دەكرێن، كە لە هەفتەی رابردووەوە لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە دانراون بۆ رێگردنی لە بەئامانجگرتنی گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك.
ئەو بازگانە لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە لە چەند ناوچەیەكی شاری كەركوك دانراون، ئەوەش دوای بونی زانیاریی هەواڵگری لە هێرشكردنە سەر گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك، بەپێی وتەی عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).
عامر شوانی وتی "هەندێک زانیاریی هەواڵگریی هەبون، لە نیازی هێرشكردنە سەر گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك، بەڵام ئێمە دڵنیایی دەدەین كە هێرشكردنە سەر گرتوخانەكە هەروا ئاسان نییە و سەختە".
وتیشی "ئێمە لە ئەرکەکانمان بەردەوامین بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی کەرکوک و لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەی هەفتەیەکدا چەندین بازگەی هاوبەشی پۆلیس و هێزە عیراقییەکان بڵاوەیان پێکرابوو، ئەوەش وەك رێكارێكی ئەمنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک".
بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتەوە، تەواوی بازگە کاتییەکانی ناو شار رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێن.
گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك، لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوكدایە و لە ئێستادا لەپاڵ هێزە عیراقییەكان، دوو فەوجی پۆلیس ئەركی پاراستنی گرتوخانەكەیان لە ئەستۆیە.
عامر شوانی زیاتر وتی "داعش لە ساڵانی رابردودا هەوڵی زۆریداوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو گرتوخانەیەدا، بەڵام لە هەمویان شكستی هێناوە".
داعش لە ساڵانی رابردودا هەوڵی زۆریداوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو گرتوخانەیەدا، بەڵام لە هەمویان شكستی هێناوە
ئەو جەختیكردەوە "لە ساڵی 2016دا چەكدارانی داعش گەورەترین هێرشییان بە 170 چەکدارەوە کردە سەر شاری کەرکوک و بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، ئامانجی سەرەكییان گەیشتن بوو بەو گرتوخانەیە، بەڵام شكستیانهێنا و بەشێكی زۆریان كوژران، یان هەڵاتن بەرەو قەزای حەویجە".
چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، ناسراو بە (داعش)، لە حوزەیرانی 2014، دەستیانبەسەر قەزای حەویجە و ناحییەكانی زاب، ریاز، رەشاد، عەباسی و موڵتەقادا گرت لە پارێزگای كەركوك و تا كۆتایی 2017 ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی ئەو رێكخراوەدا بون، تا لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كۆنترۆڵكرانەوە.
لەو ماوەیەدا دەیان چەكداری داعش لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە دەستگیركران و بەشێكیان هێشتا لە گرتوخانەكانی كەركوكدان، لە نێویاندا گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك.
عامر شوانی وتی "ژیانی هاوڵاتیان لە كەركوك پارێزراوە و پشتێنەی ئەمنی دەوروبەری گرتوخانەی تەسفیراتی کەرکوک زۆر توندوتۆڵە و دڵنیایی ئەمنی دەدەینە هاوڵاتیان".