پێنج كەس دەستگیركراون
وردەكاری روداوەكەی رێگای فڕۆكەخانەی كەركوك  

كەركوك/ شوباتی 2022/ هەڵمەتی هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی باوك و كوڕێك بەدەستڕێژی گولـلە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

كەركوك ناو – كەركوك

باوك و كوڕێك بە دەستڕێژی گولـلە كوژران، بەهۆی ھێرشی ژمارەیەك چەكدارەوە لەسەر رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك و تائێستاش بەوهۆیەوە پێنج تۆمەتبار دەستگیركراون.

ئەو دوو هاوڵاتییە لەگەڵ ژن و منداڵێكدا لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا بون، كاتێك ئێوارەی یەكشەممە 6ـی شوباتی 2022 بەڕێگای فڕۆكەخانەدا (نزیك پردی مەعرەزەكان) هاتوچۆیان كردووە، روبەڕوی تەقەكردن بونەتەوە و تەنیا ژن و منداڵەكە رزگاریان بووە.

پۆلیسی كەركوك هەرزوو لە راگەیەندراوێكی كورتدا وتی روداوەكە "تاوانكاری" بووە و لێكۆڵینەوەی تیادا دەكەن.

ئەمڕۆ دوشەممە 7ـی شوبات پۆلیس لە نوێترین راگەیەندراودا ئاشكرایكرد توانیویانە لەسەر ئەو روداوەكە پێنج تۆمەتبار دەستگیربكەن، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی پێنج چەك و دوو دەمانچە، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە شەوی رابردوو بە بەشداری چەند هێزێكی كەركوك بەڕێوەچوو.

ئەو دوو هاوڵاتییە دەستبەجێ لە شوێنی روداوەكە گیانیانلەدەستداوە.

 قتل
كەركوك/ شوباتی 2022/ ئەو ئۆتۆمبێلەی باوك و كوڕێكی تیایدا بەگولـلە كوژران فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

موقەدەم عامر شوانی، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان هۆكاری روداوەكە ناكۆكی و تۆڵەسەندنەوەی عەشایەری بووە كە مێژوی ئەو كێشەیەش بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە... ئەویش كوشتنی جەمال ضاری، سەرۆكی عەشیرەت بووە لە نزیك گەراجی بەغدا".

ئەو گەراجە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانە لەنێوان كەركوك و بەغدا و پارێزگاكانی دیكە كە نزیكە لە رێگای فڕۆكەخانەی كەركوك و هاوكات نزیكی شوێنی روداوەكەی ئێوارەی یەكشەممە كە دوو هاوڵاتیانی تیادا كوژران.

وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیس وتی "هێزە ئەمنییەكان لەسەر روداوەی ساڵی رابردوودا كە كەسایەتی عەشیرەتێكی تیادا كوژرا 10 تۆمەتباری دەستگیركرد، دادگاش دوو كەس لەو تۆمەتبارانەی بە لەسێدارەدان حوكمدا و هەشت كەسیانی ئازادكرد، لە نێویاندا ئەو باوك و كوڕەی ئێوارەی یەكشەممە كوژران".

بەوتەی موقەدەم عامر لە لێكۆڵینەوە و زانیارییە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە "ئەنجامدەرانی روداوەكەی ئەمڕۆ سەر بەو شێخی عەشیرەتەن كە ساڵی رابردوو كوژرا".

ئەو باوك و كوڕەی كوژران دانیشتوی گوندی تركەلانی باشوری خۆرئاوای شاری كەركوك بون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT