عیسام بەهنام مەتی، قایمقامی قەزای حەمدانییە:
ســـەدا 40ـی ئــاوارەی كـریـستیان نـەگەڕاونـەتـەوە  

فەرمان سادق

عیسام بەهنام مەتی، قایمقامی قەزای حەمدانییە ئاشكرایدەكات جگە لە كریستیانەكان كە سەدا 40ـیان هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین، ئەوانیی دیكە لە عەرەب و شەبەك و كاكەیی و توركمان سەدا 90 تا سەدا 100ـیان گەڕاونەتەوە، چونكە خەریكە ئاسەواری هێرشەكانی داعش ناهێڵێن و تەواوی خزمەتگوزارییەكانی ژیانێكی ئاسایی دابیندەكەن.

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" لە ساڵی 2014ـدا دەستیانگرت بەسەر قەزای حەمدانییە (باشورى خۆرهەڵاتی موسڵ) و بەهۆیەوە وەك مەتی دەڵێت؛ تەنیا لە سەنتەری شارەكە (بەغدیدا - قەرەقوش)ـدا زیانی زیاتر لە 200 ملیار دینار بەر باڵەخانەی حكومەت كەوت، هەزاران خانوو، شوێنی ئایینی سوتێنران و روخێنران، بەڵام حكومەت تائێستا گرنگی بە ئاوەدانكردنەوەی شوێنە ئایینییەكان نادات.

لەم چاوپێكەوتنەدا قایمقامی حەمدانییە ئاماژە بە بارودۆخی دوای داعش، پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی قەزاكە دەكات.

 

كەركوك ناو: قەزاكە نزیكەی پێنج ساڵە لە دەستی داعش رزگاركراوە، هەموو دانیشتوانی قەزاكە گەڕاونەتەوە یان هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین؟

عیسام بەهنام مەتی: حەمدانییە یەكێكە لە قەزا گەورەكانی پارێزگای نەینەوا، سێ ناحیە و ژمارەیەكی زۆر گوندی هەیە، پێش داعش ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 360 هەزار كەس بون، بەڵام زۆرینە بەرەو شارەكانی تری عیراق و هەرێمی كوردستان و تەنانەت دەرەوەی عیراقیش كۆچیان كرد.

دوای ئازادكردنی قەزاكە خەڵكی كەم گەڕانەوە، دواتر وردەوردە گەڕانەوە زیادیكرد و ئێستا سەدا 100ـی هاوڵاتیانی عەرەب گەڕاونەتەوە، هەروەها شەبەك و كاكەیی و توركمان دەگاتە سەدا 90ـی گەڕانەوە، بەڵام رێژەی گەڕانەوەی كریستیانەكان سەدا 60ـە، واتە سەدا 40ـیان هێشتا ئاوارەن، چونكە زۆرترین زیانیان بەهۆی داعشەوە بەركەوت.

 

كەركوك ناو: لە چەندین ناوچە مەترسی تێكچونی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان هەبوو بەهۆی داعشەوە؛ لە حەمدانییە چۆن روبەڕوی ئەو تەحەدییە بونەوە و پێتوایە هاوكاری رێكخراوەكان بۆ هاوڵاتیان و بە تایبەت جوتیارانی ناوچەكە تا بمێننەوە و زەوییەكان ببوژێننەوە لە قازانجی گەڕانەوەی پێكەوەژیاندا بوو؟

عیسام بەهنام مەتی: ئەو بابەتە یەكێك بوو لە تەحەدییە قورسەكان، دوای ئازادی تەنیا گرفت و كێشەی داتەپینی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانمان نەبوو، بەڵكو گەورەترین گرفت راكێشانی پەنجەی تۆمەت بوو بۆ پێكهاتەیەكی ناوچەكە كە هاوكاری داعشیان كردووە، هەرچەندە هەموو پێكهاتەكان بەدەستی داعش زیانیان بەركەوت، بۆیە بەڕاستی ئەركێكی زۆر قورس بوو، بەڵام بە پاڵپشتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بەرنامەیەكی تۆكمەی هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەوانە؛ دروستكردنی گروپێك لە پیاوانی ئایینی سەرجەم پێكهاتەكان و هەروەها لەڕێی ناوەندەكانی خوێدنیشەوە، توانیمان دوبارە پێكەوەژیانی ئاشتییانە بۆ ناوچەكە بگەڕێنینەوە.

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی رۆڵی بەرچاویان هەبوو لەڕێی بەرنامەكانیان و پێدانی قەرزی بچوك وەك ئەوەی ئێستا دەدرێت بە جوتیاران تا گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ لە ناوچەكانی خۆیاندا بدەن، پێموایە لەم بوارەدا توانیمان كارێكی باش بكەین، بە بەڵگەی ئەوەی لەدوای ئازادكردنی ناوچەكەوە داعش نەیتوانیووە گەرا دابنێت و كردەوەی تیرۆریستی هەبێت، جگە لە چەند حاڵەتێك نەبێت، ئەمەش پێماندەڵێت خەڵك هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكانن.

 

كەركوك ناو: بەڵام لە چەندین شوێن روداوی ئەمنی تۆماركراون؛ بۆ نمونە لە گوندەكانی كاكەیی سنوری حەمدانییە، جگەلەوەی بەدەست چەندین كێشەی دیكەی وەك نەبونی خزمەتگوزاری و رێگەوبانەوە دەناڵێنن، چی بۆ ئەوان كراوە؟

عیسام بەهنام مەتی: گوندەكانی كاكەیی لە دەرەوەی دەسەڵاتی هێزەكانی سوپا و پێشمەرگەن، لەو ناوچەیە گوندی كاكەیی، عەرەب و شەبەك هەن، سەرەتا زەحمەت بوو دەستمان بەوێ بگات، تەنانەت رێكخراوەكانیش نەیانتوانی بەو ناوچەیە بگەن، بەڵام دواتر بە هەماهەنگی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ هەرێمی كوردستان پرۆژە بەو گوندانەش گەیشت، رێگەوبانەكانیان چاككرا و هانی رێكخراوەكان درا سەردانیان بكەن، پێموایە بارودۆخی ئەو ناوچانە بەرەو باشی دەچێت، خۆیشم لە نزیكەوە سەردانم كردون و لە پلانی ئەمساڵدایە بودجە تەرخانبكرێت و خزمەتی زیاتر بكرێن.

 

كەركوك ناو: هیچ ئامار و بەدواداچونێكی ورد هەیە لەسەر زیانەكانی داعش؟

عیسام بەهنام مەتی:  هیچ ئامارێكی سەدا 100 بۆ دیاریكردنی قەبارەی زیانەكان نییە، بەڵام هەندێك شوێن ئیشیان لەسەر ئەو پرسە كردووە و دەركەوتووە تەنیا لە سەنتەری قەزای حەمدانییە (قەرەقوش سەنتەری قەزاكەیە) داعش زیانی زیاتر لە 200 ملیار دیناری بە باڵەخانە و فەرمانگەی حكومەت گەیاندووە، جگەلەوەی چوار بۆ پێنج هەزار خانوو سوتێنراون، زیاتر لە 200 خانوو بە تەواوی خاپور بون و خانوەكانی دیكەش هەمویان زیانیان بەركەوتووە، هەروەها لە ناحیە و گوندەكانیش سێكتەری خزمەتگوزاری زیانیان بەركەوتووە بەڵام ئامارمان نییە.

لە حەمدانییە زیاتر لە 180 كێڵگەی پەلەوەری هەبون و زیاتر لە 150ـیان روخێنران كە تائێستا 70ـیان نۆژەنكراونەتەوە.

تۆڕەكانی گەیاندنی كارەبا چاككراونەتەوە، بەڵام كێشەی كەمی بەرهەمهێنانمان هەیە وەك ناوچەكانی تری عیراق، بۆ ئاوی خواردنەوەش، حەمدانییە یەك پرۆژەی هەیە و كاتی خۆی ئاوی بە 50 هەزار كەس گەیاندووە و بۆ ئێستا نابێت، كە ژمارەی دانیشتوان نزیكەی 360 هەزار كەسە، بۆیە پێویستی بە چاككردنەوە و پرۆژەیەكی تر هەیە.

 

كەركوك ناو: پێكهاتەكان گلەییان هەیە لە ئاوەداننەكردنەوەی شوێنە ئایینییەكان هەیە كە لەلایەن داعشەوە سوتێنران و خاپور كران، بۆچی حكومەت پرۆژەی نییە؟

عیسام بەهنام مەتی: با راستگۆبم لەگەڵتدا، شوێنە ئایینییەكان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە جێی گرنگی نەبووە، بۆیە دەبینین كڵێساكانی موسڵ لەلایەن رێكخراوە بیانییەكان بەتایبەت كڵێساكانەوە پارەی بۆ تەرخانكراوە و نۆژەنكراونەتەوە، هیوادارین حكومەتی عیراق لە پلانی 2022ـدا بودجەیەك بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنە ئایینییەكان تەرخانبكات.

 

كەركوك ناو: بەگشتی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی قەزاكە لە چ ئاستێكدایە، پێی قایلن؟

عیسام بەهنام مەتی: دوای گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی موسڵ و بەتایبەت گۆڕینی پارێزگار (لە 2019)، هەڵمەتێكی گەورەی ئاوەدانكردنەوە لەهەموو سێكتەرەكان چڕكرانەوە، بەتایبەت نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكانی كەرتی گشتی كە پێشتر روخێنرا بون، ئێستاش گفتوگۆی گەڕانەوەی دەستی وەبەرهێنەران دەكەین تا لە ئاوەدانكردنەوەی قەزاكەدا رۆڵیان هەبێت.

دەتوانین بڵێین سەدا 90ـی فەرمانگە حكومییەكان گەڕاونەتەوە و لە كاردان، بۆ نمونە نەخۆشخانەی گشتی حەمدانییە كە یەكێكە لە باشترین نەخۆشخانەكانی عیراق، لە سێكتەری پەروەردەش زۆرینەی قوتابخانەكان نۆژەنكراونەتەوە و تەنانەت قوتابخانەی نوێش دروستكراون.

هەوڵەكانی حكومەت لەسەرەتاوە وەك پێویست نەبون، بەڵام بەتێپەڕبونی كات و لەڕێگەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانەوە توانرا زۆرێك لە پڕۆژەكانی وەك ئاو و كارەبا كاریان لەسەر بكرێت؛ ئێستا دەتوانم بڵێم حەمدانییە لە بارودۆخێكی باشدایە، ناڵێم هەموو خزمەتگوزارییەك بونی هەیە... بەڵام بارودۆخی ئێستا لەڕوی خزمەتگوزارییەوە زۆر باشترە لەو بارودۆخەی پێش هاتنی داعش قەزاكەی تێدابوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT