قۆناغی سێیەمی نۆژەنكردنەوەی پەرستگای لالش دەستپێدەكات، دوای تەرخانكردنی 250 ملیۆن دینار، ئەوەش لەڕێی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق و بانكی ناوەندییەوە، لە چوارچێوەی پرۆژەی سندوقی "تەمكین".
لەو قۆناغەی پرۆژەكەدا بە سەرپەرشتی ئەندازیارانی شارەزا، بەرد و كەرەستەی دیكەی سروشتی بەكاردەهێنرێت، تا شێوازی مێژویی و پیرۆزی پەرستگاكە بپارێزرێت.
پهرستگای لالش؛ گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزیدییهكانه و دهكهوێته ناوچهیهكی شاخاوی له قهزای شێخان به دوری 60كم له باكوری خۆرههڵاتی شاری موسڵ، بارهگای ئهنجومهنی روحانی ئایینی ئێزیدی له عیراق و جیهانیش ههر لهوێیه.
خالید نەرمۆ، یەكێك لە ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری نۆژەنكردنەوەی لالش بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی نۆژەنكردنەوەكەدایە و ئێستا لە دەستپێكی رێكارەكانی كارەكانداین، كە بنیاتنانی مەزارگە و شوێنی تایبەت بە پەرستش و پێشوازی لە سەردانیكەران دەگرێتەوە".
ئەو دەڵێت دەربارەی وردەكاری پرۆژەكە لەگەڵ ئەنجومەنی روحانی و ئەمیری ئێزیدییاندا گفتوگۆی كردووە و رەزامەندی وەرگیراوە.
200 ملیۆن دیناریش لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تەرخانكراوە
دهزگای بهرێوهبردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سهرۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وهزیره و سهرۆكی قهوالان پێكهاتوون، ههموو ئهوانهش له دهزگاكهدا ئهندامن و بڕیارهكانی تایبهت بهو پێكهاتهیه دهردهكهن.
پێش ئەو دەستپێشخەرییەی حكومەتی عیراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە دوو ساڵدا ژمارەیەك پرۆژەی ئەنجامداوە لەوانە دروستكردنی شەقامی دوو سایدی سەرەكی لالش بە تێچوی نزیكەی 800 ملیۆن دینار لەگەڵ پرۆژەی خەزێنەی گەورەی ئاو بە بودجەی 200 ملیۆن دینار، جگە لە بنیاتنانی كارگەیەكی دەستی بۆ دەرهێنانی زەیتی زەیتون، كە دواتر بۆ داگیڕساندنی فلیتەی روناكی پەرستگاكە و بۆنە ئایینییەكانی دیكە بەكاردەهێنرێت، بەوتەی نەرمۆ.
هەروەها وتی "200 ملیۆن دیناریش لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تەرخانكراوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی دەروازەی مێژویی لالش كە لە سەرەتای شەقامەكەدا دروستدەكرێت".
وەزارەتی رۆشنبیری عیراق لە كانونی یەكەمی 2020ـدا بڵاویكردەوە پەرستگای لالش خراوەتە سەر لیستی كاتی یونسكۆ تا بخرێتە چوارچێوەی شوێنەوارە جیهانییەكانەوە.
مەراسیمی تەرخانكردنی بڕی 250 ملیۆن دینار لە 3ـی شوباتی 2022 لە هۆڵی پەرستگاكەدا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی حازم تەحسین بەگ، میری ئێزیدیان لە عیراق و جیهان لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵەی بانكەكانی عیراق، بانكی ناوەندی، حكومەتی هەرێم، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی و نوێنەری ئاینزاكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
جهور عەلی بەگ، بریكاری ئەمیری ئێزیدییان بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەندامانی ئەنجومەنی روحانی و بریكارانی میر و ژمارەیەك لە پیاوانی ئایینی و كەسایەتی ئیزیدی و قەشەی كڵێسای ئاشوری، نوێنەرانی ئەوقافی ئیسلامی، كاكەیی، سابیئە و مەندانی، بەهائی لە مەراسیمی بودجەی نۆژەنكردنەوەی لالش ئامادەبون.
ئێزیدییهكان له چهندین شاری نهینهوادا نیشتهجێن لهوانه قهزای شنگال، كه زۆرینهن تیایدا لهگهڵ شێخان، باشیك و چهند ناوچهیهكی پارێزگای دهۆك، جگه له بهغدا و ناوچهكانی دیكهی عیراق.
ئەمیری ئێزیدیان لە عیراق و جیهان لە مەراسیمەكەدا وتی شانازی دەكات بە دیداری ئامادەبوان و كۆبونەوە بۆ كاری چاكە و پتەوكردنی خۆشەویستی لە نێوان هەمواندا بە ئامانجی دەستپێكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە پەرستگای لالش.
پشت بە شارەزایی بیانی دەبەستین پاڵپشت بە مۆدێلی جیهانی
"ئێرە پەرستگای سەرەكی ئێزیدییەكانە لە عیراق و جیهان، كە بە درێژایی مێژو زوڵم و ستەمیان بەرانبەر كراوە، مێژوو چەندین روداومان بۆ دەگێڕێتەوە كە چۆن پەرستگاكە روبەڕوی وێرانكاری و تێكدان و سوتاندن و هەڵكەندنی گۆڕەكانی بۆتەوە لەلایەن داگیركەران لە سەردەمی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكاندا كە دەوروبەری 74 هەڵمەتی لەناوبردن بووە و كۆتاجاریان كۆمەڵكوژی شنگال بوو" حازم تەحسین بەگ وادەڵێت.
مێژوی بنیاتنانی پەرستگای لالش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێیی پێش زایین، لەسەر شێوازێكی هونەری دەگمەن، لەڕێی بەكارهێنانی هونەری بیناسازی سەلجوقی و خۆرهەڵاتی پەیوەست بە شێواز و كلتوری كوردی.
"سود لە شارەزایی بیانی بەپێی مۆدێلە جیهانییەكان وەرگیراوە، بە جۆرێك لەگەڵ ستانداردەكانی یونسكۆ تایبەت بە شوێنەوار یەكبگرێتەوە" ئەندازیارێكی سەرپەرشتیاری نۆژەنكردنەویە لالش وای وت.
خالید نەرمۆ ئاماژەی بەوەشدا قۆناغێكی نۆژەنكردنەوەی پەرستگاكە پشت بە رێكخراوە بیانییەكان و باڵوێزخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان دەبەستێت، بە دیاریكراوی ئەمریكا لەڕێی وەزارەتی دەرەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەی پاراستنی شوێنەوارەكان كە پەرستگای لالش لەو بەرنامە و بە دوو قۆناغ هاوكاری كراوە، هەر جارێك بە 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
نەرمۆ ئەوەشی رونكردنەوە ئەو بڕە هاوكارییەی ئەمریكا كە پێكەوە یەك ملیۆن دۆلار بووە، راستەوخۆ خەرجنەكراوە، بەڵكو لەڕێی زانكۆی پهنسلڤانیاـوە بووە، كە ئەو زانكۆیە شارەزای كاركردنە لە ناوچە شوێنەوارییەكاندا.
جگە لە لالش؛ ئێزیدییەكان چەندین شوێنی دیكەی ئایینی و مەزارگەیان لە ناوچە جیاوازەكانی سنوری پارێزگای نەینەوا هەیە كە بەشێكیان دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"ـیان پێگەیشت و خاپور كران.
لوقمان سلێمان، لێپرسراوی راگەیاندنی پەرستگای لالش وتی "نۆژەنكردنەوەی لالش بەردەوامە، تا رۆح بە بەر بینای پەرستگاكەدا بكاتەوە، بەوپێیەی كاتی زۆر بەسەر بنیاتنانیدا تێپەڕیووە و بەو شێوازەی ناگونجێت لەگەڵ مێژو و بەهای رۆحی و ئایینی ئێزیدییەكاندا".
سلێمان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێتت هەوڵدەدەن بینای پەرستگاكە وەك 150 ساڵ لەمەوبەر لێبكەنەوە و پرۆژەی هاوشێوەی نۆژەنكردنەوەش لە زۆربەی مەزارگەكانی دیكەی ئێزیدی هەیە.
ئێزیدیی؛ ئایینێكی رهسمی دانپێدانراوه له عیراق، كه مێژوهكهی دهگهڕێتهوه بۆ پێش زایین و ژمارهیان به دهوروبهری 550 ههزار كهس دهخهمڵێنرێت، كه سهدان ههزار كهسیان ئاوارهبون دوابهدوای هێرشهكانی ئابی 2014ی داعش بۆ ناوچهكانیان له پارێزگای نهینهوا.