هەڕەشەكانی فەرماندەیەكی سوپای عیراق، بەشێك لە خەڵكی شنگالی توڕە كردووە

نەینەوا/ 11ی شوباتی 2022/ سوپای عیراق لەكاتی رێگریی لە رێپێوانێكی هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شنگال. فۆتۆ: رۆژنیوز

عەمار عەزیز

چالاكوانانی ئێزیدی، نیگەران و توڕەن لە وتەی فەرماندەی فیرقەی 20ی سوپای عیراق كە تیایدا لە پەیامێكیدا بۆ هەموو خەڵكی شنگال، هەڕەشەی ناشتنی تەرمی هەركەسێكی كرد كە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەرزبكاتەوە.

شەممە 11ی شوبات، ئەسیر روبەیعی، فەرماندەى فیرقەى 20ى سوپاى عیراق لە ناوەندى شنگال، ئاڵایەكی عیراقی بەدەستێكی بەرزكردەوە و لە وتەیەكیدا هەڕەشەی توندی كرد و وتی "بۆ هەموو خەڵكی شنگال، ئەمە ئاڵای عیراقە، من بەرزمكردۆتەوە، لێرە هەڵیدەواسم، سێجار دەڵێم خوا شاهیدە، ئا لێرە دەینێژم..."، زیاتر وتی "هەركەسێك رەسمی ئۆجەلان بڵاوبكاتەوە لێرە دەینێژم... من جەنگاوەرێكم بەشداری شەڕی دژی تیرۆریستانم كردووە... هەركەسێك پێشێلكاریی یاسا بكات، دەیخەمە ژێر تایەی هەمەرەوە".

ئەو هەڕەشەیە بووەهۆی ئەوەی بەشێك لە چالاكوانانی ئێزیدی لە هەردوو كۆمەڵگەی خانەسور و بورك رێپێوان بكەن و هەندێكیان وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یان بەرزكردەوە.

مستەفا حسین، چالاکوانی ئێزیدی لە قەزاى شنگال بە (کەرکوک ناو )ى وت "قسەکانى فەرماندەى 20ى سوپاى عیراق ئێمەیان بۆ هەڕەشەكانی سەردەمی داعش گەڕاندەوە، كە لە ناوەندی شنگال بە ئەڵاهو ئەكبەر هەڕەشەیان لێدەكردین... لە هەموی ناخوشتر ئەوەبوو كە هەڕەشەكانی ئاراستەی هەموو خەڵكی شنگال بوو، ئەمە لەکاتێکدایە هەموو خەڵکی شنگال لەگەڵ هێزەكانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)نین و خەڵكی سەربەخۆمان زۆرە".

هەڕەشەكانی ئاراستەی هەموو خەڵكی شنگال بوو، ئەمە لەکاتێکدایە هەموو خەڵکی شنگال لەگەڵ هێزەكانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)نین و خەڵكی سەربەخۆمان زۆرە

"ئێمەش لەگەڵ ئەوەدانین جگە لە ئاڵاى عیراق هیچ ئاڵایەکى تر بەرزبکرێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ئەوان رێگریى لە حەشدى شەعبى ناکەن دەیان وێنەى ئەبومەهدى موهەندیس-یان لەسەر شەقامەکانى شنگال هەڵواسیوە؟".

لە چەند شەقامێكی سنوری قەزای شنگال، وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان، لەلایەن هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ەوە هەڵواسراوە، هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبی، شەقامێكی شنگال-یان بەناوی ئەبومەهدی موهەندیسەوە ناوە و وێنەكانیان هەڵواسیوە.

ئەبو مەهدی موهەندیس، لە سەرەتای 2020و لە بۆردومانێکی ئەمریکادا لە بەغدا و لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کوژران، ئەوكات ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عیراق بوو.

مستەفا حسین، چالاکوانەكەی ئێزیدی، وتیشی "بەهیچ شێوەیەک هەڕەشەکانى ئەو فەرماندەیە قبوڵناکەین، لەئێستاوە کۆمەڵێک گەنج ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی لە دادگا سکاڵا لەسەر ئەو فەرماندەیە تۆماربکەن".

مستەفا، وتەكانی ئەو فەرماندەیەی بە "بێڕێزیكردن" بۆ كەسوكاری قوربانیان ناوبرد و داوایكرد داوای لێبوردن لە خەڵكی شنگال بكات.

ئازاد حسێن، جێگرى هاوسەرۆکى دەستەى خۆبەڕێوەبەرى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "هەڕەشەکانى ئەو فەرماندەیە بۆ لایەنێک و هێزێکى دیاریکراو نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکى شنگال بوو، ئێمە بە توندى قسەکانى رەتدەکەینەوە و نەدەبوو ئەو هەڕەشانە بکرێن، چونکە ئەو بەناوى دەوڵەتەوە قسەی دەكرد".

بەرزكردنەوە و هەڵواسینی وێنەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان، هاوكاتە، لەگەڵ 23 ساڵەی دەستگیركردنی ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999 لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە و ساڵانە بە خۆپیشاندان یادەكەی دەكرێتەوە.

ئازاد حسێن، وتی "هەموو ئەو گرژیى و ئاڵوزییانەى دروستدەبن، بەهۆی چەند لایەنێكی سیاسییەوەیە و دەیانەوێت شەڕ لە شنگال روبدات"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنانە بهێنێت.

ezedi-7
نەینەوا/ 11ی شوباتی 2022/ هێزە ئەمنییەكانی عیراق و ژمارەیەك خۆپیشاندەر كە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بەرزكردۆتەوە لە سنوری شنگال. فۆتۆ: رۆژنیوز

تائێستا سوپای عیراق هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر هەڕەشەی ئەو فەرماندەیە نەبووە.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ لە شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دژى قسەکانى ئەو فەرماندەیە ژنان و گەنجانى ئێزیدى لە بورکە و خانەسور هەستاون بە رێپێوان و بەرزكردنەوەی وێنەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سوپای عیراقیش رێگریی لێكردون و هەڕەشەی لێكردون".

لەبارەی دۆخی ناوچەكەوە، وتی "ئەمڕۆ یەكشەممە ئارام بۆتەوە، بەڵام نازانین كاتژمێرێكی تر چی رودەدات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT