رەبیع یوسف، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی نەینەوا:
دوای داعش، شارنشینەكانیش گەڕانەوە بۆ گوند و كاری كشتوكاڵی دەكەن

نەینەوا/ 2022/ جوتیارێك سەرقاڵی رشتی دەرمانە بەسەر زەوییە چێنراوەكەیدا فۆتۆ: راگەیاندنی كشتوكاڵی نەینەوا

فەرمان سادق – نەینەوا

رەبیع یوسف ئەلیاس، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی نەینەوا دەڵێت لەدوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش"ـەوە، جوتیاران بەهۆی نەبونی هەلیكار لە شارەكانەوە بۆ گوند دەگەڕێنەوە و جارێكیتر دەستدەكەنەوە بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری.

لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)ـدا ناوبراو بارودۆخی ئێستای كەرتی كشتوكاڵ لە پارێزگاكە بە "شۆڕشی كشتوكاڵی" ناودەبات و ئاشكرایدەكات، لەكاتێكدا سەدا 60ـی گەنم و جۆی عیراق دابیندەكەن، دەیان كارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و سەدان كێڵگەی پەلەوەرییان كردۆتەوە.

 

كەركوك ناو: لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەینەوا لە ژێر دەستی داعش (لە ئابی 2017)، رەوشی كشتوكاڵی پارێزگاكە گەڕاوەتەوە بۆ پێگەی جارانی خۆی؟

رەبیع یوسف: لە دوای پرۆسەی ئازادی 2017ـەوە وردەوردە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە بوژانەوەدایە، ئێستا شۆڕشێكی كشتوكاڵی بەڕێوەیە لە ئاستی چاندنی گەنم و جۆ، سەوزەو میوە و سامانی ئاژەڵ، تەنانەت دەتوانم بڵێم پێش هاتنی داعش ئەو شۆڕشە نەبووە.

وەزارەتی كشتوكاڵ گرنگی تایبەت بە نەینەوا دەدات، بەوپێیەی سەدا 60ـی بەرهەمی گەنم و جۆی عیراق لە پارێزگاكە بەرهەمدەهێنرێت، جگەلە سامانی ئاژەڵ، سەوزەو میوەش بەتایبەت پەتاتە و تەماتە، ئێستای موسڵ زۆر جیاوازە لە موسڵی پێش هاتنی داعش، ئێستا شۆڕشێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە لە بەخێوكردنی مەڕوماڵات و دووبارە دامەزراندنەوەی كێڵگەی بەخێوكردنی مریشك و بەرهەمهێنانی هێلكە و شیرەمەنی، تەنانەت بەرهەمی سپیایی هەناردەی پارێزگاكانی تری عیراق دەكەین.

ئێمە پشتگیری جوتیاران دەكەین لە دابینكردنی پەیینی كیمیایی و ئاسانكاری بە مەبەستی گواستنەوەی بەرهەمەكانیان بۆ پارێزگاكانی تر، لەگەڵ پشتگیركردنیان بۆ دابینكردنی ئامێرو تەكنەلۆجیای سەردەمی ئاودێری.

 

كەركوك ناو: ئێستا ساڵانە چەند دۆنم بە دانەوێڵە دەچێنرێت؟

رەبیع یوسف: پلانی ئەمساڵ ئەوەیە شەش ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ بچێنرێت، ئەوەی راستی بێت داعش زیانی بە زەوییە كشتوكاڵییەكان نەگەیاند، بەڵكو لە سێكتەری كشتوكاڵ زیاتر زیانی لە بێستانەكان دا و نزیكەی دوو هەزار بێستانی لەناوبرد، زۆرینەی كێڵگەكانی پەلەوەری لەناوبرد، زیانی لە سامانی ئاژەڵی دا كە ئێستا ئەو ئامارەم لەبەردەستدا نییە قەبارەی زیانەكە چەندە، بەڵام ئەو سێكتەرانەش لە بوژانەوەدان و زیاتریش گەشەیان كردووە بەراورد بە پێش هاتنی داعش.

mudiry kshtwkali nainawa (6)
هەولێر/ شوباتی 2022/ رەبیع یوسف، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی نەینەوا دوای بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكدا بۆ پشتگیری كەرتی كشتوكاڵی فۆتۆ: فەرمان سادق

 

كەركوك ناو: هۆكاری ئەو گەشەكردنەی كەرتی كشتوكاڵی چییە كە پێتوایە لە دوای كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعشەوە زیاتر دەركەوتووە؟

رەبیع یوسف: دەرفەت و هەلیكار هێشتا لەناو سەنتەری شارەكاندا نییە، بۆیە خەڵكەكە بە ئاراستەی بەخێوكردنی مەڕومەڵات رۆیشتن، ئەوانەی دانیشتوی گوندەكان بوون و خاوەنی زەوی كشتوكاڵی بوون، دوای ئازادكردنی موسڵ لەدەست داعش زووتر گەڕانەوە سەر زەوییەكانیان و تاكە سەرچاوەی بژێویشیان پیشەی جووتیاری بوو كە پیشەی پێشتری خۆیان بوو.

تەنانەت هاوكێشەكە لە دوای داعشەوە پێچەوانە بۆتەوە؛ ئێستا ئەو كەسانەیشی پێشتر گوندیان بەرەو شارەكان بەجێهێتشبوو، جارێكیتر گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكانیان و كاری كشتوكاڵی دەكەن، بۆ نمونە پێش داعش 100 بۆ 150 كێڵگەی پەلەوەری هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەكە بۆ 700 كێڵگە بەرزبۆتەوە، هەموو ئەوانەش لە پشتییەوە پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ هەبوو بەهۆی گرنگیدان بە سێكتەری كشتوكاڵی.

 

كەركوك ناو: لە دامەزراندنی كارگە و دانانی خانوی پلاستیكی بۆ بەردەوامی كشتوكاڵ لە هەموو وەرزەكاندا چیتان كردووە؟

رەبیع یوسف: نزیكەی 250 خانوی پلاستیكیمان بەسەر جوتیاراندا دابەشكردووە، ئەوەش بەهاوكاری ژمارەیەك رێكخراو، پلانمان هەیە ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بۆ 400 خانوی پلاستیكی زیاد بكەین.

دوو ساڵ پێش ئێستا لەرێگەی رێكخراوی فاو (FAO)ی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە كارمان لەسەر كارگەی بەرهەمهێنانی سپیایی كردووە، نزیكەی 50 كارگەی بچوكمان دامەزراندووە بۆ بەرهەمهێنانی ماست و پەنیر، ئێستا بەرهەمەكەی لە بازاڕدایە و هەناردەی دەرەوەی نەینەواش دەكرێت.

هەروەها ئیشمان لەسەر بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون كردووە، ئێستا دوو كارگە هەن كە یەكێكیان لە باشیك (ناحيەیەكە لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ) و ئەویتر لە شاری موسڵە (ناوەندی نەینەوا)، هەر یەكێكیان لە كاتژمێرێكدا توانای بەرهەمهێنانی 600 لیتر زەیتیان هەیە، ئێستاش پلانمان هەیە بۆ دامەزراندن و دابەشكردنی 15 كارگەی تری گوشینی زەیتون بەسەر جوتیاراندا بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون.

 

كەركوك ناو: ژمارەیەك رێكخراو هاوكاری جوتیاران دەكەن، لەوانە پێدانی قەرزی بچوك بەبڕی پێنج هەزار دۆلار، ئەو هاوكارییانە چۆن كاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵی نەینەوا دادەنێن؟

رەبیع یوسف: پشتگیری رێكخراوەكان بێگومان هەنگاوێكی گرنگە، ئەگەرچی بڕی قەرزەكە كەمە و هەموو جوتیارێك سوودی لێوەرناگرێت، ... بەشێك لە جوتیاران نایانەوێت قەرزەكە وەربگرن بەهۆی ئەو سودەی لەگەڵ قەرزەكەدا دواتر وەریدەگرنەوە و دەبێتە بارگرانی بەسەر شانی جوتیارانەوە، بۆیە لە هەوڵداین تا رێكخراوەكان ئەو سودەی سەر قەرز كە دەگاتە سەدا 10 بۆ سەدا 12 بە تەواوی لایبدەن یان بۆ سەدا 5 كەمیبكەنەوە، بەڵام هێشتا لە گفتوگۆداین و نەگەیشتوین بە رێككەوتن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT