هێزەكانی سەر بە حەشدی شەعبی دەستگیركردنی 22 سورییان لەسەر سنوری عیراق – سوریا لە پارێزگای نەینەوا راگەیاند، كە بەنیازبون بەشێوەی نایاسایی سنوری سوریا بەرەو عیراق ببڕن.
روداوەكە یەكشەممە 20ی شوباتی 2022 بوو، كە بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای تەلعەفەر، "هەموو دەستگیركراوەكان خەڵكی شارەكانی حەسەكە، قامیشلۆ و كۆبانێی سوریان و هەندێكیان بە زمانی كوردی قسەیان كردووە و زمانی عەرەبییان نەزانیوە". لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی تەمەنی دەستگیركراوەكان لە 15 تا 35 ساڵیدا بووە.
"ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەوانی دەگەیاند، شۆفێرەكەی هاوڵاتییەكی عیراقی و خەڵكی گەڕەكێكی ناو شاری موسڵ بوو"، بەپێی سەرچاوەكە.
ئەو سەرچاوەیە كە فەرماندەیە لە لیوای حسێنی سەر بە دەستەی گشتی حەشدی شەعبی، وتی "پرۆسەی دەستگیركردنی ئەو كەسانە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بووە و لەلایەن هێزێكی حەشدی شەعبییەوە بۆسەیەكی تۆكمەمان بۆ داناون و بەسەركەوتویی كارەكەمان ئەنجامدا".
ئاماژەی بەوەشدا كە بەنیازبون دزەبكەنە شاری موسڵەوە و وتی "هەموو ریكارەكانمان بەرامبەر گرتونەبەر و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدارمان كردون"، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر ئاشكرابكات.
24 كاتژمێر بەر لە دەستگیركردنی ئەو 22 كەسە، ئەمیر روكن ئەسیر روبەیعی، فەرماندەی فرقەی 20ی سوپای عیراق، ئاشكرای كرد كە سوپا كۆمەڵێك رێكاری تازەی گرتۆتەبەر لە سنوری سوریا بۆ رێگری لە دەزكردنی "تیرۆریستان" بۆ ناو خاكی عیراق.
روبەیعی ئێوارەی شەممە 19ی شوبات بە كەناڵی عیراقییەی نیمچە فەرمی وت "بەردەوام گۆڕانكاریی لە پلانەكانی بارودۆخی مەیدانی سەر سنور هەیە، دواینجار چەند خاڵێكی سەربازیی نوێمان لە سنوری سوریا و پارێزگای نەینەوا كردۆتەوە، بەمەبەستی پتەوكردنی بەربەست و بەهێزكردنی دزەكردنی تیرۆریستان".
هاوكات لیوا یەحیا رەسوڵ، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، شەممە 19ی شوبات لە راگەیەنراوێكدا، وتی "هێزە عیراقییەكان پشت بە خۆیان دەبەستن بۆ پاراستنی سنور و رێنماییەكانی سەرۆك وەزیرانیش زۆر رونە كە زۆر بەتوندی وەڵامی هەر هەولێك بدەنەوە بۆ بە ئامانجگرتنی خاكی عیراق".
مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە 26ی كانونی دووەمی ئەمساڵ و شەش رۆژ دوای هێرشی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، بۆ سەر زیندانی غوێران، سەردانی سەر سنوری سوریای كرد لە سنوری پارێزگای نەینەواوە، ئەوەش بە یاوەری هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری.
لە 20ـی كانونی دوەمی 2022ـدا، داعش لەڕێی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و دواتر بە هێرشی راستەوخۆ پەلاماری زیندانی غوێران-ـی دا لە حەسەكەی سوریا، كە هەزاران چەكداری ئەو رێكخراوەی تیادایە و لە چەند رۆژێكدا هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) توانییان كۆنتڕۆڵی بكەنەوە.