ژنێكی (38ساڵ) لە قەزای داقوق، كە دایكی چوار كچە، بە سوتاندن كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئەوەی مێردەكەی ژنێكی تری مارە بڕی.
روداوەكە شەوی چوارشەممە 23ی شوبات لەناو داقوق رویدا، هەرچەندە گەیەنرایە نەخۆشخانە، بەڵام دوای مانەوەی بۆ چەند كاتژمێرێك گیانیلەدەستدا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی داقوق بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "بەپێی لێكۆڵینەوەكانمان ئەو ژنە لەناو ماڵی خۆیاندا بەنزینی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لەخۆی بەرداوە... روداوەكە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە بووە".
بەپێی وتەی پزیشكانی تەندروستی داقوق كە بە كەسوكاریانداوە، ئەو ژنە رێژەی سوتاوییەكەی لەسەدا 80 بووە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە كەسوكاری ئەو ژنە، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لەوەی، روداوەكە دوای ئەوە هاتووە، كە لە چەند رۆژی رابردودا "مێردەكەی مارەی ژنێكی تری بڕیوە"، ئەوەش ئەو ژنەی نیگەران كردووە و پەنای بۆ خۆسوتاندن بردووە.
كەسوكاری ژنەكە لە پۆلیسی داقوق سكاڵای یاساییان لەسەر مێردی ژنەكە تۆماركردووە.
بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق كە دراوە بە (كەركوك ناو)، ساڵی 2021 لە كەركوك، 98 كەس كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، لەو ژمارەیەش 78 كەسیان لە رەگەزی مێن و تەمەنیان لە سەروی 20 ساڵەوە بووە.
هاوكات بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە سەرەتای 2021ەوە تا كۆتایی مانگی كانونی یەكەم، زیاتر لە 772 حاڵەتی "خۆكوشتن" لە عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) تۆماركراوە، ئەوەش زیاترە بەراورد بە ساڵی 2020 كە 663 حاڵەت بوو، وەك تۆڕی راگەیاندنی عیراقییەی نیمچەرەسمی بڵاویكردەوە.
هەر لەو ئامارەدا هاتووە سەدا 55.9ـی ئەوانەی "خۆیان كوشتووە" لە رەگەزی نێر و سەدا 44.8ـیان لە رەگەزی مێ بون.