ئەبو داود بلۆكێك دەخاتە سەر دیوارەكە و دەستی چەپی بە پشتیەوە دەگرێت، كاتێك بە دەستی راستی چاوەڕێیە بلۆكێكی تر وەربگرێت، رودەكاتە ئەحمەدی كوڕی و بە دەنگێكی نزمەوە پێیدەڵێت "بلۆكێكم پێبدە"، لەوكاتەدا لەسەر پارچە دارێكی درێژی سێ مەتری راوەستاوە، كە لای راستی لەسەر چەند بلۆكێك و لای چەپی لەسەر قادرمەی باڵەخانەكە دانراوە، بێ ئەوەی بریندارییەكەی لە كاركردنی بخات.
ئەو باڵەخانەی ئەبو داود و ئەحمەدی كوڕی پێكەوە كاری تێدا دەكەن دەكەوێتە ناوچەی دەواسە لە بەری چەپی شاری موسڵ.
ئەبو داود (50 ساڵ)، كرێكاری بیناسازییە و 35 ساڵە كاردەكات، هەر بەوهۆیەشەوە بریندار بووە و ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە جێگادا كەوتووە، لەكاتی قسەكردندا دەستكێشەكەی دەستی راستی لابرد كە چیمەنتۆ دایپۆشی بوو، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بریندارییەكەی من لە بڕبڕەی پشتمدایە، بەهۆی روداوێكەوە لە ساڵی 2012، كاتێك لە گەڕەكی عەرەبی سەرقاڵی كاركردنم بوم و تەختەكە لەژێر پێم دەرچوو، دواتر لە بەرزایی سێ مەتر كەوتمە سەر پشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ نەمتوانی كاربكەم".
"هیچ كەسێك لە سەندیكای كرێكاران سەردانیان نەكردم، لەكاتێكدا من ئەندامم، هیچ قەرەبویەكیش نەكرامەوە" ئەو حەسرەتەوە دەڵێت "تەنانەت سەردانم كردن بەڵام هیچم بەدەستنەهێنا".
بەسەرهاتەكەی ئەبو داود یەكێكە لە چیرۆكی ئەو كرێكارانەی پارێزگای نەینەوا كە بە كرێی رۆژانە كاردەكەن، بەبێ دڵنیایی و بیمەی تەندروستی و كۆمەڵاتی كە مافەكانیان دەستەبەربكات، لەكاتی برینداربون و خراپی ژینگەی كاركردندا.
سەدا 85ـی گەنجانی عیراق بەبێ گرێبەست كاردەكەن و لەو رێژەیە سەدا 93ـیان دەكەونە نەینەوا
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە فەرمانگەی پلاندانانی نەینەوا ناوەڕۆكەكەی بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرادەكات؛ سەدا 96ـی كرێكارانی كرێی رۆژانە، بیمەی كۆمەڵایەتییان نییە كاتێك دەگەنە تەمەنی یاسایی خانەنشینی و سەدا 95ـیشیان بەبێ بیمەی تەندروستی كاردەكەن.
هەر لەو توێژینەوەیەی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە توێژی كرێكاران تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 30 ساڵیدایە لەسەر ئاستی عیراق و لە نێویاندا نەینەوا، ئەوانەش سەدا 19ـیان لە كەرتی حكومی و سەدا 81ـیان لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، بەڵام رێژەیەكی زۆریان بەبێ گرێبەست كاردەكەن تا گرەنتی مافەكانی ئەوان و خاوەنكار بكات.
نەوفل سلێمان، بەڕێوەبەری ئاماری نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "بارودۆخی گەنجان لە كەرتی تایبەت وەك پێویست نییە، لەسەر ئاستی عیراق لانیكەم سەدا 85ـیان بەپێی گرێبەست كارناكەن كە لەو رێژەیەش سەدا 93ـیان دەكەونە پارێزگای نەینەوا".
هەندێك كرێی رۆژانە ناگاتە 10 دۆلار
بەپێی بەدواداچونی مەیدانی (كەركوك ناو) لە شوێنی كۆبونەوەی كرێكاران، ژمارەیەك باڵەخانە و چەند بازاڕێكی موسڵ لەوانە دەواسە و فەیسەڵییە كە سەدان كرێكاریان تێدایە، دەركەوت زۆرینەیان بەبێ گرێبەست كاردەكەن كە گرەنتی پاراستنی مافەكانی هەردولا وەك كرێكار و خاوەنكار بكات، بەشێكشیان نەچون بۆ سەندیكای كرێكاران و ناوی خۆیان تۆمار بكەن بۆ ئەندامێتی و بەدەستهێنانی بیمەی كۆمەڵایەتی، بەڵكو هەندێكیان پێشتر هەر گوێبیستی نەبون كە رێكارێكی ئاوا هەیە.
لە رۆژێكی زۆر ساردی زستاندا، ئەیمەن دەوروبەری 100 كیلۆ قورسایی خستۆتە سەر شانی و بە هێواشی بەسەر پلیكانەكاندا دێتە خوارەوە.
ئەیمەن ئیسماعیل (22 ساڵ)، لە ساڵی 2012ـەوە بە كرێی رۆژانە كاردەكات و شەش تا 12 هەزار دینار (4-8 دۆلار)ی دەستدەكەوێت، ئەویش دووجار قاچی راستی برینداربووە، دوایینجار لە ساڵی 2018ـدا بووە و لە ناوەڕاستی بازاڕی فەیسەلییەی بەری چەپی موسڵ، عەرەبانەیەكی داری لاكێشەیی دوو تایی بەسەریدا كەوتووە، كە بە قورسایی یەك تۆن كارتۆنە عەتری لەسەر بووە.
ئەو دەكەوێتە بیری یەكەم روداو و دەڵێت "قاچم دووجار شكاوە، یەكەمیان لە ساڵی 2015ـدا بوو، كاتێك لە باب سەرای كارمدەكرد و دوایینجاریش سێ ساڵ لەمەوبەر، هەردوو جارە هیچ هاوكاری و چاودێرییەكی كۆمەڵایەتی و تەندروستیم لەلایەن سەندیكاوە وەرنەگرت، بەڵكو هەر نازانم دڵنیایی هەیە و ئەگەر هەشبێت نەچوم بۆ سەندیكا تا لەبارەیەوە پرسیار بكەم".
بەپێی لقی نەینەوای سەندیكای كرێكاران "كەمتەرخەمی دەكەوێتە سەر كرێكار و خاوەنكار، لەبەرئەوەی كرێكار خۆی لە پێدانی ئابونە و شایستەی بیمەی كۆمەڵایەتی دەدزێتەوە و بە بارگرانی دەزانێت، كە بڕەكەی مانگانە سەدا 12.5ـی ئەو پارەیەیە لە كاركردن دەستیدەكەوێت و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دایناوە".
شیفا تەها، بەڕێوەبەری لقی نەینەوای سەندیكا دەڵێت بەشێكی كەمتەرخەمییەكە لە وەزارەتی كارەوەیە، چونكە بەهۆی لاوازی توانای داراییەوە نەیتوانیووە چاودێری بازاڕەكان بكات، "وەزارەت لە بەغدا بەردەوام داوای لێبوردن دەكات كە ئۆتۆمبێل نییە تا تیمەكانیان بگوازێتەوە بۆ پشكنین لە شوێنی كار و چاودێری بازاڕ".
تەها بە (كەركوك ناو)ـی وت "نزیكەی شەش هەزار كرێكار مافەكانیان پارێزراو بوو تا هاتنی داعش بۆ شارەكە (موسڵ)، ئێستاش جارێكیتر لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە بەدواداچون بۆ دۆسیەكانیان دەكەین".
لەكاتی پیربون یان روداوێك یاخود برینداربونمدا هیچ سەرچاوەیەكی بژێویم نییە
"سەندیكا بەرپرسە لە بەدواداچونی كاروباری كرێكارانی نەینەوا لە كۆمپانیا و كارگە و كەرتی تایبەت بەگشتی، لە نەینەوا و تەواوی عیراقیش بیمەی تەندروستی نییە، لە سەردەمی رژێمی پێشوو بیمە و دڵنیایی هەبوو، بەڵام ئێستا هیچ گرنگییەك بەو بابەتە نادرێت، ئێمەش لەڕێی توانای كەسییەوە هاوكاری و چاودێری هەندێك نەخۆش و بریندار دەكەین" شیفی تەها وای وت.
ئەو بارودۆخە بۆ كەسانی بێدەرامەت سەختترە، كە ژیان ناچاری كردون هەندێك كات كاری قورس و مەترسیدار بە كرێی رۆژانەی كەم بكەن، بەوپێیەی نەینەوا بەراورد بە پارێزگاكانی تری عیراق هێشتا شوێنەواری شەڕ و وێرانكارییەكانی پێوەدیارە، كە رێژەی هەژاری تیایدا سەدا 40ــە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانان.
ئەبو داود، دەستكێشەكەی دەكاتەوە دەستی و بەر لەوەی دەستبكاتەوە بە كاركردن بە (كەركوك ناو) دەڵێت "كاتێك دەچمە تەمەنەوە و پیر دەبم یان روداوێكم بەسەردادێت یاخود بریندار دەبم، هیچ سەرچاوەیەكی بژێویم نییە.. تەنیا پشت بەخوا دەبەستین".