گروپێكی شاخەوانی لە خانەقین، لەپاڵ وەرزشكردن، دوو پەیامی تریان پێیە كە خۆی لە پاراستن و ئاشنابون بە ژینگەی شارەكە و پێكەوەژیان لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكاندا دەبینێتەوە.
گروپی شاخەوانی میلكان، بۆ یەكەمجار لە كانونی دووەمی 2021 دامەزرا و یەكەم گەشتیان هەر لەو مانگەدا حەوت كەس بەشداربون، لە ئێستادا گروپەكە فراوان بووە و 72 ئەندامی هەیە لە نێر و مێ.
گروپەكە هەموو گەشتەكانیان لە چوارچێوەی قەزای خانەقیندایە، بە پاس دەچنە شوێنی دیاریكراو و دواتر بەپێ شاخ و دەشت و ناوچە سروشتیی و گەشتیارییەكانی قەزاكە دەبڕن.
ماجد شالیار، سەرپەرشتیارى گروپی شاخەوانی میلکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بیرم لەوە كردەوە كە بونی گروپێكی شاخەوانی هەم بۆ وەرزشكردن، هەم بۆ گەشت و گەڕان و ئاشنابون بە ناوچە و ژینگەی شارەكە گرنگە... یەكەم گەشتمان تەنیا حەوت كەس ئامادەبون، وردە وردە فراوانتر بوو".
تەواوی ساڵی رابردوو گروپەكە 10 دەرچونیان هەبوو، كە زۆرینەیان لە وەرزی زستان و بەهاردا بوو، بەڵام لە ئەمساڵدا تائێستا چوار دەرچونیان هەبووە.
"هەر لەسەرەتای گروپەكەوە ژنان شانبەشانی پیاوان بەشداربون".
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك گروپ چاتێكیان كردۆتەوە و لەوێ رۆژی شاخەوانی و ئەو شوێنەی بۆی دەچن دیاریدەكەن و گفتوگۆ دەكەن.
هەینی رابردوو 25ی شوبات لەگەڵ ئەوەی كەشێكی باراناوی هەبوو، بەڵام 37 كەس لەڕێی گروپەكەوە لە شاخەوانی بون.
گروپەكە جگە لە وەرزشكردن، دوو پەیامی تریان هەیە، ئەویش وەك ماجد شالیار دەڵێت ئەوەیە "خانەقینییەكان دۆستی ژینگەن و دەیپارێزن، لەگەڵ پەیامی پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینەكانی قەزاكە".
خانەقین قەزایەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوری عیراق و دەكەوێتە پارێزگای دیالەوە، دانیشتوانەكەی لە كورد، عەرەب، توركمان پێكدێن، لەگەڵ پێكهاتەی ئایینی كاكەیی و لە پێشودا كریستیانیش.
خەڵكەكەی مێژویەكیان هەیە لەگەڵ پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان.
ماجد وتی "لە گروپ و گەشتەکەماندا هەموو نەتەوە و ئایینەكانی شارەكە بەبێ جیاوازی بەشداری دەكەن، لەگەڵ هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە... لەوێ وەرزشی بە كۆمەڵ دەكەین، پێكەوە بە شوێنە مێژویی و گەشتیاریی و ناوچەكە شارەزا دەبین و گرنگی بە پاكڕاگرتنی ژینگەو پاراستنی دەدەین".
لە گروپ و گەشتەکەماندا هەموو نەتەوە و ئایینەكانی شارەكە بەبێ جیاوازی بەشداری دەكەن
هەركەسێك بیەوێت لەو گەشتەدا بەشداربێت، لە گروپ چاتەكە ناوی خۆی دەنوسێت و بۆ هەر گەشتێكیش دوو هەزار و 500 دینار بە كرێی هاتوچۆ دەدات، بەڵام خواردن لەسەر خۆیەتی.
سەرپەرشتیارى گروپەكە شارەزایەكی باشی هەیە لە شاخ و دۆڵ و دەشتەكانی ناوچەكە و شوێنە مێژویی و گەشتیارییەكان، ئەوەش یارمەتیدەرێكی باشیانە لەو گەشتانەدا.
ئنتسار مەحمود (39ساڵ)، لە پێكهاتەی ئایینی كاكەییە و فەرمانبەرە، هەینی 25ی شوبات یەكێك بوو لە بەشداربوانی گەشتەكە و وتی "من لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئەو گروپەم ناسی، جگەلە لەناو شار هیچ شوێنێكی تری خانەقینم نەبینیبوە، ئەم گروپە هاوكارێكە باشە بۆ ئەوەی ئاشنابم بە ناوچەكە و ژینگە و جوگرافیای خانەقین".
"ئەم گروپە بیرۆكەیەكی جوانە، لەم گەشتەمدا ئاشنابوم بە سروشتی خانەقین، باڵندە و ئاژەڵی كێوی جۆراوجۆرم بینی لەوانە بەراز، رێوی و چەقەڵ، بەڕاستی سەرم سوڕما لەوەی خانەقین ناوچە و دەشتى وا جوان و سەرنجڕاكێشی لێیە، هەستێكی خۆشە و جەستە و دەرونێكی ئارام و تەندروستت پیدەبەخشێت". ئنتسار مەحمود وایوت.
لەو گەشتەدا ئنتسار لەگەڵ هاوژین و كچ و كوڕەكەیدا بەشداربوو.
گەشتیارەكان، زیاتر پەتاتەی كوڵاو، هێڵكە، نان و سەوزە و میوە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
ئومێد مەجید (40ساڵ) مامۆستایە، دەڵێت لە منداڵییەوە حەزی بە شاخەوانی هەبووە، بەڵام ئەو گروپە هاوكاری باشیكردووە لەوەی بەردەوامبێت لە شاخەوانی و چیتر بە تەنیا ئەو كارە نەكات.
تائێستا 15 جار بەشداریم لەم گەشتەدا كردووە، لایەنێكی گرنگی ئەم گروپە ئەوەیە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی خانەقین بەشدارن، زمانی جیاواز و گفتوگۆی جیاواز شاخەوانییەكەی خۆشتر كردووە"، ئومێد زیاتر وتی "لەگەڵ سروشت و وەرزش ئاشتمان دەكاتەوە، هانمان دەدات ژینگە بپارێزین، داواكارم خەڵكی زیاتر بەشداربن و گروپەگەش بەردەوامبێت".