دادگای تاوانی دوی هەولێر بۆ جاری دووەم دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب، یەكێك لە چالاكوانانی بادینانی دواخست، بەبێ ئەوەی رۆژی دادگایكردنەكەی دیاریبكات، ئەوەش بەڕای پارێزەرەكانی بێریڤان یاسایی نییە. بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە تیمی پارێزەرەكانی ئاگاداكرانەوە لەوەی دادگاییكردنەكە بۆ 6ی ئادار دواخراوە.
بێریڤان ئەیوب، یەكێك لە چالاكوانانی بادینان، 17 مانگە لە زینداندایە و بە مادەی یەکی یاسای ژمارەی 21ـی ساڵی 2003 لەلایەن ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دراوەتە دادگا و تائێستا دوجار دادگایكردنی دواخراوە.
دووشەممە 28ی شوباتی 2022، بێریڤان ئەیوب، جارێكی تر لە گرتوخانەی چاكسازی ژنانەوە هێنرایە دادگای تاوانی دوی هەولێر، بەڵام بە پاساوی ئەوەی لەو رۆژەدا كۆمەڵێك دۆسییەی تر هەبون، دادگاییكردنەكەی دواخرا.
بەشدار حەسەن، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی دۆسییەی بەرگریكردن لە دەستگیركراوانی بادینان، لەبەردەم دادگا بە پەیامنێری (كەركوك ناو)ی وت "لەناو دادگا پەنجەمۆر بە بێریڤان ئەیوب کراوە و تیمەكەمانی وەکو پارێزەری دۆسییەکە دەستنیشانکرد... دادوەر تەنیا 10 خولەک دەرفەتی پێداین تا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەسەر بێریڤان ببینین".
تیمی پارێزەران لە دۆسییەی دەستگیركراوانی بادینان، كە حەوت پارێزەر بون، لەناو دادگا ژورێكی تایبەتیان بۆ تەرخانكرا، بۆ بینینی پەڕاوی لێكۆڵینەوەكان لە بێریڤان.
بەشدار حەسەن، وتی "ئەو تۆمەتانەی لە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کە دراوەتە پاڵ بێریڤان، شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە، هەرچەندە دەرفەتی ئەوتۆمان نەبوو كە بەباشی هەموی بخوێنینەوە".
ئەو تۆمەتانەی لە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کە دراوەتە پاڵ بێریڤان، شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە
لە بەردەم رێڕەوی دادگادا، دوو خوشک و برایەکی بێریڤان لە چاوەڕوانی بڕیاری دادگادا بون، بەڵام ئامادە نەبون قسە بۆ هیچ میدیایەک بکەن، هاوکات ژمارەیەک لە کەسوکاری راگیراوانی تری بادینانیش بۆ پشتگیری لە بێریڤان لەوێ بون.
جگەلەوانەش ژمارەیەک پەرلەمانتار و تیمی ( (CPیش لەوێ بون کە چاودێری پرۆسەی بەڕێوەچونی دادگاییەکەیان دەكرد.
لە دۆسییەكەی بێریڤان-دا، ناوی کەسێک وەک شایەت هاتووە، هەروەها لەگەڵ هەواڵدەرێکی نهێنی.
"ئەو کەسەی کە شایەت بوو بەسەر بێریڤاندا لەبەردەم دادوەر وتی من بێریڤان هەر ناناسم، بەڵام هەواڵدەرە نهێنییەکە نەهاتبوو بۆ بەردەم دادوەر"، بەشدار وایوت.
وتیشی "بەپێی یاسا کاتێک دادگاییەک دوادەخرێت، ئەوا پێویستە دادوەر لەگەڵ دواخستنەکەی کاتەکەش دەستنیشان بکات، بەڵام دادوەر ئەوەی نەکرد".
ئەوەش لەكاتێكدایە كاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە یەكی ئادار، دادگای تاوانی دوی هەولێر، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 6ی ئازاری دیاریكرد بۆ رۆژی دادگاییكردنی بێریڤان ئەیوب.
بێریڤان یەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دراوەتە دادگا، یاساكە هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە 2003، بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد.
دەستگیركردنی بێریڤان، دوابەدوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی هات لە پارێزگای دهۆك لە مانگی ئابی 2020دا دژی پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەكاتی خۆیدا و بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەكانیان بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەو مانگەدا بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، هێزەكانی سەر بە حکومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 کەسیان بەتۆمەتی رێکخستنی خۆپیشاندان دەستگیرکرد و زۆرینەیان لە ناوچەی بادینان بون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو ساڵی 2020 و 2021 زیاتر لە 50 چالاكوان، رۆژنامەنوس، مامۆستا و کەسی دیكەیان بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 روبەڕوی دادگا كردۆتەوە، بەشێكیان هێشتا دۆسییەكانیان لە دادگایە و یەكلایینەكراوەتەوە.
بەشدار حەسەن، وتی كە بە دیوێکی تردا، دواخستنی دادگاییکردنی بێریڤان ئەیوب بۆ تیمی پارێزەران ئەرێنییە، چونكە دەرفەتی زیاتریان دەبێت بۆ خوێندنەوەی پەڕاوەكانی لێكۆڵینەوەكە.