ستی شەباب (63 ساڵ) ژەمی دوەمی ڤاكسین وەردەگرێت؛ چەند مەترێك لەولای خێوەتەكەیەوە بە ئاسانی و بێ هیچ بەربەستێك دەگاتە تیمی تەندروستی و خۆی دەكوتێت.
ئەو ژنە ئاوارەیەکی شاری موسڵە و لە كەمپی هەرشەم لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە، بنكەی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا و خێوەتەكەی، شەقامێكی سەرەكی ناو كەمپ لە یەكترییان جیادەكاتەوە.
"باوەڕم بە خودا و بەو دەرزییە هەیە كە بمانپارێزێت" ستی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ستی لە بنەڕەتدا خەڵكی ناوچەی هاودیانانی لای قەزای روندازی هەولێرە، بەڵام باووباپیرانی لە سەردەمی مەلیكیدا (100 ساڵ لەمەوبەر) چونەتە موسڵ و لەوێ گیرساونەتەوە، تا لە ساڵی 2014ـدا گەڕایەوە بۆ هەولێر، بەڵام ئەمجارەیان وەك هاوڵاتییەكی ئاوارە و هەڵاتوو لە هێرشەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش".
"پێشتر كەس نەیدەوێرا ڤاكسین وەربگرێت، خەڵك دەترسا بەوهۆیەوە بمرێت (بەهۆی پروپاگەندەی نازانستی ناو هاوڵاتیان گوایە ئەو ڤاكسینە كاریگەری خراپی لە داهاتودا لێدەكەوێتەوە)، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە زۆر باشە، زۆریش باشە، من یەكەم كەس بوم لە خانەوادەكەم ڤاكسینم وەرگرت و ئێستا هەموویان وەریانگرتووە" ستی دەڵێت بەردەوام ئاوارەكانی دیكەی كەمپ هاندەدات ڤاكسین وەربگرن.
لە هەر 10 كەمپەكەی هەولێر، كە چواریان كەمپی پەنابەرانن، تیمی كوتان دانراوە
پەیامنێری (كەركوك ناو) بۆ بەدواداچون لەسەر پێدانی ڤاكسین بە ئاوارەكان؛ بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە كاتی جیاوازدا سەردانی كەمپەكانی هەرشەم و بەحركەی كرد لە پارێزگای هەولێر (360كم باكوری بەغدا).
كەمپی هەرشەم پێنج كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دورە، لەناو قەزای عەینكاوەیە و بچوكترین كەمپی هەولێرە لە روی دانیشتوانەوە، تەنیا 293 خێزانی تێدایە كە هەزار و 441 كەسن، بەوتەی ئامارەكانی عەبدولقادر شێخ محەمەد، بەڕێوەبەری كەمپەكە بۆ (كەركوك ناو).
هیچ ئامارێكی رەسمی لەسەر ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا و گیانلەدەستدان لەو كەمپە نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، نزیكەی شەش كەس دوای توشبونیان بە ڤایرۆسەكە گیانیانلەدەستداوە.
دینا دڵشاد قادر، بەڕێوەبەری بەشی كوتان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە (كەركوك ناو)ـی وت لە هەر 10 كەمپەكەی هەولێر، كە چواریان كەمپی پەنابەرانن، تیمی كوتان دانراوە، لە نێویاندا كەمپەكانی ئاوارەیی بەحركە، هەرشەم، حەسەن شام U2، حەسەن شام U3، خازرو دیبەگە.
ئەو تیمانە لە سەرەتای تشرینی دوەمی 2021ـدا كرانەوە، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكاری رێكخراوی یونیسێف (UNICEF).
"تا ئێستا هەزار و 334 كەس ژەمی یەكەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە لە كەمپەكانی ئاوارەیی هەولێر، 843 كەسیش ژەمی دوەمیان وەرگرتووە، تەنیا 12 كەس ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە، تەنیا لە هەردوو كەمپی بەحركە و هەرشەم 636 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، كە 290ـیان ژن و 346ـیش لە رەگەزی نێرن" بەوتەی دینا.
لە شەش كەمپەكەی هەولێر پێنج هەزار و 747 خێزان نیشتەجێن، كە پێكهاتون لە 28 هەزار و 207 كەس، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە 664 هەزار ئاوارەی هەموو هەرێمی كوردستان كە زۆرینە لە ئێزیدی و عەرەبی سونە و كریستیانەكانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین، كەركوك و دیالەن. ئەوەش بەپێی ئامارێك كە عارف عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری كەمپەكان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی بە (كەركوك ناو)ـی دا.
عەلا حوسێن ئیبراهیم (42 ساڵ)، هەشت ساڵە لە كەمپی بەحركە نیشتەجێیە، كاتێك بۆ وەرگرتنی ژەمی دوەمی ڤاكسین سەردانی تیمی تەندروستی ناو بنكەی كەمپەكەی كرد بە (كەركوك ناو)ـی وت "باشترە هەموان بێن و ڤاكسین وەربگرن، ئەوەتا تیمەكە خۆی دێت بۆ كەمپ، هیچ ئەزیەتێك نابینین لە وەرگرتنی ڤاكسینەكەدا".
عەلا هاوسەرگیری كردووە و باوكی پێنج منداڵە.
ڤیدیۆ: شوباتی 2022/ ستی شەباب، ئاوارەی كەمپی هەرشەم لە هەولێر ژەمی دوەمی ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرێت
تیمەكانی پێدانی ڤاكسین بۆ هەر كەمپێك لە حەوت كەس پێكدێن، كە شەشیان بە گرێبەست دانراون "ویستیمان لەو رێگەیەوە هەلیكار بۆ ژمارەیەكی كارمەندی تەندروستی و ئایتی و ئامار بڕەخسێنین، بەوهۆیەوە لە گشت تیمەكاندا 36 كارمەندی گرێبەست هەن كە یونیسێف موچەیان پێدەدات" بەڕێوەبەری بەشی كوتان لە تەندروستی هەولێر وادەڵێت.
ئەو تیمانە كارمەندەكانیان لە یەك كەمپدا جێگیر نین و لەنێوان كەمپەكاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێن؛ لە كەمپی هەرشەم هەموو رۆژانێكی سێشەم ڤاكسین بە هاوڵاتیان دەدەن و لە كەمپ بەحركە رۆژانی یەكشەممە و چوارشەممە دەوام دەكەن.
"هیچ كەسێك لە حكومەتی عیراق سەردانی كەمپی بەحركەی نەكردووە بۆ پێدانی ڤاكسین بە ئاوارەكان، نازانین بۆ نەهاتوون، پێشتریش چەندینجار هاتوون و بەڵێنی شتی تریشیان داوە، بەڵام هیچیان نەكردووە، تەنانەت ئێستا دابەشكردنی كەلوپەل و خۆراك و یارمەتی داراییش راگیراوە" بەوتەی عەلا حوسێن لە كەمپی بەحركە.
كەمپی بەحرەكە (10كم لە سەنتەری شارەوە دورە) 958 خێزانی تێدایە و كۆی گشتی دانیشتوانەكەی چوار هەزار و 650 كەسن، كە 200 خێزانیان خەڵكی شاری موسڵن، 50 خێزانیان خەڵكی شنگال و ئەوانی دیكە لە ناوچەكانی بەعاج و سەڵاحەدین و ئەنبارەوە ئاوارە بون.
تیمەكە خۆی دێت بۆ كەمپ و هیچ ئەزیەتێك نابینین لە وەرگرتنی ڤاكسینەكەدا
هیچ ئامارێكی رەسمی لەسەر ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا و گیانلەدەستدا بەو ڤایرۆسەكە لە كەمپی بەحركە دەست (كەركوك ناو) نەكەوت.
بەڵام ئالڤا ئەیاد عەلی، سەرپەرشتیاری كەمپی بەحركە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی –ئەو دەزگایە سەرپەرشتی كارگێڕی كەمپەكان دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت تەنیا دوو كەس لە كەمپەكە بەهۆی كۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە.
ئاوارەكانی ئەو كەمپە هەمان ژمارەی گیانلەدەستدانیان بۆ پەیامنێری (كەركوك ناو) پشتڕاستكردەوە و لەگەڵ ئاماژەدان بە توشبونی زیاتر لە 140 كەس بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
دكتۆر كارێز نامیق، لە هۆبەی تەندروستی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە (كەركوك ناو)ـی وت لە تشرینی دوەمی ساڵی رابردوەوە لە كەمپەكانی خازر، حەسەن شام U2 و حەسەن شام U3 پشكنینی كۆڤید19ـیان دەستپێكردووە، "لە تشرینی یەكەمی ئەو ساڵەدا 45 توشبوو تۆماركران، لە كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا 163 حاڵەت و لە كانونی دوەمی ئەمساڵیشدا 93 توشبوو هەبون لەو سێ كەمپەی ئاوارەكان، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ كەسێك لەوێ بە كۆرۆنا گیانیلەدەستنەداوە".
ئەو دەڵێت لە كەمپەكانی تری ئاوارەییدا پشكنینی كۆرۆنا ناكرێت، چونكە لە ناوەندە تەندروستییە گشتییەكانی شارەكانەوە نزیكن و دەتوانن لەو ناوەندانەدا پشكنین بكەن.
حكومەتی فیدراڵی بەشە ڤاكسینی زیاتر رەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا هەموو ئاوارەكان سودمەندبن.
عەلی عەباس جیهانگیر، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "دابەشكردنی ڤاكسین بەسەر كەمپەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای ئێمە بوو، كە پێشنیازمان بۆ وەزارەتی تەندروستی عیراق كرد و لەمەشدا پشكی هەرێم لە پێدانی ڤاكسین زیادیكردووە" بێ ئەوەی هیچ ئامارێك بخاتەڕوو.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە دابەشكردنەوەی كۆمەكی دارایی و خۆراك بەسەر ئاوارەكاندا دەكەن، كە ئێستا راگیراوە و بۆتە هۆی ناڕازەیی، "راگرتنەكەی پەیوەندی بە رێكخستنەوەی كاروباری ساڵی نوێ_وە هەیە، ئێستا لیژنەی هونەری سەرقاڵی ئامادەكارین لە دوو هەفتەی داهاتوودا هاوكاری بە ئاوارەكان بگەیەنن".
لە هەموو هەرێمی كوردستاندا، 26 كەمپی ئاوارەیی هەن و زۆرینەی ئاوارەكانیش لە دەرەوەی كەمپ، لە ناوشار و شارۆچكەكانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك نیشتەجێن.
بەڕێوەبەری بەشی كوتان لە تەندروستی هەولێر رونیكردەوە بەپێی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ یونیسێف، كاری تیمەكانی پێدانی ڤاكسین لە كەمپەكاندا تا ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، "لەسەر بنەمای ئاماری بەدەستهاتوو، ژمارەی سودمەندبوان و ئەوانەی پێویستە ڤاكسین وەربگرن، هەروەها ژمارەی وەرگرانی ژەمی یەكەم و دوەمی ڤاكسینەكە بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی وادەی كاركردن یان كۆتاییهاتنی ئەو تیمانە دەدرێت" دینا دڵشاد قادر وای وت.