"عیراق بەبێ كریستیانەكان نابێتە عیراق" پاپا فرانسیس وای وت، لە وتارێكدا دوای پێشوازیكردنی لە نوێنەرانی كڵێساكانی عیراق، كە بەبۆنەی یەكەم ساڵیادی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بؤ عيراق لە رۆما بون.
شاندەكەی عیراق هەریەك لە نیقۆدیوس داود، سەرۆكی ئەساقفەی سریانی ئەرسۆدۆكس لە موسڵ و ئەبریس یوخەنا، ئەسقەفەی شەرقی ئاشوری لە كەركوك و ژمارەیەك لە كەسایەتی ئایینی دیكەی پێكهاتبون.
پاپا لە وتارەكەیدا دەڵێت "كریستیانەكانیش وەك باوەڕدارانی دیكە، رۆڵی بەهێزیان هەیە لە هێشتنەوەی ئەو ناسنامەیەی وڵاتەكە كە لە سەدەكانی سەرەتاوە پێكەوەژیان و ئاشتەوایی و قبوڵكردنی یەكتری تیایدا گەشەیكردووە، بۆیە جەختدەكەینەوە لە بەردەوامی هەوڵەكان تا ئەو هەستە لەناو كریستیانەكاندا بەردەوامبێت كە عیراق نیشتمانی ئەوانە".
یەكەم سەردانی پاپا بۆ عیراق، لە 5ـی ئاداری 2021 دەستیپێكرد و چوار رۆژی خایاند، لەو ماوەیەدا جگە لە بەغدا، هەریەك لە نەجەف، بابل، هەولێر و نەینەوای بە سەركردەوە، تا گەڕانەوەی بۆ ئیتاڵیا لە 8ـی هەمان مانگدا.
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی فەرمی (ڤاتیكان نیوز) پاپای ڤاتیكان لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە "عیراق مەڵبەندی شارستانیەت و كریستیانە"، بەڵام لە روداوەكانی ساڵانی رابردوو نیگەرانە و سوپاسی كریستیانەكانی كرد لەكاتی نەهامەتی و ریشەكێشكردنیاندا باوەڕیان بە بە ئایین و ئینجیل لە دەستنەدا.
"لەبەردەم ئازار و شەهیدبونی ئەوانەدا سەردادەنەوێنم كە بە ژیانیان باوەڕی خۆیان پاراست، وەك چۆن مەسیح بۆ خۆشەویستی خوێنی رژا، دواتر ئاشتەوایی و گەشەكردنی كڵێسای لێكەوتەوە، هیوادارم خوێنی ئەم شەهیدانەش كە سەر بە كلتوری جیاوازن و لە قوربانیداندا یەكن، ببێتە تۆوی یەكگرتویی نێوان كریستانەكان و نیشانەی بەهارێكی نوێی ئیمان بێت".
پاپا ستایشی كڵێساكانی عیراقی كردووە بەهۆی پەیوەندی برایەتی و دروستكردنی چەندین تۆڕی هاوكاری لە چاودێری و خزمەتكردنی خەڵكانی هەژاردا.
هەروەها هانیان دەدات "لەسەر ئەو رێگایە بەردەوام بن، لەڕێی دەستپێشخەری دیار و دیالۆگی بەردەوام و خۆشەویستی برایانە كە بەهۆیەوە بەرەو یەكگرتوویی تەواوەتی هەنگاوبنێن"، پاپا دەڵێت "لە نێو ئەو گەلەی روبەڕوی دابەشكاری و ناكۆكی زۆر بونەوە، كریستیانەكان وەك نیشانەیەكی نەبەوی بۆ یەكگرتوویی لە هەمەچەشنیدا دەدرەوشێتەوە".
پاپا فرانسیس جەختیكردەوە كریستیانەكان پێكهاتەیەكی سەرەكین لە كۆمەڵگەی عیراقی.
"كریستیانەكانی عیراق پەیامێكی تایبەتیان هەیە كە گرەنتی ئەوەدەكات ئایینەكان لە خزمەتی برایەتیدا بن و ئەركیان بێت دیالۆگ بكەن، چونكە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ توندەڕەوی كە مەترسی لەسەر پەیڕەوانی هەر ئایینێك و ئاشتی دروستدەكات" پاپا وای وت.