ئەو ئاوارانەی قەزای شنگال كە لە كەمپەكاندا لە دهۆك دەژین، رەتیدەكەنەوە ئامادەی گەڕانەوەبن بۆ زێدی خۆیان، تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبیت كە خانووە روخێنراوەكانیان بۆ نۆژەنبكرێتەوە و خزمەتگوزاریی كارەبا، ئاو و رێگەوبانیان بۆ بكرێت.
ئەو داواكارییەی ئاوارەكان هاوكاتە لەگەڵ هەوڵی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، لەو چوارچێوەیەشدا نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا لە 28ی شوبات گەیشتە شنگال و لەگەڵ لایەنی ئەمنی كۆبۆوە، بۆ كارئاسانیكردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.
مەلو شەمۆ، ئاوارەیەکى قەزاى شنگالە و نزیکەى هەشت ساڵە لە کەمپى باجید کەنداڵا دەژیت لە قەزای سێمێڵ لە پارێزگای دهۆك، بە (كەركوك ناو)ی وت "با بچن خانوو و شەقام و شوێنە گشتییەکان نۆژەنبکەنەوە، ئینجا داوای گەڕانەوە لە ئێمە بكەن، ئەوكات بەدڵنیاییەوە دەگەڕێنەوە".
ئەو رەخنەی گرت و پێیوایە هەوڵەكان جددی نین، "دەیانجار بەڵێنیانداوە و باسی پڕۆژەی خزمەتگوزارییان كردووە، بەڵام هەر قسەی سەر كاغەزە... بچن سەیری شنگال بكەن و بەراوردی بكەن بە پێش هاتنی داعش هەر شارەكە ناناسنەوە لە وێرانەییدا، خەڵك بۆ كوێ بگەڕێتەوە؟".
مەلو شەمۆ، زیاتر وتی "28 ملیار دینار بەشی چی دەكات، تەنانەت بەشی نۆژەنكردنەوەی چەند شەقامێكیش ناكات، چەند ساڵە سەدان ملیار خەرجكراوە و هیچ نەگۆڕاوە".
28 ملیار دینار بەشی چی دەكات، تەنانەت بەشی نۆژەنكردنەوەی چەند شەقامێكیش ناكات
ئەوەش دوای ئەوە هات كە كۆتایی ساڵی رابردوو حكومەتی عیراق بڕیاریدا بە دابینكردنی 28 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال و پارێزگارى نەینەواش لیژنەیەکى تایبەتی بۆ چۆنیەتى خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە پێکهێناوە.
عەلى مچۆ، خەڵکى کۆمەڵگاى سیبا شێخدرە لە شنگال و لە کەمپى شاریا لە دهۆك لە ئاوارەییدا دەژیت، وتی "خانوەکانمان لە سەردەمى داعشدا وێران بون، ئێمە ناتوانین نۆژەنیانبكەینەوە، لە هەموشی خراپتر خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبایان نییە، بەوشێوەیە ناتوانین بگەڕێینەوە".
دەیان هەزار هاوڵاتی خەڵكی شنگال لە باكوری خۆرئاوای موسڵ لە پارێزگای نەینەوا، كە زۆرینەیان ئێزیدین لە ئابی 2014 ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشت و ئاوارەبون، ئەوەش دوای هێرشی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش).
بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، هێشتا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا هەن و لەو ژمارەیە سەدا 30یان ئێزیدین، بەشێكیان لە 26 كەمپ لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.
عەلى عومەر گەعبۆ، جێگری پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى ئاوارەکان پێشتر لەبارەی سەردانەكەی پارێزگاری نەینەوا بۆ شنگال، بە (کەرکوک ناو)ى وت "سەرقاڵى دۆزینەوەى چەند رێگایەکى نوێین بۆ گەڕاندنەوەى تەواوی ئاوارەکانى شنگال، بۆ ئەم مەبەستەش چەند کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمنى شنگال و هەروەها حکومەتى هەرێم و رێکخراوەکان ئەنجامداوە، سەردانەكەی پارێزگاری نەینەواش بۆ شنگال هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە".
وتیشی "دەمانەوێت هەموو ئاوارەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان، پارێزگارى نەینەواش زۆر جەختى لەم بابەتە كردۆتەوە".
دەمانەوێت هەموو ئاوارەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان
هەدیا عەلى ئیبراهیم دربۆ (30ساڵ) خەڵکى خانەسورە و ئەویش لە کۆمەڵگەی شاریا لە ئاوارەییدا دەژیت و دایكی منداڵێكە، وتی "ئاگادارنین پارێزگاری نەینەوا هەوڵی گەڕاندنەوەی ئێمە بدات بۆ شێنی خۆمان، بەڵام خانووەكانمان وێرانەن و ناتوانین خۆمان نۆژەنیان بكەینەوە، لێرە خێوەتێكمان هەیە و تیای دەژین، دەترسین بگەڕێینەوە خێوەتیشمان پێنەدەن".
ئەو لە كۆمەڵگای شاریا لە نانەواخانەیەك كاردەكات، وتی "لێرە ئیش دەكەین و راهاتوین، هیچ كێشەیەكی ئەمنیشمان نییە، هەشت ساڵە توشی هەزاران ناخۆشی بوین تازە دەڵێن بگەڕێینەوە".
هەدیا بە دەنگێكی بەرزتر وتی "نە بە قسەی پارێزگار، نە بە قسەی هیچ كەسێكی تر ناگەڕێینەوە، هەنگاوی كردەییمان دەوێت".