لە بازگە سەرەكییەكانی كەركوك؛ "بە هەڕەمەكی و بێ هیچ پسوڵەیەكی رەسمی"، پارە لە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی پڕ لە خۆراك و شمەكی جیاواز وەردەگیرێت، لەكاتێكدا ئەو هەنگاوە بۆ بەشێكیان نایاساییە و پێشتر گومرگ كراون، بەڵام هەندێكیش لەو بەرهەمانە قەدەغەیان لەسەرە و بە قاچاغ هاوردە دەكرێن.
هەرچەندە ئەو تۆمەتە زیاد لە كاسبكار و بازرگانێكی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) جەختی لێدەكەنەوە، بەڵام لایەنی ئەمنی و بەرپرس لە بازگەكاندا، بە توندی رەتیدەكەنەوە.
ئەو كێشەیە زیاتر لە دوای گردبونەوەی ناڕەزایی خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە قسەی لەسەر دەكرێت، كاتێك بۆ جاری دوەم لەماوەی هەفتەیەكدا چونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی كشتوكالی كەركوك و لە دوایینیاندا چوارشەممە 2ـی ئاداری 2022 داوایانكرد، لە بازگەكاندا رێگرییان لێنەكرێت.
"بازگەکان بەئاشکرا داوای بەرتیل و پارەمان لێدەکەن، ئینجا رێگە دەدەن کە مریشکەکانمان بھێنینە ناو شارەوە" محەمەد نیزام، خاوەنی کێڵگەی پەلەوەر لە كەركوك و یەكێك لە خۆپیشاندەران بۆ (كەركوك ناو) وای وت. لەكاتێكدا دەڵێت نوسراوی ئیدارەی كەركوكیان هەیە تا رێگەبدرێت بەرهەمەكانیان لە ناوشاردا ساغبكەنەوە.
ژمارەیەك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان لە ناوچەكانی دەوروبەری ناو سنوری پارێزگای كەركوكەوە دەیانەوێت مریشك و هێلكە ببنە ناوشار و لەوێ ساغیبكەنەوە، هەندێكیشیان لە سلێمانی و هەولێر و شارەكانی دیكەوە هەوڵدەدەن بەرهەمەكانیان ببەنە كەركوك.
تاھیر ساڵح، یەكێك لەو بازرگانانەی كە مریشك بە كۆ (جوملە) لە كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكڕێت، بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهۆی رێگریی بازگەكانەوە ئێمەش ناچارین نرخی مریشك بەرزبكەینەوە، لەوەشدا هاوڵاتیان زەرەر دەكەن".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) نرخی مریشك لە كەركوك تاڕادەیەك جێگیرە و یەك كیلۆی لە نێوان دوو هەزار و 900 بۆ سێ هەزار دیناردایە.
لە بەرانبەر تێپەڕینی هەر بارێكدا دەبێت بڕی 500 تا 700 دۆلار پارە بدەین بە بازگەكان
خالید محێدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە بۆ قەدەغەی هێنانی هێلكە و مریشك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كەركوك كە هێشتا كاری پێدەكرێت و بڕیاری دیكە دەرنەچووە رێگە بە هاوردەكردنیان بدات، بۆیە هەموو بازگەكانی كەركوك لەگەڵ سلێمانی و هەولێر رێگری لە هێنانی ئەو بەرهەمانە دەكەن".
بە وتەی بەشێك لە بازرگانەكان؛ لە بازگەكانی كەركوك لەگەڵ سلێمانی، هەولێر، بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و خواروی عیراق "بڕە پارەی جیاواز" لە بەرانبەر تێپەڕینی شمەك و پێداویستی رۆژانەی بازاڕ وەردەگیرێت، بە مریشك و هێلكەشەوە كە هەندێكیان قەدەغەیان لەسەرە.
"لە بەرانبەر تێپەڕینی هەر بارێكدا دەبێت بڕی 500 تا 700 دۆلار پارە بدەین بە بازگەكان، لەكاتێكدا كێڵگەی پەلەوەری ئێمە لە ناحیەی لەیلانە و سەر بە پارێزگاكەیە، واتە قەدەغەی لەسەر نییە و دەبێت بێ كێشە بیبەینە ناوشار" بەوتەی محەمەد جەلال، خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری لە كەركوك، كە جەختیكردەوە "ئەگەر لە لەیلانەوە (19كم باشورى خۆرهەڵاتی كەركوك) هلێلكە و مریشك بگوازینەوە بۆ ناوشار دەبێت سەرانە بدەین".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) تەنیا كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەو كێشەیەیان نییە، بەڵكو بەشێك لە بازرگانانی كەرەستەی كارەبایی و شمەكی دیكەش لە مامەڵەی بازگەكان ناڕازین.
عەلی دەروێش، بازرگانی كەلوپەلی كارەبایی ناوماڵە و دەڵێت "هەرچەندە نوسراوی گومرگی و هەموو بەڵگەنامەكانی تێپەڕینی كەلوپەلەكانمان هەیە، بەڵام لە بازگەكاندا راماندەگرن و هەر دەبێت پارە بدەین، ئەوەش بە ویستی ئەوانە و بە هەڕەمەكییە، لە 300 دۆلار تا 500 دۆلار بۆ هەر بارهەڵگرێك كەلوپەل وەردەگرن"، هەروەها بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "ئەگەر پارەكە نەدەین ئەوا بە ئارەزوی خۆیان كەلوپەل دەردەكەن و دەیبەن".
هاوكات بازرگانێكی دیكەی كەركوك كە یاری منداڵان و پاسكیل هاوردە دەكات بە (كەركوك ناو)ـی وت "بارهەڵگرێك پاسكیلمان بۆ هاتبوو لە بەسرەوە، لە بازگەی نێوان داقوق و تازە داوای بڕی 500 دۆلاریان لە شۆفێرەكە كردبوو، بە پاساوی ئەوەی هێنانی پاسكیل رێگەپێدراو نییە".
بەوتەی ئەو كەسانەی باس لە وەرگرتنی پارە لە بازگەكاندا دەكەن، هیچ نوسراو یان پسوڵەكیان پێنادرێت كە بیسەلمێنێت پارەیان لێوەرگیراوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت هەر كەسێك تۆمەتی وەرگرتنی "بەرتیل و سەرانە" ئاراستەی بازگەكان دەكات، دەتوانێت بەڵگە پێشكەشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان بكات و ئەوكات فەرماندەیی لەگەڵ ئەواندا دەبێت و بەدواداچون دەكات.
بازگەكانی كەركوك لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكدایە.
سەرچاوەكە ئەمنییەكە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "رێنمایی توندی حكومەت هەیە كە رێگەنەدرێت بە هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لە پارێزگاكانی دراوسێی كەركوك لەنێویاندا هەولێر و سلێمانی، هەمان رێكار لە نەینەواش دەگیرێتەبەر بۆ رێگریی لە قاچاغ".
ئەو سەرچاوەیە رونیكردەوە رێنماییەكە لە بازگەكانی پردێ لەسەر رێگای هەولێرو بازگەی قەرەهەنجیر لەسەر رێگای سلێمانی و دەروازەی چیمەن جێبەجێدەكرێت.
هەندێك لە خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كەركوك، ستایشی قەدەغەی هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لە پارێزگاكانی ترەوە دەكەن، بە مەرجێك ئەو قەدەغەیە گواستنەوەی بەرهەمی كێڵگەكانی سنوری پارێزگاكە بۆ ناوشاری كەركوك نەگرێتەوە.
محەمەد ئەحمەد، خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە پارێزگاكە 400 كێڵگە هەن و شوێنی كاركردنی سەدان هاوڵاتی كەركوكە.. بەڵام ئەوەی بەربەستە لەبەردەمماندا بە قاچاغ هێنانی بەرهەمی پەلەوەرییە لە هەرێمی كوردستانەوە، كە كاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دادەنێت" لەكاتێكدا بەوتەی محەمەد كێڵگەكانی كەركوك پێداویستی ناوخۆیی پڕدەكەنەوە.
قاچاغێكی زۆر لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پردێ هەیە
لە كەركوك زیاتر لە 400 کێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەر ھەن، کە دەکەونە لەیلان، شوان و حەویجە و چەند ناوچەیەكی تر.
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری كەركوك داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كارئاسانی بۆ گواستنەوەی بەرهەمی مریشك و هێلكە بكەن بۆ ئەو كەسانەی رێگەپێدان و نوسراویان پێیە دەیسەلمێنێت كێڵگەكانیان لە پارێزگای كەركوكە، "بەرهەمی ژمارەیەك لە كێڵگەكانی كەركوك لە بازگەی دارەمان لە پردێ چەند رۆژێكە راگیراون و رێگەنادرێت بهێننە ناوشار" خالید محێدین وادەڵێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (كەركوك ناو) "قاچاغێكی زۆر لە پارێزگاكانی هەرێمەوە بەرەو پردێ (باكوری كەركوك) هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە مریشك، مانگا و مەڕو ماڵات هاوردەدەكرێن بەناوی ئەوەی موڵكی خەڵكی پردێن، بەڵام لە راستیدا لە وڵاتانی دیكەوە دەهێنرێنە هەرێم و لەوێوەوە بۆ كەركوك و پارێزگاكانی تری عیراق دەبرێن... تەنیا لە یەك رۆژدا دوو هەزار سەر مەڕ و ماڵات هێنراونەتە پردێ".
كەركوك لەگەڵ سلێمانی، هەولێر، نەینەوا و سەڵاحەدین زیاتر لە پێنج دەروازەی سەرەكیی هەیە.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناڕەزایی خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانمان پێگەیشتووە، بەڵام رێنمایی وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییدا رێگری لە هاوردە بكرێت، بۆیە تەنیا هەوڵدەدەین بەربەستی بەردەم گواستنەوەی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگاكە نەهێڵین".
رێكخراوەكانیش هەندێكجار لە بازگەكاندا روبەڕوی گرفت دەبنەوە.
كارمەندی رێكخراوێكی خێرخوازی كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناوەڕاستی كانونی دوەمی ئەمساڵ سێ بارهەڵگر خۆراك و بەتانی و سۆپامان لە بەغداوە هێنا بۆ ئاوارەكانی كەمپی عەربەت لە سلێمانی، بەڵام لە بازگەی ناحیەی تازە رێگرییان كرد و داوای بڕی هەشت ملیۆن دیناریان كرد، بە پاساوی ئەوەی بەتانییەكان بەڵگەی هێنان و گومرگییان نییە، بۆیە دەستیانگرت بەسەر نزیكەی 300 بەتانیدا، لەكاتێكدا كاتێك هاوردەی هیراق كراوە لە بەندەری ئوم قەسر-ـی بەسرە گومرگ كرابوو".
ژوری بازرگانی كەركوك داوای لە هەموو بازرگانان كردووە هیچ بڕە پارەیەك بە بازگەكان نەدەن.
عومەر مامۆ، جێگری بەرێوەبەری ژوری بازرگانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو بڕە پارەیەی وەردەگیرێت بەناوی گومرگەوە یاسایی نییە، چونكە ئەو كەلوپەلانەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەهێنرێنە كەركوك، لە سنورەكان و كاتی هاوردەكردنیاندا گومرگ كراون، هەمویان بەڵگە و نوسراوی رەسمییان هەیە".
هەفتەی رابردو ژوری بازرگانی لەگەڵ ئیدارەی كەركوك و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا كۆبونەتەوە، بەوتەی مامۆ، پێشنیازیان كردووە نوێنەری ئەوان و لایەنی ئەمنی بە هاوبەشی مامەڵەی تێپەڕینی كەلوپەل بەڕێبكەن، بەوپێیەی لیستی بەرهەم و كەلوپەلی قەدەغەكراوی وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ بەدەست ئەوان دەگات و ئاگادارن رێگری لە چی بكرێت و لە چی نەكرێت، بەڵام هێشتا كار بەو پێشنیازە نەكراوە.