"وەرگرانی ڤاكسین زیادیكردووە"
تەلەعفەر.. حكومەت و رێكخراو و عەشیرەتەكان بە یەك تیم كاردەكەن  

نەینەوا/ 2021/ هاوڵاتییەكی تەلەعفەر ژەمی دوەمی ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرێت فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی تەلەعفەر

كەركوك ناو – نەینەوا

"چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ژەمی یەكەمی ڤاكسینم وەرگرت و وائەمڕۆ لێرەم بۆ وەرگرتنی ژەمی دوەم، لە پێناو سەلامەتی خۆم و خێزانەكەم و كۆمەڵگە، داواكارم هەموان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆیان بكوتن" عەدنان عومەر، لەكاتی سەردانیكردنی نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر وای وت.

هەروەها بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "فەرمانبەرانی تایبەت بە پێدانی ڤاكسین زۆر هاوكارن، بە رێز و میهرەبانییەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەكەن" ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی نەخۆشخانە، "لە مانگەكانی رابردودا ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین زیادیكردووە، بەتایبەت لەنێو خوێندكارانی قوتابخانە و زانكۆ و فەرمانبەراندا".

قەزای تەلەعفەر سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 524 هەزار كەسن، لەناوەندی قەزاكەدا توركمان و لە ناحیەكانی دەوروبەریدا عەرەبی سونە و كورد دەژین.

ئەو ناوچەیە سێ ساڵ لەژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"ـدا بوو، سەدان هاوڵاتی قەزاكە رفێنران، لە نێویاندا ژن و منداڵ، جگە لە وێرانكاری شەڕ و لەوكاتەوەی كۆنتڕۆڵكراوەتەوە یەك نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكانی تر لە ناحیەكاندا پێشوازی لە هاوڵاتیان دەكەن.

 

ڤیدیۆ: هەڵمەتی رشتنی دەرمان و ماددەی پاككەرەوە لە بازاڕەكانی تەلەعفەر، بە بەشداری تیمی بەرگری شارستانی و هەماهەنگی كەرتی تەندروستی و حەشدی شەعبی و خۆبەخشانی گەنجانی شار

لە تەلەعفەر هەوڵەكان یەكدەخرێن؛ حكومەتی خۆجێیی و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان و شوێنە ئایینییەكان و زانكۆ و عەشیرەتەكان پێكەوە رێگریی لە تەشەنەسەندنی زیاتری كۆرۆنا دەكەن.

عەشیرەتەكان لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە لە عیراق، لە شوباتی 2020ـەوە هەڵمەتی فراوانیان هەبووە بە بەخشینی دارایی بە ئامانجی دروستكردنی ناوەندی تەندروستی بۆ هێشتنەوە و چاودێری توشبوان، لەگەڵ دابینكردنی پێداویستییەكان، ئەوەش لەڕێی پێكهێنانی لیژنەیەك لە كەسایەتییەكانی شارەكە بۆ سەرپەرشتیكردنی بەخشینەكان و چاودێری رێكارە رەسمییەكان و پێشكەشكردنی پاڵپشتی و هاوكاری بۆ دامەزراوە تەندروستییەكان و دانانی خەڵكی خۆبەخش تا لەگەڵ فەرمانبەرانی ئەو كەرتەدا كاربكەن.

لیژنەی عەشایەری لە هەوڵەكانیاندا دەیانویست هاوڵاتیان پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن؛ لە نێویاندا دوركەوتنەوە لە كۆبونەوە و نەهێشتنی دانانی پرسە و ئاهەنگگێڕان تا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر نەبێت.

شوێنە ئایینییەكانیش لەڕێی بڵندگۆوە هانی هاوڵاتیانیان دەدا پابەندی بڕیارەكەی شانەی قەیرانەكانی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا ببن.

هاوڵاتییەكی قەزاكە بە كڕینی سێ ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشداری لە هەوڵەكانی رێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاكەدا دەكات، ئەوەش دوای بڵاوبونەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبێتە جێی دەستخۆشی و ستایشی هاوڵاتیان، هەروەها دەرمانخانە ئەهلییەكان بە دابەشكردنی خۆڕایی دەمامك هاوكاربون.

دەستپێشخەری تیمە خۆبەخشەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بە رێكخستنی كۆڕ و هەڵمەتی هۆشیاری و دابەشكردنی دەمامك بەسەر هاوڵاتیاندا لە ناوچە جیاوازەكانی تەلەعفەر دەستپێكرد، لە چێشتخانە و بازاڕە قەرەباڵغەكاندا، لەكاتێكدا رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ماددەی پاككەرەوەیان لە هەندێك گەڕەكی شارەكەدا دابەشكرد.

"چەندین هەڵمەتی هۆشیارییمان رێكخستووە و سەدان بڵاوكراوەمان لە ناوچە جیاجیاكانی تەلەعفەر دابەشكردووە تا هانی هاوڵاتیان بدەین ڤاكسین وەربگرن و پابەندی رێكارە خۆپارێزییەكانی دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی بن لە پێناو رێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری كۆرۆنا، ئەوەش لەكاتێكدایە كەرتی تەندروستی بەهۆی كەمی بودجەوە دەناڵێنێت" حەسەن عەبدوڵا، چالاكوانی مەدەنی لە تەلەعفەر وادەڵێت.

عەبدوڵا بە (كەركوك ناو)ـی وت "تیمەكانی هۆشیاری و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵی زۆریانداوە هاوڵاتیان هۆشیاربكەنەوە، لەڕێی سەردانیكردنی ماڵی هاوڵاتیان و هاندانیان بۆ گرنگی پابەندبون بە رێكارەكانی خۆپارێزی، لە پێناو پاراستنی ژیانی و سەلامەتییاندا".

رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ IOM هەندێك پێداویستی پزیشكی بۆ دوو ناوەندی تەندروستی دابینكردووە، لەنێویاندا پاككەرەوەی دەست و داپۆشەری روخسار، بۆ هاوكاریكردنی ئەو پزیشك و پەرستارانەی چارەسەری توشبواكنی كۆرۆنا دەكەن خۆیان پارێزراو بن.

 

وەرگرانی ڤاكسین رۆژانە لە زیادبوندایە

"ناوەندی كوتان لە نەخۆشخانەی تەلەعفەر تەواوی رۆژەكانی هەفتە ڤاكسینی كۆرۆنا بە هاوڵاتیان دەدات و هەندێك رۆژ ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین 100 هاوڵاتی تێدەپەڕێنیت" بەوتەی دكتۆر جەعفەر موحسین، پزیشك لە تەلەعفەر.

هەروەها ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت "فەرمانبەرانی تەندروستی لە ناوەندی كوتان لە هەمانكاتدا هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیانیان هەیە دەربارەی گرنگی وەرگرتنی ڤاكسین لە پێناو گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی پارێزراو لە كۆرۆنا".

-53
نەینەوا/ كانونی دوەمی 2022/ خۆبەخشێك لە تەلەعفەر هانی هاوڵاتیان دەدات ڤاكسین وەربگرن فۆتۆ: راگەیاندنی تیمی خۆبەخشی

موحسین جەختیكردەوە پێویستە هاوڵاتیان پابەندی وادەكانی وەرگرتنی ڤاكسین بن، وەك لە كارتی پێدانی ڤاكسینەكەدا نوسراوە.

پەیامنێری (كەركوك ناو) نەیتوانی رێژەی سەدی وەرگرانی ڤاكسینی لە تەلەعفەر دەستبكەوێت، سەرباری پەیوەندیكردنی بە تەندروستی قەزاكە و نەینەواش، كە بەوتەی ئەوان لە وەزارەتی تەندروستییەوە رێنماییان پێگەیشتووە رێژەكە ئاشكرانەكەن.

بەپێی ئیدارەی نەخۆشخانەی گشتی تەلەعفەر "رۆژانە بە تێكڕایی 10 بۆ 12 حاڵەتی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكەیاندا تۆماردەكرێت، ماوەماوەش مردن بەوهۆیەوە هەیە، كە زۆرینە خەڵكی شنگال و ناحیەی سنونێن، بەوپێیەی نەخۆشخانەكە تەنیا بۆ تەلەعفەر نییە و پێشوازی لە هاوڵاتیانی خۆرئاوای نەینەوا بە گشتی دەكات".

هەروەها بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، زانكۆی تەلەعفەر بەردەوامە لە كۆڕ و كۆبونەوەی زانستی دەربارەی پێویستی وەرگرتنی ڤاكسین و رۆڵی لە سنورداركردنی بڵاوبونەوەی پەتاكەدا.

 

رۆڵی پڕوپاگەندە و جۆرەكانی

"پڕوپاگەندە و گومان كاریگەری لەسەر هەندێك كەس داناوە، من یەكێكم لەوانە، ئەوەش دەربارەی ڤاكسینی كۆرۆنایە، بەڵام من دواتر چوم بۆ بنكەیەكی تەندروستی تا ڤاكسین وەربگرم و خۆم لە كۆرۆنا بپارێزم" رەند عەلی، كچە خوێندكاری زانكۆ لە تەلەعفەر وای وت.

-54
نەینەوا/ پشكنینی گەرمی جەستەی هاوڵاتیان لەكاتی سەردانیكردنی فەرمانگە حكومییەكاندا بۆ ئاشكراكردنی توشبوانی كۆرۆنا فۆتۆ: كەركوك ناو

بەوتەی رەند بۆ (كەركوك ناو) "هەندێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رۆڵێكی نەرێنییان هەبوو، بەڵام راستییەكە بە زوویی دەركەوت و هاوڵاتیان رویانكردە وەرگرتنی ڤاكسین"، هەروەها رونیكردەوە "رێكارەكانی وەرگرتنی ڤاكسین هیچ بەربەست و قورسییەكی تیا نییە و هەموان دەتوانن خۆیان بكوتن".

لە بەشێكی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، لەكاتی بەرهەمهێنانی ڤاكسین و تا گەیشتنی بە عیراق، پڕوپاگەندەیان بۆ وازهێنان لە ڤاكسین بڵاوكردەوە بە پاساوی ئەوەی دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن یان نەزۆكی و لێكەوتەی دیكەی دەبێت، ئەوەش وای لە بەشێكی هاوڵاتیان كرد خۆیان نەكوتن.

 

وێنەی ژمارەیەك هاوڵاتی قەزای تەلەعفەر و ناوچەكانی دەوروبەری لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT